زانكۆی سلێمانی مەراسیمی چلەی ماتەمینی پڕۆفیسۆر دكتۆر حەمید مەجید-ی بەڕێوەبرد



زانكۆی سلێمانی مەراسیمی چلەی ماتەمینی پڕۆفیسۆر دكتۆر حەمید مەجید-ی بەڕێوەبرد

 kosar othman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 ئەمڕۆ 8/14، بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی و سەرۆك زانكۆكانی كوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ و ژمارەیەكی بەرچاو  لەرۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ و  بنەماڵەو كەسوكاری  خوالێخۆشبوو، لەهۆڵی كۆنفرانسی كۆلێجی زانست چلەی ماتەمینی  خوالێخۆشبوو (پ.د. حمید مجید) بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن لە وتەیەكیدا ووتی بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی دووبارە هاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ خانەوادەو هاوڕێ و كەسوكاری خوالێخۆش بوو رادەگەیەنین داواكارین لەیەزدانی مەزن رۆحی پاكی پڕۆفیسۆر دكتۆر حەمید بەبەهەشتی بەرین شاد بكات.

هەر لەوتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ووتی لەدەستدانی خوالێخۆش بوو هەر بەتەنها داخ و كەسەر نەبوو بۆ بنەماڵەكەیان بەڵكو خەسارەتێكی گەورەبوو بۆ سەرجەم زانكۆكانی كوردستان بەگشتی و زانكۆی سلێمانی و كۆلێجی زانست بەشی فیزیا بەتایبەتی ،وتیشی زانایەك 48 ساڵ خزمەتی بەزانكۆ و زانست گەیاند زانایەك رازی نەبوو تەسلیمی سیاسەتی بەعسی فاشی بێت بۆیە رازی بوو لەكەس و كارو ماڵ و مناڵ و شارو وڵاتی دوربێت بەس بۆ ئەوەی نەبێت بەبەعسی ،بۆیە لەساڵی 1989لەگەڵ چەند مامۆستایەكی هاوڕێی لەزانكۆی سەڵاحەدین نەفی دەكرێت بۆ خوارووی عیراق.

لەكۆتایدا دكتۆر رەزا حەسەن ووتی زانكۆی سلێمانی هەمیشە ناوی لەمێژووی خۆیدا وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار و یەكێك لەزانا بەئەمەكەكان كە زۆرترین خزمەتی كردووە بەزیندووی تۆمار دەكات.

هەر لەو مەراسیمەدا چەندین وتار پێشكەش كرا و باسی ژیاننامەی پڕۆفیسۆر دكتۆر حەمید مەجید كرا، لەكۆتایشدا وتاری بنەماڵەی خوالێخۆشبوو لەلایەن دكتۆر سۆز حەمید پێشكەشكرا.  

جێی باسە پڕۆفیسۆر دکتۆر حەمید مەجید لەساڵی 1946 لەدایك بووە لەساڵی 1969 لە زانکۆی سلێمانی دامەزراوە، لە کۆتایی 1972 بە زەمالە چووە بۆ زانکۆی لیدز لەبەریتانیا بۆ خوێندنی دکتۆرا لەبواری فیزیای دۆخی رەقی (Solid state physics)، ساڵی 1975 گەڕاوەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی بە بڕوانامەی دکتۆراوە، ساڵی 1981 کەزانکۆ گوێزرایەوە بۆ هەولێر، 3 سێ ساڵ سەرۆکی بەشی فیزیا بووە لە زانکۆی سەلاحەدین، 9 نۆ ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی کۆلێژی زانست بووە لە کۆلێژی سەلاحەدین، ساڵی 1989 لەگەڵ  پێنج لە هاوڕێیانی نەفی کران بۆ حلە لەوێ زانکۆی بابلیان دامەزراندووە ، سەرەتای ساڵی 1993 کە زانکۆی سلێمانی دامەزرا یەکەم کەس بووە کە زانکۆی بابلی بەجێهێشتووەو پەیوەندیی بە زانکۆی سلێمانییەوە کردووەتەوە، بەشداری کردووە لە دامەزراندن و پەرەپێدانی زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زانستی لە زانکۆی سلێمانی دامەزراندووە، بۆ مانگێک راگری ئەو کۆلێژە بووە دوو ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی بووە سەرۆکی بەشی فیزیای پزیشکی و کیمیای پزیشکی بووە، لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، زیاتر لە 10 ساڵ سکرتێری گۆڤاری ئەکادیمیانی کوردستان و گۆڤاری زانکۆی سلێمانی بووە ، سکرتێری کۆنگرەی زانستی زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی دانان و وەرگێڕان و پاداشتی توێژینەوە بووە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی، 3 ساڵ سەرۆکی لیژنەی تەرقیەی زانستی بووە لە زانکۆی سلێمانی، خاوەنی 19 نۆزەدە توێژینەوەیە لەبواری فیزیادا، سەرپەرشتی خوێندکارێکی دکتۆراو 4 چوار خوێندکاری ماستەری کردووە، خاوەنی 7 حەوت کتێبە لە زانستی فیزیادا، له‌1-7-2016 خانەنشینکراوە لە11/ 7 / 2018 ماڵئاوایی لەژیان كرد.

 

 

 

 





 2018-08-14
 1523