زانكۆی سلێمانی سەردانی مەنزڵگەی سەرۆك مام جەلال دەكات



زانكۆی سلێمانی سەردانی مەنزڵگەی سەرۆك مام جەلال دەكات

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

ئەمڕۆ 11-10-2017، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆو سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ سەردانی مەنزڵگەی سەرۆك مام جەلالیان كرد لە دەباشان و وەفای خۆیان بۆ سەرۆك مام جەلال سەركردەو رابەری گەلی كوردو سمبولی خەبات و تێكۆشان و ئاشتی و پێشكەوە ژیان دووپاتكردەوە.

بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆك زانكۆی سلێمانی، سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران سەردانی مەنزڵگەی سەرۆك مام جەلال رەمزی خەبات و تێكۆشان و ئاشتی و پێشكەوە ژیان و شكۆی نەتەوەی كوردیان كردو لە مەراسیمێكی شایستەدا تاجەگوڵینەی زانكۆی سلێمانی و سەرجەم كۆلێجەكانی زانكۆ لەسەر ئارامگای سەرۆك مام جەلال دانرا، سەرجەم ئامادەبوان وەفایان بۆ رێبازە مەزنەكەی سەرۆك مام جەلال دووپاتكردەوە، تەئكیدیانكردەوە كە هەمیشە بەردەوام دەبن لەسەر ئامۆژگارییەكانی سەرۆك مام جەلال لەسەر گەشەدان بەبواری زانست و پێشكەوتن لەو وڵاتدا.
 
دواتر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆ وێرای بەخێر هاتنی سەرجەم ئامادەبوانی مەراسیمەكە لە وتەیەكیدا رایگەیاند: ئێمە ئەمڕۆ وەك زانكۆی سلێمانی هاتوینەتە سەر ئارامگەی ئەو سەركردەیەی كە هەمیشە هەوڵی پێشكەوتن و گەشەكردنی بواری خوێندن و زانكۆی داوەو یەكێك بووە لەو كەسانەی كە بەردەوام هاوكارو پاڵپشتی زانكۆی سلێمانی بووەو هەمیشە هەوڵی پێشكەوتنی بواری زانستی و زانكۆی داوەو ئامانجی سەرۆك مام جەلال ئەوەبووە كە زانكۆكان لە وڵاتەدا پەرەیان پێبدرێت و وڵاتێكی خوێندەوارو پێشكەوتوومان هەبێت، وتیشی: سەرۆك مام جەلال دامەزرێنەری زانكۆی سلێمانی بووە، ئەمە شەرەفێكی زۆر گەورەیە بۆ زانكۆی سلێمانی، ئێمەش ئەمڕۆ لە حزوری ئارامگەی ئەو سەركردەیە وەفا و بەڵێن دووپاتدەكەینەوە كە هەمیشە لەسەر رێبازە مەزنەكەی مام بەردەوام دەبین.
 
 
 
 
  
 




 2017-10-11
 1597