بروسکەی ماتەمینی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کۆچی دوایی نەوشيروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان



بروسکەی ماتەمینی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کۆچی دوایی نەوشيروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

 shna.amin@univsul.edu.iq

بە داخ و کەسەرێکی مەزنەوە هەواڵی کۆچی دوایی سەرکردەی تێکۆشەری گەلەکەمان (نەوشیروان مستەفا) رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕانمان بیست ، کە ئەمرۆ دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی دا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، بەمبۆنە خەمناکەوە پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و کەس و کاری بەرێزیان و ئەندامان و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین. کۆچی کاک نەوشیروان مستەفا خەسارەتێگی گەورەیە بۆ گەلی کورد و کەلێنێکی گەورەش دەخاتە نێو خەباتی سیاسی ئەمرۆی گەلەکەمان بە تایبەت کە لە کاتێکی هەستیار و ناسک دا ماڵئاوایی دەکات.

نەوشیروان مستەفا لە پاڵ خەباتی چەکداری و سیاسی لە شورش و بەرخۆدانەکانی نەتەوەیی کورد ، هەروەها و رۆڵ و پێگەی کاریگەری لە خەباتی سیاسی ومەدەنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا ، هەمیشە وەک نووسەر ، مێژوونووس ، رۆژنامەنووس ، ئەدیب ، ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆش خزمەتی بە نەتەوەیی کورد کردووە بەتایبەت کە چەند ساڵێک لە تەمەنی وەک مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی کاری کردووە بە تایبەت لە سەرەتای دامەزراندنی بەشی ڕاگەیاندن لە سکۆلی زانستە مرۆڤایەتیەکان ، (ئەو) لەرێگەی ئەزموونە مەزنەکەیەوە لە هەدوو بواری رۆژنامەگەری و زانستی سیاسی دا وانەی بە خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن و کولێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی سلێمانی وتووەتەوە. راستە بەرێز نەوشیروان مستەفا رابەری بزوتنەوەیەکی سیاسیبوو لە هەرێمی کوردستان بەڵام بە بیر و ئایدیا و فەلسەفەیی کاری سیاسییەوە هەمیشە لە پێناو بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی گەل و نیشتمانەکەی خەباتی کردووە و کۆچی دواییکردنیشی هاوکاتە لەگەڵ دەربازبوونی ساڵێک بەسەر رێکەوتنامەیەکی سیاسی لەگەڵ (ی.ن.ک) وەک هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و رێکخستنەوەی یەک گوتاری گەلی کورد لە قۆناغی ئێستادا بۆیە ئومێدەوارین هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان لەو پێناوەدا سەرخستنی هەنگاوە لەوشێوەیە، کیشە و ناکۆکییە لاوەکیەکانیان وەلابنێن و بۆ ئامانجە مەزنەکانی نەتەوەکەمان هەوڵەکانیان بخەنە کار بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان .

انا لله و انا الیە راجعون

 پرۆفیسوری یاریدەدەر د.ڕەزا حەسەن

2017/5/19





 2017-05-19
 416