زانكۆی سلێمانی: كۆڕێكی ڕێزلێنان و یادكردنەوەی بۆ پڕۆفیسۆر عەلی تۆفیق ڕێكدەخات



زانكۆی سلێمانی: كۆڕێكی ڕێزلێنان و یادكردنەوەی بۆ پڕۆفیسۆر عەلی تۆفیق ڕێكدەخات

 shna.amin@univsul.edu.iq

لە مەراسیمێكی شایستە و بێوێنەدا لە هۆڵی كۆنفرانسی كۆلێجی زانست لە كەمپی نوێی  زانكۆی سلێمانی چلەی ماتەمینی پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی تۆفیق بەڕێوەچوو.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە یاوەری دكتۆر خەسرەو عەبدوڵا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانست و دكتۆر بەختیار قادر ڕاگری كۆلێجی زانست و دكتۆر بەختیار كەمال سەرۆكی بەشی كیمیا و ژمارەیەك لە كەسانی ئەكادیمی و هاوڕێ و بنەماڵەكەی و پەڕلەمانتاران  لە مەراسیمێكدا چلەی ماتەمینی دكتۆر عەلی تۆفیق بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەكەش بەدەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و پاشانیش چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی  بەخێرهاتنی هەموولایەكی كرد و ووتی: بەناوی سەرجەم مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانییەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی زانكۆ و هاوڕێ و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو كرد و هیوای خواست كە جێگەی بەهەشت بێت.

هەر لە درێژەی ووتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ووتی: ئەمڕۆ لە بیرەوەری مەراسیمی چلەی خوالێخۆشبوو پڕفیسۆر دكتۆر عەلی تۆفیق مامۆستای ماندوونەناس و دامەزرێنەری یەكەمین زانكۆی لەكوردستانی عێراق(زانكۆی سلێمانی) سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ گیانی پاكی، چونكە مێژووی ژیانی خوالێخۆشبوو پڕە لە سەروەری و هەر لە سەرەتای لاوێتیدا هیوای دروستبوون و دامەزراندنی زانكۆیەك بوو لەیەكێك لە شارەكانی كورستان بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتووی گەلەكەمان بتوانن لەناو شارەكانی كوردستاندا خوێندنی زانكۆیی تەواو بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش خوالێخۆشبوو توانی لە ساڵی 1968دا ڕۆڵێكی گرنگ و گەورەی هەبێت لە دامەزراندن و دروستكردنی زانكۆی سلێمانی و هەموو توانایەكی خۆشی خستەگەڕ لە پێناو دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی ئەو سەردەمە لە ڕووی بینا و كەسەرەتەوە.

لە مەراسیمەكە و لە درێژەی قسەكانیدا دكتۆر ڕەزا حەسەن ئاماژەی بەوەشدا كە خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی تۆفیق هەر لە سەرەتای دامەزراندنی زانكۆی سلێمانییەوە چەندین پۆستی گرنگی وەرگرتووە و توانییەتی هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتكردنی زانكۆ و بواری زانستی تەرخان بكات بۆیە داوا لە كۆلێجی زانست دەكەم یەكێك لە هۆڵەكانی خوێندن لە بەشی كیمیا بكرێت بەناوی ئەم پیاوە گەورەیەوە لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی زانكۆ وای ووت.

هەر لە مەراسیمەكەشدا لەلایەن چەند هاوڕێ و هاوپیشەیەكی خوالێخۆشبووەوە باس لە ژیان و خزمەتی پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی تۆفیق كرا لە ڕووی زانستی و نیشتیمان پەرەوەرییەوە، پاشانیش لە ڕێگەی كورتە فلیمێكەوە تیشكی زیاتر خرایەسەر ژیانی خوالێخۆشبوو.

پاشانیش لەو مەراسیمی چلەیەی كە بۆ پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی تۆفیق ڕێكخرابوو هەریەك لە دكتۆر بەختیار قادر ڕاگری كۆلێجی زانست و دكتۆر بەختیار كەمال سەرۆكی بەشی كیمیا ووتەیەكیان پێشكەشكرد كە تێیدا باسیان لەو نیوسەدە خزمەتە كرد كە خوالێخۆشبوو پێشكەشی بواری زانستی كردوو لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان و ووتیان ئێستا زانكۆی سلێمانی بەگشتی و كۆلێجی زانست بەتایبەتی لە ژێر دەستی ئەودا توانیویەتی خاوەنی چەندین دكتۆر و پڕفیسۆر بێت كە ئەمەش بێگومان دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ زانكۆ بە گشتی بۆیە جێی خۆیەتی لێرەوە و لەم یادەدا سەری رێز و وەفا بۆ ئەو پیاوە گەورەیە دابنەوێنین و بەڵێنی پێدەدەین كە بە باشترین شێوە خزمەت بە زانكۆی دایك بكەین لە ڕووی زانستی و مەعریفییەوە.

لە كۆتای مەراسیمەكەدا ووتاری بنەماڵە لەلایەن دكتۆر شوان عەلی تۆفیق خویندریەوە و ڕایگەیاند: بەناوی بنەماڵەی كۆچكردووەوە و بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانانەیكرد كەلەم ڕۆژەدا توانیویانە ئامادەبن و ووتی ئامادەبوونی ئێوە گەورەترین سەرمایەیە بۆ خانەوادەكەمان ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە خوالێخۆشبوو هەتا لە ژیاندا بووە بەردەوام خەمخۆری بواری زانستی و ئەكادیمی بووە و نیشتیمانپەروەریش بەشێكی گرنگی ژیانی داگیركردبوو، بۆیە لێرەوە سوپاس زانكۆی سلیمانی دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم مەراسیمە و لە كۆتایی قسەكانیشیدا ووتی بەڵێن دەدەین كە لە یادت نەكەین و درێژە پێدەری هەوڵەكنت دەبین لە بواری زانستیدا.

 جێی باسە پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی تۆفیق سەرلەبەیانی ڕۆژی2017/5/7 بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی سپارد.

 

 

 





 2017-07-02
 466