لە زانكۆی سلێمانی مەراسیمێكی ڕێزلێنان بۆ دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول ئەنجامدرا



لە زانكۆی سلێمانی مەراسیمێكی ڕێزلێنان بۆ دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول ئەنجامدرا

 shna.amin@univsul.edu.iq

لە مەراسیمێكی شایستە و بێوێنەدا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2017/12/3 بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول و بە چاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بە یاوەری  دكتۆر ئاراس زەینەڵ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و دكتۆر عەبدولقادر حەمەئەمین ڕاگری كۆلێجی زمان و ژمارەیەك لە مامۆستا و خوێندكاران و كەسانی زانستدۆست و ئەكادیمی لە كولێجی زمان لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی گەورەترين هۆڵی وانەبێژی لە بینای كۆلێجی زمان كرا بەناوی پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی كە بە بواری مێژوو ئەدەبی كوردی كردووە.

 

لە مەراسیمەكەدا و لە ناو ئاپۆرای زانست دۆستاندا پاش ئەوەی هۆڵێك لە كۆلێجی زمان بە ناوی پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسولەوە كرا لە ووتارێكدا دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی سوپاسی ڕاگر و كۆلێجی زمانی كرد لە بەرامبەر ئەو كارەی ئەنجامیانداوە و ووتی: گەورەیی دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول ئەوەندە زۆرە نەک هۆلیك بەڵكۆ شایەنی ئەوەیە زانكۆیەكی بەناوەوە بكریت چونكە دكتۆر عیزەدین هەموو تەمەنی خۆی لە پێناو خزمەت گەیاندن بە بواری زانست و ئەدەبی كوردی  تەرخانكردووە لەم پێناوەشدا چەندەها نەوەی پێگەیاندووە كە لە ئێستادا خزمەت بە زانكۆ و مێژوو ئەدەبی كورد دەكەن و ڕایگەیاند: لێرەوە داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و كۆلێجی زمان دەكەم كە خوێندكاری خوێندنی باڵای بۆ دیاری بكرێت چونكە تا ئێستاش خۆشحاڵانە دكتۆر عیزەدین توانای ئەوەی ماوە وەك چۆن لە ڕابردوودا لە خزمەتكردن نەوەستاوە و بەردەوام بووە ئاوا ئێستاش دەتوانێت لەو یارمەتییانە بەردەوام بێت لە پێناو بەرەپێشچوونی ووڵاتدا، لە كۆتاییدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دووبارە سوپاسی هەموانی كرد لە پای ئامادەبوونیان و دووبارە هیوای سەلامەتیشی بۆ دكتۆر عیزەدین مستەف ڕەسول خواست.

 موحسین حەمەسەعید قادر بە سایتی فەرمی زانكۆی سلێمانی ڕاگەیاند و ووتی: ئێمە وەك لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێجی زمان هەستاین بە ئەنجامدانی دووچالاكی و سەرەتا بە باشمان زانی وەك ڕێزلێنانێك لە تەمەنێك كە پڕاوپڕە لە خزمەتكردن بە زمان و ئەدەبی كوردی و لە بەرامبەر ماندووبونی مامۆستا و زانای گەورەی گەلەكەمان پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول كۆلێجی زمان بەباشی زانی یەكێك لە هەرە گەورەترین هۆڵەكانی بکات بەناوی پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول، ئەو ئەندامەی لیژنەی ڕۆشنبیری ووتیشی: لە چالاكی دووەمیشدا بە هاوكاری ڕێكخراوی ئۆرچات دوو كورتە فلیم نمایشدەكرێت كە ڕێكخراوێكی بەریتانییە، ئایدیای كورتە فلیمەكانیش گوزارشت لە بونیاتنانی ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكات كە لەم دۆخەی ئێستادا پێویستە و مەبەستمانە كە خوێندكارەكانمان هۆشیار بكەینەوە بەوەی کە ڕێگەی یەكترقبوڵكردن بكەنە بنەما بۆ كارەكانیان موحسین حەمەسەعید وای ووت.

 

هەر لە درێژەی مەراسیمەكەدا دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول سوپاسی سەرۆكی زانكۆ و ڕاگری كۆلێژی زمان و زانكۆی سلێمانی و ئامادەبوانی كرد و ووتی: ئەمە دووەم جارە كە دەبینم ڕێزلێنانم بۆ رێكدەخرێت  كە ئەمەش بۆمن شتێكی ئێجگار بەنرخە لە بەرامبەر ئەو كارانەی كە كردوومە، ڕایگەیاند: خۆشحاڵانە تا ئێستاش توانای نوسین و خوێندنەوەم ماوە و ووتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوا لاپەڕەی دواهەمین كتێبی خۆمم نووسی لە ژیاندا بە ناونیشانی(كورد كتب بللغەعربیە) كە بە زمانی عەرەبی نووسیومە.

لە درێژەی قسەكانیدا دكتۆر عیزەدین ئاماژەی بەوەدا و ووتی ئێستابێت یان لە ئایندەدا بێت كورد هەر دەبێت بە خاوەن دەوڵەتی خۆی و هیواشی خواست كە بتوانێت لەگەڵ هەمواندا ئەو ڕۆژە ببینێت، پاشانیش كورتەیەكی لەسەر مێژووی كورد و كوردستان باسكرد، لە كۆتایی قسەكانیدا دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول دووبارە سوپاسی هەموانی كرد بەوەی كە تا لە ژیانداماوە ببینێت چۆن ڕێزی لێدەگیرێت كەئەمەش بە كارێكی باشی وەسفكرد و ووتی پێویستە لە سەر هەمووان خزمەتی ئەو كەسانە بكەن كە لە ژیاندا ماون و هەموو ژیانیان بۆ میللەتەكەیان تەرخان كردووە.

 

 





 2017-12-03
 198