سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی جیۆلۆجیای كوردستان لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو



سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی جیۆلۆجیای كوردستان لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو

 kosar othman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 لە ژێر سەرپەرشتیاری پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەشی جیۆلۆجی کۆلێژی زانست لە زانکۆی سلێمانی و بە هاوبەشی کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان سەر لەبەیانی ڕۆژی 5-12 لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی  لە هۆڵی سیمینارەکان لە کۆلیژی زانست سێیەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی جیۆلۆجی لەژێر ناوی جیۆ كوردستان بەڕێوەچوو.

سەرەتای كۆنفرانسەكە بەچەند دەقیقەیەك وەستان  بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد پاشان دكتۆر دیاری عەلی محمد سەرۆكی لیژنەی ئامادەكارو سەرۆكی بەشی جیۆلۆجی بەخێرهاتنی میوانەكانی كردوو وتەیەكی پێشكەشكرد،دواتر وتاری دەستەی باڵای كۆمەڵەی جیۆلۆجی كوردستان لەلایەن ئەڵوەند محمد خوێندرایەوە .

هەر لەو كۆنفرانسەدا پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە وتەیەكیدا وتی دیارە ئەنجامدانی سێ هەمین كۆنفرانسێكی زانستی گەورە لەكاتێكدایە كەكوردستان و ناوچەكە بە قەیرانێكی گەورەی دارایی و سیاسی تێ ئەپەڕێت،مایەی خۆشحاڵییە بۆ زانكۆكەمان و سەرجەم مامۆستایان و توێژەرانی بواری زانستی جیۆلۆجی هەر بۆیە لێرەوە بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی دەستخۆشی لەسەرجەم لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس و سەرجەم توێژەرەكان دەكەم كە شەو و رۆژیان خستۆتە سەر یەك بۆ سەرخستنی ئەم كارە زانستییە جوانە.

لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتی ، زانكۆی سلێمانی خاوەنی چەندین توێژەری ئاست بەرزو كادری ئەكادیمی ناوازەن كە هیچیان كەمتر نییە لەتوێژەرانی وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا ،هەر ئەمەش وایكردووە كە زانكۆی سلێمانی بتوانێت لەم قەیرانەدا نەك هەر پارێزگاری لەئاستی زانستی خۆی بكات لەریزبەندی زانكۆكانی جیهاندا بەڵكوو لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا  كە زانكۆی سلێمانی بە گەورەترین قەیرانی دارایدا تێپەڕیوە هەم لەڕووی مووچەی مامۆستاكانی كە زەرەر مەندی یەكەمین لەسستمی پاشەكەوتی موچەدا هەم لەبودجەی زانكۆی سلێمانی بۆ ئاستێك كەنزیك بۆتەوە لەسفر لەچاو ساڵانی تردا،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی دوا ریزبەندی زانكۆكانی جیهان بۆ رانكین بەپێی دەزگای وێب مەتریك زانكۆی سلێمانی لەساڵی 2015 لەریزبەندی 14هەزارەكاندا بوو لەساڵی 2016هاتۆتە ریزبەندی 11 هەزارەكان بۆ ساڵی 2017 لەئاستی 6 هەزارەكاندایە وو ئێمە خەونامان ئەوەیە كە لەساڵانی داهاتوو باشتر بێینە پێشەوە.

پاشان دكتۆر سۆران محمد راگری كۆلیژی زانست لە وتەیەكدا وتی بیرۆكەی كۆنفرانسی جیۆ كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 كاتێك لیژنەیەك لەبەش لەگەڵ كۆمەڵەی جیۆلۆجی كوردستان بڕیاریاندا كە كۆنفرانسێك ئەنجامبدەن یەكەم كۆنفرانس لەساڵی 2012 بەڕێوەچوو دووەم كۆنفرانس لەساڵی 2015 و ئێستاش لەم بارودۆخە پڕقەیرانەدا بەهاوكاری دڵسۆزان و سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسی سێیەمی جیو كوردستان ئەنجامدەدرێت.

هەر لەو كۆنفرانسەدا دوو فلیمی دۆكیۆمێنتاری نمایش كرا،پاشان دەستكرا بەپێشكەشكردنی توێژینەوەكان.

جێی باسە لەو کۆنفڕانسەکەدا چەندین کەسانی پسپۆر و شارەزای بواری جیۆلۆجی  لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان وعێراق بەشداربوون و 42 توێژینەوە لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا پێشكەشدەكرێت كە لە زانكۆكانی كوردستان و عێراق و دەرەوەی عێراق ئامادەكراون چەندین بابەتی گرنگی تایبەت بە بوارەکە لە چەندین پانێڵ و سیمناردا لە ماوەی کۆنفڕانسەکەدا دەخرێتەبەر باس و لێکۆلینەوە، هەروەها لەرۆژی سێیەمی كۆنفرانسەكەشدا گەشتێكی زانستی بۆ ناوچەكانی كوردستان ئەنجامدەدرێت.

 

 





 2017-12-05
 207