مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی کارێکی جیاواز بۆ هەڵەبجە دەکات



مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی کارێکی جیاواز بۆ هەڵەبجە دەکات

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 مامۆستایەکی بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی سلێمانی بەپارچە میوزیکی شاری خامۆش کارێکی جیاواز بۆ هەڵه‌بجە دەکات.

چیا فایەق لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی زانکۆی سلێمانی ووتی: ساڵانه ‌له کاتی یادکردنه‌وه‌ی کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه ‌به‌ چه‌ندان گۆرانیی شیوەن ئامێز و نیشاندانه‌وه‌ی وێنه‌ی تۆقینه‌ری یاده‌که ‌له‌ که‌ناڵه‌کانه‌وه‌ ته‌نها بۆ ماوه‌ی بیست و چوار کاتژمێر په‌خشده‌كرێت، وتیشی ده‌کرێت یاده‌کان کلتووریتر و جوانتر بکرێنه‌وه‌، تا هه‌م دڵته‌نگی و هه‌م شادمانیمان به‌ شێوه‌ی فه‌رهه‌نگیتر نماییش بکه‌ین.

ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد کە لەڕێگەی  پارچه‌میوزیکێکی هونه‌رمه‌ندی کورد که‌یهان که‌لهووڕ ئەو کارەی ئەنجامداوە کە خۆی ‌له‌ بنه‌ڕه‌تدا که‌لهووڕ کاره‌که‌ی به‌ناوی شاری خامۆشـه‌وه ‌بۆ هه‌ڵه‌بجه کردووه‌‌ به‌ڵام چیا فایەق لەڕێگەی سیدییەکەوە ‌هه‌مان  موزیک له‌ شوێنه ‌جیاکاندا بڵاودەکاتەوەو له‌ به‌یانی16\3 تا کۆتایی ڕۆژه‌كه‌ئەو میوزیکە له‌شوێنه‌ گشتیه‌كان لێدەدرێت .

ئاماژەی بەوەشدا کەدیزاین و هێلکاریی سیدییه‌که ‌لەلایەن هونه‌رمه‌ند گۆران محه‌مه‌د کراوەو و ماڵپه‌ڕی کلتووریی دیدی من و گرووپی کەشکۆڵ، کاری میدیایی بۆ پڕۆژه‌که ‌ده‌کات،هەروەها کەمپەینێک لە سۆشیال میدیا بۆ بڵاوکردنەوە و تایبەتکردنی ئەم موزیکە بە یادی کارەساتی کیمابارانکردنی هەڵەبجە، ڕادەگەێنرێت. هیواداریشە هه‌مووان به‌شدار بن له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی پرۆژه‌که‌.“

شاری خامۆش / شانزەی سێ ئازارمان دەکەین بە ئاواز

زەمەنێکه جەستەی نیوه مردووی ئەم دنیا بچوکەی ئێمه به شیوەن و پرسه لەم ئازار بۆ ئەو ئازار هەڵدێت. ساڵانێکه له ڕێگەی گێڕانەوەی نۆستالیژیی و کڕاندنی قەتماغەی برینەوه چاومان دەسڕین، هەر بەدوای ڕۆحی قوربانی کورد و نیشتیمانەوه شیوەنمان گێڕاوه و هیچ کاتێک له بارەیەوه تێڕانەماوین. کاتێک لەخۆمان بپرسین هەڵەبجه چییه؟ جگه له فرمێسکڕشتن و نەفرەتکردن له سێو هیچمان نییه! لە بارەی ئەنفالەوه هێشتاش له بیابانی باشوور دەڕوانین! بۆ شەنگالیش چەکەکانمان لەسەر پێیه شێوازی گێڕانەوەی یادەوەریی ئێمه هاوشێوەی پرۆسەکانی لەناوبردن و قڕکردنی کورد تاقەتپڕوکێنه، به جۆرێک که هیچ دەلالەتێکی یادەوەری و ڕێزگرتنی کارەساتی لەخۆ نەگرتووه، ئەمه جگە لەوەی ئەم قوربانیدان و قڕکردنانه هیچی به ئێمه نەبەخشیوه. چونکه ئەگەر کارەساتەکان هیچ به جڤات نەبەخشن، ئەوا جڤات کارەساتەکان له یاد دەکات. لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ڕوونی تێبینی ئەوه دەکرێت. جڤاتێک نەتوانێت پارێزگاری له ئینتیمای تاکەکانی به خۆیەوه بکات، ناتوانێت ئینیتما بۆ یادەوری و کارەساتەکان دروست بکات. هەروەکو ئەو تێزەی کۆمەڵناسی فەرەنسی مۆریس هالبواکس لەبارەی یادەوەرییەوه دەیخاته ڕوو، بەوەی که یادەوەری تاک تەنها لە نێو خودی تاکەکەسدا قەتیس نابێت، بەڵکو جێگەیەک له چوارچێوەی ژیانی جڤاتدا دەگرێت، بە مەرجێک جڤات دەرفەتی پەیوەندیگرتنی ئەو یادەورییه بەخۆیەوه بدات. جڤاتی ئێمه له ڕێگەی شێوازه سواوەکەیەوه ناتوانێت یادی هەڵەبجه له یادگه‌ی هەڵەبجەیەکانیشدا بپارێزێت. ئەمه جگه لەوەی ئێمه خەریکین یادەوەری مەسرەف دەکەین وەک ئەو کاڵایانەی له بۆنه و ئاهەنگەکاندا مەسرەفیان دەکەین. هەروەها بەپێی تێزی هالبواکس ئەوەی بەردەوامی به مانەوەی جڤات دەدات، یادەوەرییه. له کۆمەڵگەی ئێمەدا دوو هۆکاری سەرەکی بوونیان هەیه تا یادەوەری ئێمه پەرتبێ: یەکەم زۆری کارەساتەکان و دووەمیان خەیاڵدانی بەتاڵی سیاسی کورده. له ڕاستیدا هۆکاری یەکەم، سیاسییەکان بۆ نماییشی جەماوەری و گەمەی سیاسی بەکاریان هێناوه لە کاتێکدا دەبوو بەپێچەوانەوه بێت، تا دۆزی ئێمه هەمیشه دەستی بەتاڵ نەبێت. دروستکردنی سیمبول و یادەوەری، پێویستی به ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری عەقڵانی و ڕێکخراو هەیه، تا بتوانێت پەیوەندی یادەوەری ناو زیهنی تاک لەگەڵ ڕووداوەکاندا له پانتایی گرووپە لۆکاڵیەکەوه، بۆ پانتایەکی بەرینتری جوگرافی فراوان بکات. ئێمه نەک هەر نەمان توانیوه له ڕێگەی قوربانیدان و کارەساتەکانەوه له نێو جەنگەڵی جیهاندا خۆمان بپارێزین، بەڵکو نەمانتوانیوه حورمەتی قوربانییەکانیشمان بگرین. له سۆنگەی وردبوونەوەیەکی ساده و بچکۆلەوه بیرمان لەوه کردەوه که نەریتێکی دیکه جێگەی ئەو بیمارییه له یادکردنەوەی کارەساتەکاندا بگرێت. بە جۆرێک ئەگەر ڕێبوارێک لەو ڕۆژەدا لەشارێکی کوردستان بێت، بپرسێت بۆ؟ پێمان وابوو ئەگەر کۆی شوێنه گشتییەکانی شاری سلێمانی لەو ڕۆژەدا پارچه مۆزیکی شاری خامۆش‌ـی شاکاری کەیهان کەلهووڕ پەخش بکەن که کارێکی ناوازەیه بۆ یادی هەڵەبجه، هاوکات دەزگا میدیاییەکان له بری شیوەنێکی دەستەپاچه و گێڕانەوەیەکی بێ تەکنیک، بێدەنگ بن و تەنها ئەم موزیکه پەخش بکەن، یان کاتێکی زۆریان بۆ ئەمه تەرخان بکەن، زۆر پەیامدارتره. ڕەنگه تاکەدەنگی ئێمه دوور له ژاوەژاوی سیاسییەکان و بۆڵەبۆڵ و ناڵەی خێڵ، موزیک بێت. موزیک هەم دەتوانێت وەک زەردەپەڕ دەنگی حیکایەتی غەدری ئێمه لە دووتوێی حەریرا هەڵبگرێت و هەم دەتوانێت پرسیار لە جیهان و ئایدۆلۆژیاکانی بکات لە بارەی مەرگی ئێمەوه. زیاده گۆیی نییه بڵین: ئەم کاره دەیان دەلالەتی سیمبولی هەیه. ئەگەر ئومێدی ئەم بیره بچوکه بگاته جێ و رۆژێکی تەواو شارێک و دەیان شاری کوردستان به تێکڕا گوێ له یەک ئاواز بگرن.

چیا فایەق

 

 

 

 

 





 2017-03-15
 952