ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کاریگەرى ئیجابى زۆرى لەسەر زانکۆکان هەبوە، د.یوسف گۆران: ڕێکەوتنامەیەک بۆ گەیشتنى توێژەران بەسەرچاوە زانستیەکان ئیمزا دەکەین



ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کاریگەرى ئیجابى زۆرى لەسەر زانکۆکان هەبوە، د.یوسف گۆران: ڕێکەوتنامەیەک بۆ گەیشتنى توێژەران بەسەرچاوە زانستیەکان ئیمزا دەکەین

 shna.amin@univsul.edu.iq

 بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى 

ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان زۆر کاریگەر بوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکاندا کاریگەرى زۆرى لەسەر ئاستى زانستى زانکۆکان هەبوە، بەشێوەیەک لەماوەى جێبەجێکردنەوەى ئەو پڕۆژەیەدا چالاکى توێژینەوەى زانستى بەڕێژەى (٨٠%) زیادى کردوە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى (١٠٧%) زیادى کردوە، هەروەک ئەنجامدانى کۆنفرانسى ناوخۆیى بەڕێژەى (١٤٣%) زیادى کردوە، لەهەمان کاتدا ئەنجامدانى خولى ڕاهێنانیش بەڕێژەى (٦٣%) زیادى کردوە.

لە وۆرکشۆپێکەیدا ڕونکردنەوەى زیاتر لە بارەى ڕیزبەندى زانکۆکان خرایەڕو

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٢/٧/٢٠١٧) لە میانەى وتارێکیدا هات، کە لە وۆرکشۆپى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان پێشکەشیکرد، لەو وۆرکشۆپەدا کە لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بەڕێوەچو بەمەبەستى لە ڕیکخستنى شیکردنەوەى وردەکارى زیاترى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بو بۆ سەرۆکى زانکۆکان.

لەو وۆرکشۆپەدا، کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهاریکارى سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بۆ لیژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ڕێکیان خستبو، لەسەرەتادا ئامادەبوان بەساتێک بێ دەنگی ڕێزیان بۆ شەهیدانى ڕێگەى رزگارى خوازى گەلەکەمان نواند، پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد. 

ڕیزبەندى زانکۆکان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا

لەسەرەتاى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ قسەى زیاتر و ڕونکردنەوەى زیاتر لەسەر پرۆسەیەکى گرنگى وەزارەتەکەمان دەکەین، ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کە بۆتە کۆڵەگەى چاکسازى لە وەزارەتەکەمان، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا داڕێژراوە، بەهاوکارى و هەماهەنگى نێوان هاوکارە نێودەڵەتیەکانمان و شارەزایى و کارامەیى ناوخۆى خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان لەسەر کۆمەڵێک پێوەر داڕێژراوە

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.یوسف گۆران وتى: لەم پڕۆسەیەدا، کە ماوەى دو ساڵە جێبەجێى دەکرێ پشت بە (٧) پێوەرى سەرەکى و (٤٧) پێوەرى لاوەکى دەبەستێت، وتیشى پێوەرەکان لەبەر ڕۆشنایى سیاسەت و ئەولەویەتى وەزارەت و چاوەڕوانیەکانمان لە زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکان و، کۆمەڵگەى ئەکادیمى داڕێژراوە، هاوکات ڕەچاوى پێوەرى نێودەوڵەتى و پێداویستیەکانى دەرکەوتنى زانکۆکانمان لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى کراوە.

کاریگەرى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بەداتا و ژمارە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارەکەیدا بەداتا و ئامار باسى لە کاریگەرى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کرد و لەو بارەیەوە و لەسەرەتادا وتى: پێشتر لەکاتى ڕاگەیاندنى ڕیزبەندى زانکۆ جیهانیەکان پرسیارێک هەمیشە دوبارە دەکرایەوە و پرسیار دەکرا کە ئەولەوێتی ئەم ڕیزەندیانە چین و چۆن دارێژراون، بۆ زانکۆکانى کوردستان لەو ئاستەى ڕیزبەندیانەن، هەربۆیە پرسیارێکیش ڕوبەڕوى وەزارەت دەبوەوە بۆ ئەوەى هەوڵێک بدەین بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکان، بەڵام دواى ئەوەى وەزارەت پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى دارشتو و، دواتر خستیە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبینین لە ئاکامى دو خولى ڕاگەیاندنى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکاندا، کاریگەرى ئەم پرۆسەیە بەڕونى دەبینرێ و، بەبەراورد بە هەردو ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) و(٢٠١٥-٢٠١٦) لەبەر کاریگەرى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکاندا دەبینین چالاکى توێژینەوەى زانستى بەڕێژەى (٨٠%) زیادى کردوە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى (١٠٧%) زیادى کردوە، هەروەک ئەنجامدانى کۆنفرانسى ناوخۆیى بەڕێژەى (١٤٣%) زیادى کردوە، لەهەمان کاتدا ئەنجامدانى خولى ڕاهێنانیش بەڕێژەى (٦٣%) زیادى کردوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕیزبەندى نیشتیمانى بوە ئامرازى چەسپاندنى کەلتورى هاندانى توێژینەوەى زانستى لەو گۆڤارانەى (Impact Factor)یان هەیە.

ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بۆ بەدیهێنانى کۆمەڵێک ئامانجە

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لەلایەنەکانى دیکەى ڕیزبەندنى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کرد و لەو بارەیەوە بەوردى باسى لە ئامانجەکانى ئەو پرۆسەیە کرد و وتى: پرۆسەی ڕیزیەندى نیشتیمانى زانکۆکان تەنها بریتى نیە لە پێشبڕکێى نێوان زانکۆکان، بەڵکو بەدیهێنانى کۆمەڵێک ئامانجە لەوانەش هاندانى گەشەکردن و پێشکەوتنى زانکۆکان لەسەر بنەماى پێوەرى زانستى و ئەکادیمى، بەم پێیە کارکردن و تەرکیزکردن لەسەر بنەماى ئەم پێوەرانە دەبێتە هۆى پێشخستنی زانکۆکانمان لەسەر ئاستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى و دەرئەنجامى زانکۆکانمان لەسەر نەخشەى ئەکادیمى نێودەوڵەتى دیارتر و درەوشاوەتر دەبێت، هەروەک بۆ تێگەیشتنى قوڵە لەبارەى لایەنە بەهێز و لاوازى زانکۆکانمان و، کارکردنە بۆ گەشەپێدانى زیاتری لایەنە بەهێزەکان و چارەسەرکردنى لاوازییەکانمان. هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ تێگەیشتنە لە گرفتەکانى جێبەجێکردنى پرۆسەى دڵنیایى جۆرى لە سیستمى خوێندن و فێرکردن و توێژینەوە لە زانکۆکانى کوردستان، لەهەمان کاتدا بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە ئاراستە و کارایى وەبەرهێنان لەلایەنە جیاکانى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان بەتایبەت (ژێرخانى زانستى و تاقیگەکان، توانا مرۆییەکان، گەیشتن بەسەرچاوە زانستیەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان).

 

ڕێزبەندى نیشتیمانى بۆ تێگەیشتنە لە کارایى زانکۆکان لە پڕۆسەى بەدەستهێنانى فەند و گرانتى نیودەوڵەتى

د.یوسف گۆران ڕونتر لایەنە گرنگەکانى دیکەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى باسکردو وتى: بەهۆى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان زیاتر لە ئاستى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆکان و کارایى ئەم پەیوەندییانە لەسەر گەشەپیدانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان تێدەگەین، لەهەمان کاتدا تێگەیشتنى زیاترە لە هەماهەنگى نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە و، پەیوەندى زانکۆکان بەسێکتەرەکانى حکومەت و کەرتى تایبەت، هەروەک ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ تێگەیشتنە لە کارایى زانکۆکان لە پڕۆسەى بەدەستهێنانى فەند و گرانتى نیودەوڵەتى بۆ کار و چالاکى زانستى هاوبەش لەگەل زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان، وتیشى بەهۆى ڕیزبەندییەوە ئەو بەش و کولێژ و فاکەڵتیانە دەستنیشان دەکرێن، کە کارى زیاتر بۆ گەشەپیدانى زانکۆکان دەکەن.

ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆتە بناغەى نەخشە ڕێگەى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: لە ئاکامى جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان هەمو زانکۆیەک نەخشەیەکى زانستى گرنگى دەست دەکەوێت، کە بەزمانى (ژمارە) ئاستى هەمو چالاکیە زانستى و مەعریفییەکان دیارى دەکات و، خاڵە بەهێز و لاوازەکانى بەدەردەخات و، بەپێیى ئەم نەخشەیە زانکۆ دەتوانێت پلانى درێژخایەن و، پڕۆژەى ستراتیژى بۆ گەشەکردنى هەمەلایەنە دابڕێژرێت، وتیشى ڕیزبەندى نیشتیمانى دەبێتە هاوکارى ڕاستەقینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیاریکردنى ئاستى نەخشەڕێگەى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا و ئاراستەى وەبەرهێنان لە پرۆسەى بڕیاردان و، چاکسازى لە سیستمى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.

زانکۆکان خۆیان دەتوانن زانیارى و داتا داخڵ بکەن

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وتى: بۆ ساڵى (٢٠١٦) بەسودوەرگرتن لە ئەپڵیکەیشنى (Google Apps for Education) توانرا سیستمێکى پیشکەوتوى ئەلکترۆنى ئۆنلاین بۆ ڕیزبەندى نیشتیمانى بونیاد بنرێت، وتیشى ئەم سیستمە پێکدێ لە پۆرتاڵێکى سەرەکى و (٢٧) ویبسایتى لاوەکى، کە هەریەک لە زانکۆکان وێبسایتێکى تایبەتى بۆ دروستکراوە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانن تەواوى زانیارى و داتاکان داخڵ بکەن.

ڕیزبەندى نیشتیمانى بوە بنەماى ژێرخانى ئەلکترۆنى خوێندنى باڵا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەم سیستەمە بوە بنەماى ژێرخانى ئەلکترۆنى خوێندنى باڵا و تەواوى داتا و زانیارییەکانى زانکۆکانى کوردستان بەێوازى ئۆنلاین دەستەبەرکراون، بۆیە بۆ پلاندانان و داڕشتنى ستراتیژییەتى وەزارەت زۆر سودمان لێ وەرگرتوە و، بەیەیەک کلیک دەتوانین جۆرها زانیارى بەدەست بهێنین، بۆیە لەم سیستەمەدا بەهیچ جۆرێک هاردکۆپى تێدا بەکارنایات، هەربۆیە زامنى شەفافیەت و رەخساندنى هەلى یەکسانە لە پڕۆسەکە، زانکۆکان نەک تەنها تەواوى زانیارییەکانى تایبەت بەخۆیان دەبینن، بەڵکو داتا و زانیارى زانکۆکانى دیکەى کوردستان ببینن، لەهەمان کاتدا لە ڕێگەى پۆرتاڵى سەرەکى ڕیزبەندى نیشتیمانییەوە هەمو زانیارى و یاسا و ڕێنماییەکانى تایبەت بەم پڕۆسەیە دەستەبەرکراون، ڕاشگەیاند: ئەمە یەکێکە لە بەرنامە ڕیشەیە گرنگەکانى وەزارەت کە بەپلان و بڕیارى خۆمان جێبەجێمان کردوە، بۆیە لەسەرجەم ئەو چاکسازى و بڕیارانەى کە داومان و  دەستمان پێ کردوە دەبێ بەردەوام پێداچونەوەى پێدا بکەین، ئەوەش بەهاوکارى ئەنجومەنى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆکان تا زیاتر بتوانین خزمەت بە پرۆسەکە بکەین.

بەهەزاران سەرچاوەى زانستى دەخرێتە بەردەست توێژەرانى کوردستان

لە کۆتایى وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مژدەی گەیشتن بەئاستى سەرچاوە زانستیەکانى ڕاگەیاند و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا پڕۆژەى گەیشتن بەسەرچاوە زانستیە ئاستبەرزەکانى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، وتیشى لە ئێستادا ئامادەکارى کراوە بۆ ئیمزاکردنى ڕێکەوتنەکە لەگەڵ دامەزراوەى (EBSCO)، ڕونیشیکردەوە لە ڕێگەى ئەم پڕۆژەیەوە تویژەرەکانمان دەتوانن بەشێوەیەکى یاسایى دەستیان بەباشترین توێژینەوە بڵاوکراوەکانى دونیا بگات و، لە گۆڤارە ئاستبەرزەکانى بڵاودەکرێنەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد لە هەفتەى داهاتوەوە ئەم سیستمە تاقى دەکەنەوە و، لەسەرەتا و قۆناخى تاقیکردنەوەدا (٢٠) ئەکسیس دەدرێتە وەزارەت، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران داواى لە سەرۆکى زانکۆکان کرد نوێنەرێکى لە بوارى زانستى دەستنیشان بکات بۆ ئەوەى بچێتە سەر ئەو پێگەیەو هەڵسەنگاندنى زانستى بۆ بکات بۆ ئەوەى دواتر بڕیارى کۆتایى لەسەر بدات، وتیشى دواى هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکە، توێژرەکانمان سەدان هەزار سەرچاوەیان بەزمانەکانى ئینگلیزى و عەربى دێتە بەردەست، ئەوەش هەنگاوێکى زۆر گرنگ دەبێ بۆ بەرەپێشبردنى پڕۆسەى توێژینەوە لە کوردستان.

گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن

لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، لەلایەن ئەندامانى لێژنەى باڵاى ڕیزیەندى نیشتیمانى زانکۆکان باس لە وردەکارییەکانى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کرا، کە چۆن و بە چ شێوازێک کارەکانى ئەو پرۆسەیە ساڵانە جێبەجێ دەکرێ، دواتریش لەلایەن سەرۆکى زانکۆکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و، نوێنەرى زانکۆکان چەندین پرسیار و تێبینى لەبارەى پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان ئاراستەى لێژنەى باڵاى ریزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کرا.

وەزارەتى خوێندنى باڵا خاوەن دیدێکى نەتەوەیى و ئەکادیمى و ستراتیژییە

لە کۆتایشدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى چەند ڕونکردنەوەیەکى لەبارەى گرنگى ڕیزبەندنى نیشتیمانى زانکۆکان خستەڕو و لەوبارەیەوە وتى: خۆشحاڵبوم بەم دیبەیتە زانستیە، لە ڕاستیشدا ئەوەیە ئەرکى ڕاستەقینەى زانکۆکان، کە گفتوگۆى زانستى لەگەڵ یەکتر بکەن، نەک تەنها سەرقاڵى ڕایکردنى کاروبارى کارگێرى بن، سەبارەت بە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانیش وتى: ناڕەزایبون لە پرۆسیەى ڕیزبەندى نیشتیمانى شتێکى ئاساییە، چونکە ئەگەر نارازى نەبین ناتوانین بەرەو پێشەوە بچین، هەربۆیە یەکەم ئامانجى وەزارەت لە ڕێزبەندى نیشتیمانى دورستکردنى شۆکیک بو بۆ زانکۆکان، وتیشى وەک چۆن لە شتە باشەکان بشکى شێر بۆ ئێمە دەبێت، بەهەمان شێوە لە کەموکوڕییەکانیش ئیمە پشکى شێرمان بەردەکەوێ، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: دیدگاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دیدگایەکى نەتەوەیى و ئەکادیمى و ستراتیژیە و، کارەکانیشمان لەسەر ئەو بنەمایە داڕشتوەو پڕۆژەکانمان جێبەجێکردوە.

وەڵامەکان

لە کۆتایى وۆرکشۆپەکەشدا، لەلایەن ئەندامانى لێژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان وەڵامى سەرجەم پرسیار و سەرەنج و تێبینیەکانى ئامادەبوان درایەوە.

 





 2017-07-16
 274