ووتاری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە ڕۆژی ژینگەی كوردستاندا



ووتاری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە ڕۆژی ژینگەی كوردستاندا

 shna.amin@univsul.edu.iq

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە میانی بەشداریكردن لە ڕۆژی ژینگەی كوردستاندا كە بەشی جوگرافیای كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەكان بە هاوكاری بەشی ڕاگەیاند ،سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 16/4 سازیكردبوو و تێیدا چەندین سیمینار لەلایەن كەسانی پسپۆر و شارەزاوە پێشكەشكرا و سەرۆكی زانكۆش لە ووتارێكدا ڕایگەیاند، كە ئەمەش دەقی ووتارەكەیە :

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەیانیتان باش

ئەمڕۆ رۆژی16/4 ڕۆژی ژینگەی كوردستانە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی كیمیابارانی دۆلی جافایەتی كە لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕوخاوەوە لە ساڵی 1987وە بە چەكی كیمیایی بایۆلۆجی نەك تەنها مرۆڤەكانی  ئەو ناوچەیە بەڵكو ئاوو هەوا و خاك و هەوا و گیانەوەر و تەنانەت ڕوەكی ئەو ناوەشیان وێرانكرد.

وەكو لای بەڕێزتان ڕوونە ئەمڕۆ بۆ بابەتێك كۆبوینەتەوە كە زۆرترین قسەوباس هەڵدەگرێت لە دنیای ئەمڕۆدا چۆنێتی پاراستی ژینگە و چارەسەركردنی ژینگەی شێوا و گەورەترین خەمی مرۆڤایەتییە.

دیارە پاراستنی ژینگە و دەوروبەر لە ڕووی ئەكادیمی و توێژینەوەوە جوڵەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە  توێژەرانی ئەم بوارە هەمیشە لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی ژینگەدان و لەلایەكی تریشەوە مرۆڤەكان هەمیشە خەریكی پیسكردنی ژینگەن و مرۆڤ خۆی بە گەرەترین سەرچاوەی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت.

بەڕێزان...

هەروەك و چۆن پاراستنی ژینگە لە پیسبوون كارێكی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی و ئەخلاقییە لەهەمان كاتدا كارێكی ئاینیە، لەسەرجەم كتێبە ئاسمانی و فەرموودەكانی پێغەمبەراندا ئاماژە بە پاك و خاوێنی ژینگە دراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەگەڵ هەردوو وەزاەتی پەروەردە و ئەوقاف كەمپینی هۆشیاری ژینگەییان ڕاگەیاندووە لە 14-16/4 ی ئەمساڵ بۆ هۆشیاركردنەوەی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵ بۆ ئەوەی هەموومان پارێزگاری لە ژینگەی كوردستان بكەین.

مامۆستایانی خۆشەویست...

ئەگەر بڕوانینە سروشتی كوردستان دەبینین یەكێكە لە جوانترین و دڵڕفێنترین ووڵاتەكانی دونیا لە ڕووی هەبوونی شاخ و دۆڵ و دەشت و سەرچاوەی ئاوی شیرین و كانیا، بۆیە دەبێت هەموومان هەوڵبدەین بۆ نەهێشتنی سەرچاوەكانی پیسبوونی ژینگەی كوردستان ئەویش بە دووبارە بەكار هێنانەوەی پاشماوەكان و پاشەڕۆكان یان گۆڕینی پاشماوەكان لە جۆرێكەوە بۆ جۆرێكی تر  وە یان بچوككدنەوەی پاشماوەكان، وە دەبێت هەوڵبدەین لە پێناو زیادكردنی رێژەی سەوزایی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی كارێكی گرنگە بۆ نە هێشتنی پیسبونی ژینگەی كوردستان  و وە بەكارهێنانی ئەو كەرەستانەی كە بە زوویی شیدەبنەوە لە جیاتی پلاستیك .واتە ئەو كەرەستانەی كە هاوڕێی ژینگەن.

هۆكارەكانی پیسبونی ژینگە:

-1     سوتانی دارستانەكان بۆ ماوەیەك دورودرێژ.

-2      هەندێك لە كارەاتە سروشتییەكان وەك لافا و بومەلەرزە.

-3     پیسبونی ئاو و هەوا و خاك.

-4      پیسبونی بە ئیش.

-5      پیسبون بە چەكی كیمیایی. 

لە كۆتایدا دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم سیمینارە دەكەم و سەری ڕێز و  نەوازش دادەنەوێنین بۆ گیانی پاكی شەهیانی كورد و كوردستان.

سەربەرزی و سەركەوتن  بۆ هێزی  پێشمەرگەی كوردستان.

ئێوەش هەر سەركەوتووبن..

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی

16/4/2017





 2017-04-16
 447