پڕۆفیسۆره‌كانی زانكۆی سلێمانی ڕێزیان لێنرا



پڕۆفیسۆره‌كانی زانكۆی سلێمانی ڕێزیان لێنرا

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 
ئەمرۆ 24-12 بە چاودێری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی رێَزلێنان بە زیاتر لە 90 پرۆفیسۆری زانکۆی سلێمانی بەرێوەچوو، لەو رێوڕەسمەدا کە لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو هەریەک لە دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و سەرۆک زانکۆکانی کوردستان و پرۆفیسۆران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی ئامادەی بوون. سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. پاشان دکتۆر سیروان خورشید سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری مەراسیمەکە لە وتەیەکیدا وتی بێگومان هەموومان هاوڕاین لەبارەی ئەوەی کە ئەم جۆرە کەسانە شایستەی رێزلێنانن چونکە بەشێکی زۆری تەمەنیان لە پێناو زانست و ئەکادیمیا تەرخان کردووە تا گەیشتوون بە پلەی پرۆفیسۆر. وتیشی ئەو پلەیە چەندین ساڵ لە خوێندن و توێژینەوەو هەوڵی بێوچانی پێویستە. بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان لەپای ئەرک و ماندووبوونی بەخشینی چەندین ساڵە لە تەمەنیان. باسی لەوە کرد ئەو پرۆفیسۆرانەی ئەمڕۆ خەڵات دەکرێن جێی شانازیین بۆ زانکۆیەک کە بناغەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لەوێوە دەستی پێکردووە، دواتر پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە وتەیەکدا وتی خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە زیاتر لە 90 مامۆستای زانکۆی سلێمانی کە هەڵگری بەرزترین نازناوی پلەی زانستین کە ئەویش پرۆفیسۆرە، وتیشی ئەو بەڕێزانە هەموو ژیانیان تەرخان کردووە بۆ زانکۆی سلێمانی و ئاستی زانکۆو خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی. سەرەڕای ئەوەی دامەزرێنەری بەردی بناغەی خوێندنی ماستەرو دکتۆرا بوون لە کوردستان و زانکۆی دایک، وتیشی رەنگە ئەم رێزلێنانە لە رووی مادییەوە شتێکی ئەوتۆ نەبێت، بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە هەروەها وەک پاداشتێکی ماندوو نەبوونی کەسانێک کە خزمەتی زانستیان کردووە وەفایەکە بۆ ئێوەی بەڕێز، لە کۆتایی وتەکەشیدا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی سوپاسی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کرد کە بەردەوامن لەسەر پرۆسەی خوێندن، وتیشی کە ئەوان وەک سەرۆکایەتی زانکۆ بەڵێنیان پێدەدەن بۆ دابینکردنی سەرجەم شایستە داراییەکان بۆ مامۆستاو فەرمانبەران لە رێگەی سندوقی داهاتی زانکۆوە، پاشان وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەشکردو تێیدا وتی خۆشحاڵم لەخزمەتی پۆلێک لە زاناو توێژەرو بیرمەندو ئەکادیمی وڵاتەکەمدام، هەروەها سوپاسی زانکۆی سلێمانی و بەشی ئەندازیاری شارستانی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم مەراسیمە، وتیشی ئێوەی پرۆفیسۆران بە توێژینەوەو بەردوام بوونتان لەژیانی ئەکادیمی بەشداریتان لە پرۆسەی بەردەوامی فێرکردنی رۆڵەکانمان گەیشتوونەتە بەرزترین پلەی زانستی و ئەکادیمی، بۆیە ئێمە شانازیتان پێوە دەکەین و باوەڕمان وایە زانایان و پرۆفیسۆرو ئەکادیمیانی وڵاتەکەمان سەروەت و سامانی ئەدەبین و ئەرکی هەموومانە کە خزمەتیان بکەین و دەرفەتی کارو توێژینەوەو داهێنانی زیاتریان بۆ برەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن داینەمۆی گەشەپێدان و زانکۆو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بن وتیشی ئێوە توێژەری سەرکەوتووی وڵاتەکەمانن، دواتر کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی شارستانی چەند چالاکییەکی هونەرییان پێشکەش کرد، پاشان لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی خەڵاتی رێزلێنان درایە پرۆفیسۆرانی ئامادەبووی مەراسیمەکە.
 

 

 





 2017-12-25
 1842