دووەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە كشتوكاڵییەكان بەڕێوەچوو



دووەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە كشتوكاڵییەكان بەڕێوەچوو

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 لەژێر دروشمی " بەرەو کشتوکاڵێکی زانستی و مۆدێرن لە کوردستاندا"  ئەمڕۆ 4-4-2018، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حسن حسێن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆلێجی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرا.

یەکەم رۆژی، دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە کشتوکاڵییەکان لە هۆڵی عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە گراند ملنیۆم لە شاری سلێًمانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی چەند زانکۆیەکی کوردستان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و شارەزایانی بواری کشتوکاڵ و پسپۆڕی بیانی بەڕێوەچوو، سەرەتای کارەکانی کۆنفرانسەکەش بە وتەیەک لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. کارزان تۆفیق محەمەد راگری کۆلێجی کشتوکاڵی زانکۆی سڵێمانی دەستیپێکرد کە وێرای بە خێرهێنانی میوانان و سوپاسی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە رایگەیاند: ئەمە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆلێجی زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانییە کە بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین، وتیشی: دەمانەوێت لە رێگەی ئەم جۆرە لە کۆنفرانس و وۆرک شۆپانە بە شێوازێکی زانستی پەرە بە بواری کشتوکاڵ بدەین کە یەکێکە لە هەرە سێکتەرە گرنگەکانی وڵات، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی خۆراکەوە هەیە کە بڕبڕەی پشتی ئابوری هەموو وڵاتێک دادەنرێت.
 راشیگەیاند: ئامانجمان لە بەستنی ئەم کۆنگرە نێودەوڵەتیانەش پەرەپێدانی بواری کشتوکاڵە لە وڵاتدا، کە تابتوانین بەشێوازێکی زانستی و مۆدێرن پەرە بە بواری کشتوکاڵ بەگشتی و هەروەها پەرەپێدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە رووی جۆرێتی و چەندێتییەوە، کە ئەمە یەکێکە کۆڵکە سەرەکییەکانی ئابوری وڵات و پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی هەموو تاکە کانی کۆمەڵکە کەمانەوە هەیە.
دواتر لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتاری سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی پێشکەشکردو رایگەیاند: بە ناوی خۆم و جەنابی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە (د.یوسف گۆڕان)، بەخێر هاتنێکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز دەکەم بۆ بەشداریکردنتان لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بوری زانستی کشتوکاڵی لە ژێر ناونیشانی(بەرەو کشتوکاڵێکی زانستی و مۆدێرن لە کوردستان) لە زانکۆی سلێمانی لە ناو شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان.
هەروەها وتی:پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم ئەو بەرێزانە دەکەم کە شەو رۆژیان خستەسەر یەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە لەم بارودۆخە سەختەدا، وتیشی: بەستنی دووەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە کشتوکاڵییەوەکان لە کوردستان، گرنگی خۆی هەیە، چونکە کشتوکاڵ بە بڕبڕەی پشتی ئابوری هەموو وڵاتێک دادەنرێت و پەیوەندی راستەوخۆشی بە ئاسایشی خۆراکی  وڵاتەوە هەیە، کە لە ئێستادا وەک هەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆرمان بە زانستی کردن و گەشەپێکردنی کەرتی کشتوکاڵ هەیە بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆەو پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراکی و زیادکردنی بەرهەم و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات کە بێگومان ئەم بابەتە پێویستی بە هەوڵ و ماندوبوون و پێکەوە کارکردن هەیە تا بتوانین کۆمەڵگەی کوردەواری پێشبخەین و بگەیەنینە ئامانجەکانی خۆی، تا بتوانین لە هەدوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کشتوکاڵ پەرە بەو رێکەوتنە زانستییە بدەین کە لەبواری کشتوکاڵدا ئیمزاکراوە، بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ بەشێوازێکی زانستی، بۆیە لێرەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەین وەک توێژەرو پسپۆری ئەکادیمی بواری زانستی کشتوکاڵی ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی لەم کۆنفرانسە پێشکەش دەکرێت وەک پێشنیار بەرزبکرێتەوە بۆ هەدوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ سود وەرگرتن لە ئەنجامی تورێژینەوەکان.
دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی توێژینەوەکان کە تێیدا چەند توێژینەوەیەک لە بوارە جیاجیاکانی کشتوکاڵ پێشکەشکران.
   
 




 2018-04-05
 1299