گۆشه‌یه‌كی كتێبخانه‌ی گشتی بۆ مامۆستایه‌كی زانكۆ ته‌رخانده‌كرێت



گۆشه‌یه‌كی كتێبخانه‌ی گشتی بۆ مامۆستایه‌كی زانكۆ ته‌رخانده‌كرێت

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 سه‌عات 11پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی 2\5 به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ و به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی و كه‌س و كارو روناكبیران و نوسه‌ران له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا كتێبخانه‌ی تایبه‌تی د.سه‌لام فه‌ره‌ج له‌هؤڵی كتێبخانه‌ی كه‌سییه‌كان له‌كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی دانرا.

سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ش سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر ره‌زا حه‌سه‌ن له‌وته‌یه‌كیدا وتی: ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی لێره‌ كۆكردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توێژه‌رێك نوسه‌رێك مامۆستایه‌كی زانكۆ هونه‌رمه‌ندێك پاش شه‌ش ساڵ له‌ كۆچی دوایی كردنی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مه‌كانی كتێبخانه‌كه‌ی وه‌ك سه‌روه‌تێك بۆ نه‌وه‌ی دواڕۆژی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی گۆشه‌یه‌كی بۆ ته‌رخانده‌كرێت.

پاشان وتاری به‌شی كوردی زانكۆی سلێمانی خوێندرایه‌وه‌ ،دواتر وتاری بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو خوێندرایه‌وه‌،پاشان پارچه‌ شعرێك له‌لایه‌ن دكتۆر عباس صالح خوێندرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا چه‌پكه‌ گوڵی سوپاس پێشكه‌شی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و رێكخه‌رانی مه‌راسیمه‌كه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ی سلێمانی كرا.

له‌كۆتایشدا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و خێزانی خوالێخۆش بوو په‌رده‌ له‌سه‌ر كتێبخانه‌ی تایبه‌تی دكتۆر سه‌لام فه‌ره‌ج لادرا.

جێی باسه‌ دكتۆر سه‌لام فه‌ره‌ج وه‌ك هه‌موو گه‌نج و لاوێكی سه‌رده‌می خۆی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نیشتمانی چه‌ند جار وازی له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی خۆی هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی هه‌ڵوێستی كوردایه‌تی له‌كه‌دار نه‌بێت له‌ساڵی 1983 كه‌ وه‌ك مامۆستا له‌به‌ڕێوبه‌رێتی په‌روه‌رده‌ داده‌مه‌زرێت زۆر دڵی پێ خۆش ده‌بێت به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ به‌به‌عسی ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوبه‌رێتی ته‌ندروستی سلێمانی، كاتێكیش له‌ساڵی 1981 خوێندنی ماسته‌ر ته‌واو ده‌كات له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین داوای گواستنه‌وه‌ ده‌كات بۆ سه‌ر خوێندنی باڵا به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانییه‌كانی كه‌ هیچ كات ئاماده‌نه‌بوو سازشی‌ له‌سه‌ر بكات ڕه‌زامه‌ند نه‌بوون هه‌تا دوای ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991 كاتێك له‌ساڵی 1992 زانكۆی سلێمانی داده‌مه‌زرێته‌وه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی وانه‌بێژ له‌كۆلێژی زمان.

 





 2018-05-02
 254