ئەنجوومەنی زانكۆ كۆبوونەوە



ئەنجوومەنی زانكۆ كۆبوونەوە

 shna.amin@univsul.edu.iq

ڕۆژی 2017/6/7 ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی بە سەرۆكایەتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ئەندامانی ئەنجوومەن كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

ئەو كۆبوونەوەیە كە لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی زانكۆی ئەنجام درا  كۆمەڵێك تەوەر و  بابەتی گرنگ پەیوەست بە  پرۆسەی خوێندن تاوتوێكران لەوانە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی خوێندكاران و ئەو گیروگرفتانەی ڕووبەڕووی پرۆسەكە دەبنەوە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا  و توێژینەوەی زانستی چەند پرسێكی تری پەیوەست بە بەرەوپێشبردنی رەوتی خوێندن و زانست لە هەرێمی كوردستان دا.

لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بە كرێی وانە و خشتەی وانەبێژانەوە  ئەوە ڕاگەێندرا كە پێویستە لەسەر كۆلێژەكان خشتەی وانەبێژی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ئامادەبكەن تاوەكو بەبێ كەموكوڕی بگاتە ووردبینی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ كێشەیەكی یاساییان بۆ دروست نەبێت و مافی مامۆستایانی وانەبێژ نەخورێت هەر بۆیە لە هەمان كاتدا فۆڕمی وانەبێژی بە  ئیمزای وانەبێژ و مۆری كۆلێژ و هەموو ئەو بەشانەی تێدا بێت كە وانەی تێدا دەڵێتەوە و  بۆ ئەم مەبەستە سەرۆكی زانكۆ داوای  لە ڕاگری هەموو كۆلێژەكان كرد كە پێویستە فۆڕمی وانەبێژی لەپێش دەسپێكردنی خوێندن بگاتە دەستیان بۆئەوەی بەرچاوڕوونیەكیان هەبێت.

لە بە شێكی تری كۆبونەوەكەدا پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ئاماژەی كرد بە  كۆبونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی  دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا  كە چەند تەوەرێکی گرنگی لە خۆی گرتبوو و لەمبارەیەوە سەرۆكی زانكۆ رایگەیاند لەبەر ڕۆشنایی بڕیار و راسپاردەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دوپاتكراوەتەوە كە پێویستە لەسەر زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی هەموو ئەو سەنتەرانە ئامادە بكرێت و  بڵاوبكرێتەوە  كە باوەرپێكراون و پێویستە تاقیكردنەوەكانیان تێدا ئەنجامبدرێت و  لیژنەی بەدواداچوونیش بۆ ڕاستی و دروستی بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی هەموو كارو ڕێكارە یاساییەكانیان پێك بهێنرێت.

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی باسی لەوەشكرد كەیەكێكیتر لەو بابەتە گرنگانەی كە  لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا باسكراوە بڕیارێك بوو تایبەت بە كۆلێجی یاسا كە دەبێت بۆ خوێندنی ساڵی داهاتوو بۆ وانەكانی كوردی،عەرەبی وئینگلیزی نابێت خوێندكار نمرەكانیان لە70كەمتربێت.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەن دا  سەرۆكی زانكۆی    باسی لە بابەتێكی تری كۆبوونەوەكەی  وەزارەت  كرد ئەویش ئەوەیە كە دەبێت بۆ لەمەودوا بابەتی جینۆساید وەك وانە لە هەموو كۆلێژەكاندا بخوێنرێت . لەم نێوەندەشدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی داوای كرد بە بەشداری كەسانی پسپۆر شارەزا،سەنتەرێك بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت.

    





 2017-06-08
 462