زانکۆی سلێمانی یادی بیست و نۆیەمین ساڵیادی ئەنفالی کردەوە



زانکۆی سلێمانی یادی بیست و نۆیەمین ساڵیادی ئەنفالی کردەوە

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

لەژێر ناونیشانی لەپێناو بە دۆکیۆمێنتکردنی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشی مێژوو یادی بیست ونۆیەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالی کردەوە .
ئەمڕۆ18-4 لەهۆڵی کۆماری کوردستانی زانکۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆو سەرۆک بەشی مێژوو مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ئەو یادە کرایەوە.
سەرتای یادەکە بە شانۆگەرییەکی سەرشەقام کەلەلایەن خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندنەوە ئامادەکرابوو پێشکەشکرا، پاشان پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی و بەڵگەنامەیی تایبەت بە کارەساتی ئەنفال لەلایەن منداڵپارێزی کوردستان سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆڕش کرایەوە.
دواتر دکتۆر ئاکۆ شوانی سەرۆکی بەشی مێژوو لەوتەیەکدا وتی ئەوان وەکو سەرۆکایەتی بەشی مێژوو ساڵانە هەوڵیان داوە لەیادی ئەنفالدا بەشداریی بکەن وتیشی مەسەلەی یادکردنەوە وەک بۆنە  ڕەنگە ئەرکی ئێمە نەبێت، هەوڵ دەدەین لەڕێگەی یادەکەوە وەکو لایەنێکی میژووی وەکو لایەنێکی زانستی قسەی لەسەر بکەین وابکەین ئەم بۆنەیە ئەم یادە تەنیا  بریتی نەبێت لەبۆنەیەک کە ساڵانە تێئەپەڕێت و پاش چەند ساڵێکی تر ببێتە بەشێک لەفۆلکلۆری کوردی و ساڵانە بچێتە ریزی حەیران لاوکەوە، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت ئەم کارە بەرەو هەنگاوی بەدۆکیۆمێنتکردن بەرین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو کارێکی زانستی و ئەرشیفێکیان لەبەردەمدا بێت بزانن ئەمە چی ڕوی داوە لەم وڵاتەدا چی کراوە.
 دکتۆرە ئیبتیسام ئیسماعیل ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان لەوتەیەکدا وتی ئەنفال تەنها پەڵەیەکی ڕەش نییە بەنێو چەوانی ڕژێمێکی دڕندەوە بەڵکو ئەو پەڵەیە لەسەر نێوچەوانی هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکەو جیهانە کە بەمیللەتی کورد کرا، ئەنفال واتە دەرخستنی دڕندایەتی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە سیڤیل و منداڵ و پیری کورد واتە ڕاگواستن و کوشتن و وڵات جێهێشتن وتیش دوێنێ لادێکانی کوردستان کە نزیکەی پێنج هەزار دێ بوو هەمووی خاپور کران لەگەڵ زەویدا یەکخران، بەڵام ئەمڕۆ بەهیمەتی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدان وسەرکەوتنەکانیان ئەزموونی نوێی کورد ئاوەداندەکرێتەوە وێنە قێزەوەنەکانی ئەوان دەکرێنە یادگاری .
پاشان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلیًمانی لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە مامۆتایان و سەرۆکایەتی بەشی مێژوو کرد کە هەمیشە وەک هەستکردن بەبەرپرسیارێتییان بەرامبەر بەمێژووی گەلەمان کارەسات و تاوانی ئەنفال و جینۆساید دەخەنە ژێر لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی زانستی و بەردەوام کۆڕو سیمینار و ورک شۆپ و کۆنفرانسی زانستی لەسەر ئەم کارەساتە ئەنجامدەدەن، وتیشی 29 ساڵ لەمەو پێش لەڕۆژی 14-4-1988 لەلایەن ڕژێمی دڕندەی بەعسەوە قۆناغەکانی پرۆسەی کارەسا ت و تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلەکەمان لەکوردستانی باشور گەیشتە لوتکەو تێیدا نزیکەی 182هه‌زار مرۆڤی بێتاوان لە منداڵ و ژن و پیرو لاو کوژران و بێسەرو وێن کران .
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم کارەساتە لەناوەڕاستی ساڵی هەشتاکان بەڕێکەوت نەبوو بەڵکو کارێکی پلان داڕێژراوبوو زۆر بەوردی و  جێبەجێکردنێکی لەسەر خۆ دەستی پێکرد بەڵام چونکە لەقۆناغی سێیەمدا گەورەترین کۆمەڵکوژی و زۆرترین هاوڵاتی کوردی تیا بووە قوربانی وە فراوانترین روبەری جوگرافی گرتەوە بۆیە 14-4 بەڕۆژی ئەنفال و جینۆساید ناسرا، باسی لەوەشکرد ئەم کارەساتە بەبەرچاو هەموو وڵاتانی جیهان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەنجامدرا بەڵام هیچ یەک لەو ڕێکخراوو وڵاتانە هەڵوێستێکی ئەو تۆیان نەبوو بەرامبەر ئەم کارەساتە جەرگبڕە.
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتیشی دەبێت زانکۆمان ڕۆڵی خۆی هەبێت لەچونێتی چارەسەرکردنی ئەو کاریگەرە خراپانەی ئەو کارەساتەو هەوڵی بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەو کارەساتە بدات ، بۆیەهەر لێرەشەوە داوا لەو بەشانە دەکەم کە پەیوەستن بەو کارەساتەوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بەدیکۆمێنت کردنی جینۆسایدی ئەنفال.
دواتر ڕێپۆرتاژێکی دیکۆمینتاری دەربارەی کارەساتی ئەنفال پێشکەشکرا، پاشان پانێڵی لەپێناو بەدۆکیۆمێنتکردنی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال پێشکەشکرا کەهەریەک لە لەتیف فاتیح فەرەج  و تەها سلێمان و مەجید ساڵح و هەڵاڵە محەمەد بابەتەکان لەژێر ناوی (ئەنفال و کاریگەرییەکانی لەسەرخۆ خاوەنی، جینۆسایدو ئەنفال پرۆسەی بەدۆکیۆمێنتکردنی ، ئەنفال و پڕنسیپەکانی عەدالەتی ئینتیقالی ، ئەنفال و ڕوانگەی سیاسی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ )پێشکەشکران کەلەلایەنپڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر پشکۆ حەمەتاهیر پانێڵەکە بەڕێوەبرا،دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ لەبارەی پانێڵەکانەوە کرا .
 
 




 2017-04-18
 719