زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی" پرسی سەربەخۆیی و بنیادنانی دەوڵەت"ی بەڕێوەبرد



زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی" پرسی سەربەخۆیی و بنیادنانی دەوڵەت"ی بەڕێوەبرد

 kosar othman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 ئەمڕۆ 7-9-2017، خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس لە چوارچێوەی" پانێڵی نێودەوڵەتیی چونەدەروە لە زەبروزەنگ" بەهاوكاری زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی" پرسی سەربەخۆیی و بنیادنانی دەوڵەت" ی لە هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی لە نێو كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی سازكرد.

دەستپێكی كۆنفرانسەكەش بە وتەی بەخێر هاتنی میوانان و بەشداربوانی كۆنفرانسەكە دەستی پێكرد، دواتر لەلایەن دكتۆر عادل باخەوان سەرۆكی كۆنفرانسەوە لە وتەیەكدا بە وردی باس لە ئامانجی كۆنفرانسەكەكرا كە خۆی لە باسكردن و گفتوگۆكردن دەبینێتەوە لەسەر ئەو توێژینەوە زانستی و ئەكادیمییانەی كە باس لە بونیادنانی دەوڵەت و ئەو بنەما سەرەكی و لاوەكییانە كرد كە دەوڵەتی لەسەر بونیاد دەنرێت.

هەروەها ئەو پڕۆفیسۆرو مامۆستاو توێژەرانەو بابەتەكانیانی ناساند كە هەم لە كۆنفرانسەكەی ئەمڕۆدا بەشدار دەبن، هەم پێشتر توێژینەوەكانیان لەسەر ئەو بنەمایانە كردوە كە دەتوانرێت دەوڵەتی لەسەر بونیاد بنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كۆنفرانس و توێژینەوەی بە نموونە هێنایەوە كە تائێستا لە جیهاندا لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامدراون، كە هەرێمی كوردستانیش بەدەرنییە لەوە.

دواتر دۆمنیك ماس كونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد كە تێیدا بەكورتی باسی لەو بنەما سەرەكییانە كرد كە دەتوانرێت دەوڵەتی لەسەر بونیاد بنرێت، بۆ مەبەستەش چەند نەتەوەیەكی بە نموونە هێنایەوە كە دەوڵەتیان دروستكردوە یان بەرەو سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوون هەنگاو دەنێن، هەروەها باسی لە رۆڵی توێژەران و ئەكادیمستەكان كرد لە پێشخستن و سەرخستنی ئەو پرۆسەیە كە بە توێژینەوەكانیان دەتوانن كاری جدی لەسەر ئەو بابەتە بكەن.

پاشان بەپێی پڕۆگرامی كۆنفرانسەكە پانێڵی یەكەم لە لێپرسراوێتی د. نیكۆلا ئەشرەف شاڵی بەڕێوەچوو كەتێیدا ، د. ژان –لیوك راسین  مامۆستا لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی پاریس، باس لە بزووتنەوەی جوداخوازی : جیهاد و ململانێی نەتەوەیی : "دۆزی كشمیر" كرا.

هەروەها لەلایەن ئومێد محمد حسێن مامۆستا  لە زانكۆی سلێمانی باس لە بنەما ئابورییەكانی بە دەوڵەتبوونی هەرێمی كوردستان كرا.

هەرلەو پانێلەدا لە لایەن د. عزە احمد عبدالعزیز، CEDEJ خەرتووم، باس لە توانای خۆداهێنانەوە: شێوازەكانی بنیادنانی دەوڵەت و رەنگدانەوەكانی لە وڵاتی سودان دوای 2011 كرا.

دواتر لە لایەن سۆران محمود لە پلاتفۆرمی دابڕان، هەرێمی كوردستان، باس لە دەوڵەتی نەتەوە لە هزری ئیسلامییەكاندا كرا.





 2017-09-07
 1346