کۆلێجى یاسا وڕامیارى پرۆژیەکى هاوبەشیان بە ناونیشانى: چارەنووسى کەرکوک لەنێوان هەولێر و بەغداد ڕاگەیاند



کۆلێجى یاسا وڕامیارى پرۆژیەکى هاوبەشیان بە ناونیشانى: چارەنووسى کەرکوک لەنێوان هەولێر و بەغداد ڕاگەیاند

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

ڕۆژی 16-12 لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى،(سەنتەرى لێکۆڵینەوەى یاسایى ورامیاری - لە کۆلێجى یاسا وڕامیارى زانکۆى سلێمانى) بە هاوکارى (سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى - کە سەنتەرێکى ئەکادیمى نا حکومیە) لەکۆنگرەیەکى میدیاى بەرفراواندا، قۆناغى دووەمى پرۆژیەکى هاوبەشیان بە ناونیشانى (چارەنووسى کەرکوک لەنێوان هەولێر و بەغداد) ڕاگەیاند. 

لە سەرەتا کۆنگرەکەدا بەڕێز (پ.ى.د. ئومێد رفیق فتاح) وەک سەرۆکى تیمى توێژەرانى پرۆژەکە ناساندنێکى بۆ پرۆژەکە کرد و ئامانج و پرسیار و گرنگى پرۆژەکەى خستەڕوو، دواتر پوختەیەکى لە ناوەرۆکى ڕاپۆرتى دووەمى پرۆژەکە و گرنگترین ئەو دەر ئەنجامانەى کە پێى گەیشتووە باسکرد. لە کۆتایشدا پەیامنێرانى کەناڵە ئامادەبووەکان چەندین پرسیاریان لەسەر پرۆژەکە و بەهاو کاریگەرى بۆ بڕیاربەدەستان ئاڕاستەکرد.

شایانى باسکردنە، پرۆژەى (چارەنوسى کەرکوک لە نێوان هەولێر و بەغداد) لەلایەن تیمێک لە تویژەرانى هەردوو سەنتەرى نابراوەوە جیبەجێ دەکرێت، کە زۆربەیان  مامۆستایانى کۆلێجى یاسا وڕامیارى زانکۆى سلێمانین و پێکهاتوون لە بەڕێزان (پ.ى.د.ئومێد رفیق فتاح، پ.ى.د.عابد خالد رسول، م.د.زمکان على سلیم، م.د.جلال حسن مێگفى و م.ى.هەردى مهدى میکە). 
ماوەى ئەنجامدانى پرۆژەکە (٦) مانگە، کە گەڵاڵەکردنى سێ ڕاپۆرت لە خۆ دەگرێت، هەر (٢) مانگ جارێک ڕاپۆرتێک. ئەو ڕاپۆرتەش کە لەم کۆنگرە میدیاییەدا ڕاگەیاندنى بۆکرا دووەمین ڕاپۆرتیانە. ڕاپۆرتى یەکەمیش دوومانگ پێش ئێستا لە مانگى ئەیلولى ٢٠١٧ ئامادەکراوە.
 ئەم پرۆژەیە، وەک پرۆژەیەکى فراوانى چەند قۆناعى، هەوڵدەدات لەچوارچێوەى خوێندنەوەیەکى زانستى (سیاسى و مێژوویى و ئەمنى و نێودەوڵەتى) دا بۆ پرسى کەرکوک وەڵام بۆ هەندێک لەو پرسیارە نوێیانە بدۆزێتەوە، کە لە ئەنجامى دەرکەوتنى پێدراو و گۆڕاوە نوێیەکانى دۆخى هەنوکەیى کەرکوک لە ئارادان، هاوکات هەندێک بەرچاوڕوونى زانستى نوێ لەسەر کێشەکە و ئامڕازەکانى چارەسەرکردنى بخاتە بەردەست لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەم پێناوەشدا پرۆژەکە کار لەسەر سێ ئاست دەکات، ئاستی یەکەم: داهاتوی سیاسی و ئیداریی کەرکوک. ئاستی دووەم: ڕەهەندی ئەمنی لە کەرکوکدا. ئاستی سێهەم: ڕەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی. 
بایەخى ئەم پرۆژەیە لەوەدایە کە دەخوازێت زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان بکاتە پێگەیەک بۆ پێدانى ڕاوێژ و بەرچاووڕوونیکردنى بڕیار بەدەستان لەکاتى مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە سیاسییەکان و دۆزینەوەى چارەسەربۆیان بە سوود وەرگرتن ئامرازە توێژینەوەى زانستی. 
 




 2017-12-18
 941