هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا پەیوەندییەكانیان لە بواری خوێندنی باڵادا پەرەپێدەدەن



هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا پەیوەندییەكانیان لە بواری خوێندنی باڵادا پەرەپێدەدەن

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

 بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیدارێکدا، لەگەڵ وەفدێکى پاڕلەمانى ئیتاڵیا بەسەرۆکایەتى (لیە کوارتەپێللێ) سکرتێری کۆمیتەى کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانى ئیتاڵیا گفتوگۆ لەبارەى دۆخى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و ،چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئیتالیا بەتایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا کرا.

لە دیدارێکدا، کە رۆژی (١٣/٢/٢٠١٧) بەئامادەبونى د.ئامانج سەعدی ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبون چەندین بابەتى هاوبەشى نێوان ئتاڵیا و هەرێمى کوردستان تاوتوێ کران.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران دواى بەخێڕهێنانى وەفدى میوان ئاماژەى بە پەپوەندییەکانى نێوان ئیتاڵیا و هەرێمى کوردستان کرد و لەو بارەیەوە وتى: وەک وەزارەت پەیوەندییەکى باشمان لەگەڵ زانکۆکانى ئیتاڵیا هەیە، لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەندێ ڕێکخراوى ئیتاڵى زۆر باش و، بەشێکان لە جێبەجآ کردنى پڕۆژەکانمان هاوکاریان کردوین بەتایبەت لە جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕێزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان، ئاشکراشیکرد لە ئێستا سەرقاڵى نوێکردنەوەى ڕێکەوتنامەیەکن لەگەڵ یەکێک لە هەرێمەکانى ئیتاڵى.

هەر لە میانەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەناوى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سوپاسى حکومەت و دەوڵەتى ئیتاڵیایى کرد کە لە شەڕى داعش لە ڕوى مەعنەوى و سەربارى و ڕاوێژکارییەوە هاوکارى هەرێمى کوردستان بون، وتیشى ئەو هاوکارییە نیشانەى دڵسۆزى و هاوخەمى گەل و حکومەتى ئیتاڵیا بۆ حکومەت و خەڵکى کوردستانە، هیواشى خواست پێکەوە هاریکار بن بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە هاوبەشکان و بنەبڕکردنى بیرى توندرەوەى و، دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

سەبارەت بە پتەوکردنى پەیوەندییەکانیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: پێمان وایە بوار زۆرە لە نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وئیتاڵیا کە کارى لەسەر بکەین بۆ ئەوەى زیاتر پەیوەندییەکانمان پتەوبکەین بەتایبەت لە ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و پێدانى زەمالە و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران داواى لە وەفدى میوان کرد هاریکاریان بن بۆ زیاتر گەشەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان.

هەر لە میانەى قسەکانیدا، د.یوسف گۆران وتى: لەماوەى ڕابردودا بەهۆى شەڕى داعشەوە ئاوارەیەکى زۆر لە نەتەوەو ئاینى جیاواز ڕویان لە کوردستان کرد، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشنیازى بۆ وەفدى میوان کرد بەرنامەیان بۆ گەشەپێدانى تواناى مرۆیى ئاوارەکان هەبێ بۆ ئەوەى کاتێک گەڕانەوە ناوچەکانى خۆیان دەرفەتى کاریان بۆ بڕخسێ و بەشدارى لە بونیادنانەوەى ناوچەکانیان بکەن.

لەبەرامبەردا، وەفدى میوان خۆشحاڵى خۆیان بەو سەردانە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیشاندا و، پێشوازییان لە بیروڕاو پێشنیازەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، پیشنیازى ئەوەشیان کرد کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەیوەندى لەگەڵ هەرێمە جیاکانى ئیتاڵیا ببەستن، هەروەک بانگهێشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان بۆ ئیتاڵیا کرد بۆ ئەوەى لە نزیکەوە بەشى کوردى بەسەر بکەنەوەو هاوکارى و پشتگیرى ئەو بەشە بکەن، بۆ ئەوانەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیى هەر جۆرە هاوکارییەکى پیشاندا و، ئامادەیى وەزارەتەکەشى بۆ سەردان و پشتگیرکردنى بەشى کوردى لە ئیتاڵیا دوپات کردەوە.

وەفدەکەى پاڕلەمانى ئیتاڵیا پێکهاتبون لە: جوزێپێ ڕۆمانینی سەرۆکی ئینتەر گروپی پاڕلەمانتاران بۆ دۆستایەتی ئیتاڵیا-کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و، پیە لۆکەتێللی سەرۆکی کۆمیتەی هەمیشەیی پاڕلەمانتاران بۆ مافەکانی مرۆڤ و،  پرۆفیسۆر جۆڤاننی دێسسی سکرتێری گشتی پەیمانگەی لویجی ستروتزۆ و، پرۆفیسۆر ئادریانۆ ڕۆسسی بەڕێوەبەری زانستی پەیمانگەی کوردی  لە زانکۆی ئۆریەنتالێ لە شاری ناپۆلى و، سۆران ئەحمەد سکرتێری پەیمانگەی نێودەوڵەتی کلتوری کورد و ئێریک بورخارت ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی نوێنەرانى ئیتاڵیا و پارتیک موراجێگری باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغداد و، هەژار خۆشناویاریدەدەری کونسڵی ئیتاڵیا لە هەولێر.





 2017-02-14
 482