بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردییەوە ، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە



بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردییەوە  ، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

 kosarothman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

 مامۆستایان ، فەرمانبەران ، خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی...

بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردییەوە بە ناوی خۆم و ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەین. 
 
ئەمساڵ گەرچی بە جەستەیەكی بریندارەوە بەڵام بە مۆراڵێكی بەرزەوە یادی جەژنی نه‌تەوەیی نەورۆز  دەكەینەوە ،  جەژنێك كە لەیەك كاتدا هەم شینە و هەم شادی  شینێك ، شێوەنێك ، زێمارێك بۆ عەفرینی زامدار چونكە لەبەرچاوی جیهانەوە قەتڵ و عام دەكرێت ; شادییەك بۆ كه‌ركوكی قودسی كوردستان چونكە پاش  رووداوەكانی دوای ریفراندۆم ئەم شارە بۆیەكەم جارە لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ،ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای شارەكە ،كەرناڤاڵی نەتەوەیی دەكاتەوە .
 
 نەورۆز هەمیشە بۆ گەلی كورد  سیمبۆلی نەسره‌وتنە لە خەبات و تێكۆشان بۆ رزگاری تەواوی كوردستان و گەیشتن بە مافه‌ ڕەواكانی  بۆیە ئێمە ئەمرۆ لە باشوری كوردستان لە گردی مامە یارەی سلێمانی،  لە قەڵای سەربەرزی كەركوك ، لە هەولێری پایتەخت ، لە دهۆكی رەنگین و لە زاخۆی دەلالەوە پەیامی ئەوەمان بە وڵاتە زلهێزەكان و  دوژمنانی نەتەوەكەمان گەیاند كە هیچ هیزێك ناتوانێت ئەم ناسنامە نەتەوەییەمان لێ بسەنێت چونكە ئێمە هەموو رۆژێكمان نەورۆزە و هەموو پارچەیەكی ئەم خاكەش عەفرینە . 
 
هیوادارین ئەم جەژنە ببێ بە جەژنی یەكێتیی ریزەكانی گەلی كورد و بە یەك دەنگ و یەك دەست بەرەو بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی كورد و  سەربەخۆیی و رزگاریی یەكجارەكی كوردستان.
 
بەرز و پیرۆز بێت جەژنی نەورۆز
پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر: دكتۆر ره‌زا حه‌سه‌ن
     سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی




 2018-03-21
 829