پەیامی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵیادی ڕزگاركردنی شاری كەركوكەوە



پەیامی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵیادی ڕزگاركردنی شاری كەركوكەوە

 shna.min@univsul.edu.iq

پڕوفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی تازەی كوردی و ساڵیادی ڕزگاركردنی شاری كەركوكەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاودەكاتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەناوی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانییەوە  بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و  سەرجەم ئەو گەلە ئازادیخوازانەی لەگەڵمان ئەم یادە بەرز ڕادەگرن دەكەین. هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە ساڵی خۆشی و ئارامی بۆ تەواوی خەڵی كوردستان و  هەوێنی  یەکسانی و پێکەوە ژیانی گەلان لە ناوچەكە دا .  

گەرچی لە میتۆلۆژیای گەلانی میزۆپۆتامیا دا  نەورۆز وەك ئەفسانە و چیرۆكە داستان دەبینرێت بەڵام  یادكردنەوەی نەورۆز بۆ گەلی كورد لە سادەترین پێناسەی دا واقع و وەرچەرخانی مێژووییە کە ژیانی تاكی كوردی خستە نێو قۆناغێکی دیکە و هەمیشە سیمبۆلی بەرەنگاربونەوە بووە بەرامبەر زوڵم و ستەمی ئەو رژێمە سەركوتكەرانەی بە درێژایی مێژوو نکوڵیان لە هەبوون وناسنامە و كەلتوری نەتەوەی كوردیان كردووە.  

 ئاگری نەورۆز كە لە مێژوو دا  بەرامبەر زۆرداری داگیرساوە ، ئەمڕۆ گەلی كورد ئەو ئاگرە وەك سیمبولی سەركەوتن بەرامبەر بە تیرۆر و تاقمە تاریكپەرستەكان هەڵدەكات ،  ئەمڕۆ مەشخەڵی ئاگری نەورۆز گەشاوەتر لە دەستی پێشمەرگە و شەرڤانان دایە و مژدەی سەركەوتن بەسەر هێزە تاریكپەرستەكان دەدەن بە گشت مرۆڤایەتی  و مێژوویەكی تری  سەركەوتن و بەرخودان دەخوڵقێنن لە پێبناو بەدی هێنانی ئازادی و  مودێلێكی تری پێكەوە ژیانی میللەتان لە ناوچەكە دا . لێرەوە جوانترین پیرۆزبایی لە كەس و كاری شەهیدان  دەكەین و گوڵی نێرگز  پێشكەش بە ڕۆڵەكانمان لە سەنگەری بەرگری دا دەكەین.  

پڕوفیسۆری یاریدەدەر د.ڕەزا حەسەن

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی

20/3/2017

 





 2017-03-20
 574