زانكۆی سلێمانی و زانكۆی ئیلام رێككەوتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كرد



زانكۆی سلێمانی و زانكۆی ئیلام رێككەوتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كرد

 kosar othman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 ئەمڕۆ4-7 وەفدێكی زانكۆی ئیلامی كۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی زانكۆی سلێمانی كردو لەلایەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆوە پێشوازییان لێكراو پاشان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی كۆبوونەوە .

سەرەتای كۆبوونەوەكەش پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەخێرهاتنی وەفدەكەی كردو كورتەیەكی لەمێژووی دروستبوونی زانكۆی سلێمانی بۆ وەفدەكە باسكرد، پاشان باسی لە پەیوەندییەكانی هەردوو زانكۆ كرد لەبواری زانست و زانیاریدا.

دواتر سەرۆكی زانكۆی ئیلام وێڕای سوپاسكردنی سەرۆكی زانكۆ و راگرەكان ، وتی: ساڵی ڕابردوو لەزانكۆی ئیلام توانیمان رەزامەندی بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی دەرەوەی وڵات بەدەستبهێنین، لە ئێستاشدا ئەم وەفدەی زانكۆی ئیلام، بۆ ئەوە هاتووین كە پەرەی زیاتر بەپەیوەندییەكانمان بدەین لەبوارە زانستییەكاندا.

وتیشی: كە پێشتر وەفدێكی زانكۆی سلێمانی سەردانی زانكۆی ئیلامی كردووەو تواناو ئاستی ئەو زانكۆیەیان بینیوە، باسی لەوەشكرد كە ئەوان بۆ كاروباری نێودەوڵەتی كاری زۆر باشیان لەگەڵ زانكۆكانی عیراقدا كردووەو خوێندكاریان وەرگرتووەو مامۆستاكانیان بانگهێشتكردوە تا بە زمانی خۆیان وانەكانیان پێبڵێنەوە.

سەرۆكی زانكۆی ئیلام وتیشی ئەم سەردانەمان یەكەمین سەردانە بۆ هەرێمی كوردستان، كە دەمانەوێت لەگەڵ سێ زانكۆی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەهێزمان هەبێت كە زانكۆی سلێمانی  یەكێكە لەو سێ زانكۆیە، جەختیشیكردەوە كە زانكۆی ئیلام گەورەترین زانكۆی پارێزگای ئیلامەو بە هاوكاری هەردوولا دەتوانین پەیوەندییەكی باش دروست بكەین.

ئاماژەی بەوەشدا، كە بەنیازن لەداهاتوودا كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی ئەنجامدەن و هیواشی خواست كە زانكۆی سلێمانی هاوكارییان بكەن و بەشداربن لەو كۆنفرانسەدا.

لای خۆشیەوە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، سوپاسی ئەو وەفدەی زانكۆی ئیلامی كرد كە زانكۆی سلێمانییان هەڵبژاردوە، تا لەبوارەجیاجیاكاندا هاوكاری یەكتر بكەن،لەبارەی كۆنفرانسەكەشەوە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتی: بەهەموو شێوازێك ئامادەین هاوكارتان بین بۆ سەرخستنی ئەو كۆنفرانسە كە بڕیارە بە هەرسێ زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی پێشكەش بكرێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی زانكۆی ئیلام رێكەوتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كرد بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین كاری هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو زانكۆدا.





 2017-07-04
 467