سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كۆچی دوایی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بروسكه‌یه‌كی ماته‌مینی ڕاگه‌یاند



سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كۆچی دوایی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بروسكه‌یه‌كی ماته‌مینی ڕاگه‌یاند

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 بە خەم و كەسەرێكی مەزنەوە هەواڵی كۆچی دوایی ڕابەری گەلی كورد وسەرۆك كۆماری پێشووی عیراق و  سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمان بیست، ئەمرۆ  ئێمە سیمبۆلی نەتەوەیمان لەدەستدا كە لە پێناو بە دیهێنانی ماف و  ئازادی و سەربەخۆی نەتەوەكەمان تێدەكۆشی ، ئەمڕۆ ڕۆژی ماتەمی گەورەیە بۆ نەتەوەی كورد ،كەسەرێكی مەزنە بۆ مرۆڤایەتی ، خەسارەتێكی مەزنە بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەكە.

سەرۆك مام جەلال زیاتر لە نیو سەدە لە تەمەنی  بۆ خەبات و ڕابەڕایەتیكردنی شۆرش و بزاوتە رزگاریخۆازەكانی نەتەوەی كورد تەخانكردبوو بە كۆچی ئەم سەركردە مەزنە كە پارسەنگی كێشەكان و هەوێنی ئاشتی و تەبایی بوو لە ناوچەكەدا نەك تەنها بۆگەلی كورد  بەڵكۆ بۆ عیراق و تەواوی گەلانی ناوچەكە خەسارەتێكی مەزنە. مێژووی دەگێرێتەوە لە غیابی سەرۆك مام جەلال لە كاتی نەخۆشكەوتنی دا كێشە و ناكۆكییەكانی عیراق و ناوچەكە بە چ ئاقارێك دا رۆشت ، چونكە  سەرۆك مام جەلال  بەدیهێنەری ئاشتی و تەبایی بوو .

مام جەلال كەسیاسەتمەدارێكی كاریزمایی بوو لەپاڵ تێكۆشانی خەباتی شۆرشگیری و پێشمەرگایەتی و دیپلۆماسی ، لە خەباتی مەدەنی و رێكخراوەی و پاراستنی مافی مرۆڤ دا بەردەوام بوو  ، دامەزراندنی زانكۆ سلێمانی یەكێك بوو بەرهەمەكانی سەرۆك مامجەلال كە جاری یەكەم  لە ساڵی ١٩٦٨ بوو كە یەكێك بوو  لە مەرجەكانی ئەو بۆ دەستپكردنەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ بەغدا و جاری دووەم پاش گواستنەوەی بۆ قەڵادزێ و دووبارە دامەزراندنی لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٢. هیوادارین گەلی كورد و یەكێتی نیشتمانی كوردستان درێژە بە رێباز و فەلسەفی سیاسی مامی گەورەمان بدات و هەوڵە پیرۆزەكانی بە ئامانج بگەیێنن بە تایبەت یەكگرتووی ریزەكانی گەلی كورد و یەكێتی ناو یەكێتی.

 

ماڵئاوا مامی گەورەمان...

 

پرۆفیسوری یاریدەردەر

د. ڕەزا حەسەن

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی





 2017-10-03
 1936