ئێوارە خوانێك بۆ خوێندكارانی بەشەناوخۆییەكانی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی رێكخرا



ئێوارە خوانێك بۆ خوێندكارانی بەشەناوخۆییەكانی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی رێكخرا

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

ئێوارەی ئەمڕۆ 18-6-2017، بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و هەریەك لە یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ ، كۆمیتەی رێكخستنی زانكۆ بە هاوكاری كۆمپانیای نۆكان ئێوارە خوانێكی بۆ خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكانی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی رێكخست.
 
 ئێوارە خوانی ئەمڕۆش تایبەت بوو بە خوێندكارانی بەشی ناوخۆیی كوڕان لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، كە بەشێوازێكی رێكخراو بەبێ جیاوازی سەرجەم خوێندكاران بەشدارییان تێداكردو پێكەوە وەك یەك خێزان ئێوارە خوانێكی خۆشیان پێكەوە بەڕێكرد.
هەرلەو بارەیەوە بورهان عبدولرەحمان لێپرسراوی كۆمیتەی زانكۆی سلێمانی بە وێب سایتی فەرمی زانكۆی سلێمانی راگەیاند: ئێمە وەك  كۆمیتەی رێكخستنی زانكۆ سەربە مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی بە هاوكاری ڕاستەوخۆی كۆمپانیای نۆكان ئەم ئێوارە خوانەمان بۆ خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی رێكخستووە، وتیشی: ئەم ئێوارە خوانە بۆ هەموو خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانییە بەبێ جیاوازی، كە بەسێ  قۆناغ جێبەجێی دەكەین كە قۆناغی یەكەم دوێنێ ئەنجامماندا كەلە كەمپە كۆنەكەی زانكۆ بوو بۆ كوڕان و كچان، ئەم ئێوارەیەش تایبەت بوو بە بەشی ناوخۆیی كوڕان لە كەمپی نوێی زانكۆیە.
 
 راشیگەیاند: بڕیارە سبەینێش ئێوارە خوانێكی شایستە بۆ خوێندكارانی بەشی ناوخۆی كچان لە كەمپی نوێی زانكۆ رێكبخەن.  
 
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ئێوارە خوانانەی كە بۆ خوێندكاران رێكخراوە، نزیكەی 8 هەزار خوێندكار تێیدا بەشداری دەكات، كە سەرجەمیان خوێندكاری بەشە ناخۆییەكانن بە كوڕان و كچانەوە، وتیشی: ئامانجی سەرەكییمان ئەوەیە بە خوێندكارانی خۆشەویستی خۆمان بڵێین، ئێمە هەمیشە ئاگامان لێتان دەبێت، هەمیشەش پاڵپشتان دەبین بۆ ئەوەی كە هەمیشە سەركەوتووبن و ئایندەیەكی باشتان هەبێت و كەسانێكی بەسودبن بۆ وڵاتەكەتان .
 
هەمان كات خوێندكاران سوپاسی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی و كۆمیتەی زانكۆیان كرد بۆ رێكخستنی ئەو ئێوارە خوانە، هەروەها بەدەرفەتێكی باشیان وەسفكرد، بۆ زیاتر لێكترنزیكبوونەوەو یەكتر ناسینی زیاترو خزمەتكردنی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان، كە لە ئێستادا لە شارو كەسوكارو خێزانەكانیان دوورن.
 
 




 2017-06-18
 549