زانکۆی سلێمانی چەپکە گوڵی وەفای پێشکەشی پڕۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین کرد



زانکۆی سلێمانی چەپکە گوڵی وەفای پێشکەشی پڕۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین کرد

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 ئەمڕۆ (17-5) سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و وەفدێکی یاوەری کە پێکهاتبوون لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆو ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی سەردانی پڕۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسولیان کردو چەپکە گوڵی رێزو وەفایان پێشکەشکرد لەپای ئەوخزمەتەی کە پێشکەشی زانکۆی سلێمانی کردووەو لە نزیکەوە هەواڵی تەندروستیی جەنابیان پرسی.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەو سەردانەدا بەناوی ئەنجوومەنی زانکۆوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە بە دیداری بەڕێزیان شادبوون و هەوڵ و ماندووبوون و خزمەتەکانی کە پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کردووە لە ساڵانی رابردوودا بەرز نرخاندیان و هیوای ئەوەشی بۆ خواست کە تەندروستیان بەرەو باشی بڕوات، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتیشی ئەو خزمەتانەی کە دکتۆرعیزەدین پێشکەش بە بواری ئەدەب و زمانی کوردی و زانکۆی سلێمانی کردووە هەموومانی قەرزار کردووە لەبەرئەوە ئەمڕۆ ئێمە وەکو ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی کە جیلی دوای ئەوانین ئەم زانکۆیە بەڕێوە دەبەین پێمان خۆش بوو سەردانێکی بکەین.
 لەبەرامبەردا پرۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا بەخێرهاتنی سەرۆکی زانکۆو وه‌فده‌كه‌ی یاوه‌ری کرد، هەروەها وتی کە هاتنتان وەفایەکە بەرامبەر بەندە وتیشی من شانازی بە زانکۆوە دەکەم گەورەبووم بە هاتنتان وەکو زانکۆی سلێمانی کە بەیەکەم زانکۆی کوردستانی دادەنێم.
وتیشی پیرۆزباییتان لێدەکەم کە زانکۆی سلێمانی هەمیشە بەسەرکەوتوویی ماوەو لەبەرەو پێشچووندایە، وتیشی کە زانکۆی سلێمانی دامەزرا ئێمە هەفتەی سێ رۆژ دەهاتین لەبەغداوە لەزانکۆی سلێمانی وانەمان دەوتەوەو دەڕۆیشتینەوە کە ئەوەش ئەرک و ماندووبونێکی زۆر دەکرا، هەروەها باسی لەوەشکرد کە دکتۆر کەمال فوئاد بەرەحمەت بێت رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی کە دەبێت هەمیشە ئە کەسانەمان لەیاد بێت کە ڕۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی زانکۆی سلێمانی، ئەوەشی ئاشکراکرد کە لەهەر شوێنێک پرسیاری کاری لێ دەکەرێت بەخۆشحاڵییەوە  دەڵێت مامۆستای زانکۆی سلێمانیم وتیشی خۆ ناڵێم نووسەرم لەکاتێکدا 30 ساڵ سەرۆک بووم،بەڵکو من حەزدەکەم وەکو مامۆستای زانکۆ خۆم بناسێنم، سەرۆکی زانکۆی سلێمانیش دڵنیای کردەوە کەجەنابی هەر موڵکی بەشی کوردی و کۆلێجی زمان نیە بە تەنها، بەڵکو موڵکی هەموو زانکۆیەو، زانکۆی سلێمانی لە خزمەتیدایە.
لە میانی دیدارەکەدا دکتۆر عیزەدین باسی لە ژیانی سەرکردە کوردەکان کردو مێژوو و خەباتی ئەوانی گێڕایەوە، هەروەها باسی لە مێژوو ئەدەبی کوردی کردو باسی لەو کاتانە کرد کە وەکو مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی کاری کردووە، هەروەها باسی میللەتی کوردی کرد کە دوای ئەو هەموو کارەسات و کیمیاوی ئەنفال و دەربەدەرییە خۆشی و زمانیشی هەر پاراستووەو ماوە، میللەتێکی کوردی بە میللەتێکی کۆن و ئازا وەسفکرد.
 




 2017-05-17
 533