زانکۆلاین کارا دەکرێت



زانکۆلاین کارا دەکرێت

 shna.amin@univsul.edu.iq

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا (زانکۆلاین) بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى کارا بکرێ.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە، ڕیکەوتى 2017/9/6 لە کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى وەرگرتن، کە بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، تێیدا بڕیاردرا لە سەعات 5ى سەرلەئێوارەى ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى 2017/9/6 وێبسایتى زانکۆلاین بەناونیشانى (www.regayzanko.com) بۆ ماوەى هەشت ڕۆژ واتە تا سەعات 12ى شەوى ڕێکەوتى 2017/9/14 بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى کارا بکرێ.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ئاگادار دەکات، بۆ بەدەستهێنانى ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن لە کاتى کارابونى (زانکۆلاین) بەکۆدى تاقیکردنەوەکانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى بچنە ناو سیتسمى زانکۆلاین، دواتریش ژمارەى تەلەفۆنى خۆیان تۆمار بکەن و، پاشانیش لەڕێگەى کورتە نامەیەکەوە ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات و، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستمى زانکۆلاین بۆ هەڵبژاردنى بەش و کۆلێژ و پەیمانگە لە زانکۆکان.

عەباس ئەکرەم وتیشى، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنى بڕیارى ئەنجومەنى وەزارەت کراوەتەوە، بەشێوەیەک لە ئێستادا تەنها دەرچوانى خولى یەکەم دەتوانن لە ڕێگەى (زانکۆلاین) داوا پێشکەش بکەن و، لە کاتێکى دیکەدا (زانکۆلاین) بۆ دەرچوانى خولى دوەم کارا دەکرێتەوە، ڕونیشکردەوە دەرچوانى ساڵى پار خولى یەکەم و دووەم ئەوانەى کە ناویان لە هیچ بەش و کۆلێژێک نەگەڕاوەتەوە بەهەمان شێوە دەتوانن لەو ماوەیەدا واتە تا سەعات 12ى شەوى ڕێکەوتى 2017/9/14 دەتوانن لە ڕێگەى (زانکۆلاین) داواکارى پێشکەش بکەن.

عەباس ئەکرەم لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند: کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى،بەشى یاسا، بەشەکانى زیندەوەرزانى و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانى زانست، بەشى زمانى ئینگلیزى لە کۆلێژ و سکوڵەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات لە ڕێگەى (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن، هەروەک دەرچوانیش سەرپشککراون کە داواکارى بۆ چەند شوێن پێشکەش بکەن.

بۆ ئەو دەرچوانەى کە کارتى نیشتیمانیان دەرکردوەو، ناسنامەى بارى شارستانى و ڕەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەکاتى پرکردنەوەى فۆرمى پێشکەشکردن لە(زانکۆلاین) و، لە هەر شوێنێک داواى ژمارەى ڕەگەزنامەو ناسنامەى بارى شارستانى، ئەوا دەتوانن ژمارەى کارتى نیشتیمانیان بنوسن تا کارەکانیان بەتەواوەتى بۆ ڕایبکرێ.





 2017-09-07
 489