دووەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی هاوبەشی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی و زانكۆی جیهان دەستیپێكرد



دووەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی هاوبەشی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی و زانكۆی جیهان دەستیپێكرد

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

ئەمڕۆ 6-5-2018، بە چاودێری د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی،بەدروشمی (خێزان بنچینەی كۆمەڵگەیەو ئامانجی یاساكانە) لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی كۆلێجی یاسای و رامیاری زانكۆی سلێمانی دووەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەشی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی و كۆلێجی یاسای زانكۆی جیهان لە ژێر ناونیشانی (بەرەو چەسپاندنی سیستمێكی یاسایی تۆكمە بۆ پاراستنی خێزان)، بەڕێوەچوو.

سەرەتای دەستپێكی كۆنفرانسەكە بە بەخێرهاتنی میوانەكان و  چەند ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستیپێكرد، دواتر وتاری رێكخەری كۆنفرانس خوێندرایەوە، پاشان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لەبارەی كۆنفرانسەكە پێشكەشكردو تیایدا زۆر سوپاسی راگرایەتی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی كرد كە توانیوێتی لە ماوەی كەمتر لە 3 ساڵدا دوو كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی جیهان ببەستێت، كە ئەمە جێگەی رێزو دەستخۆشییە.
دواتر رایگەیاند: لای بەڕێزتان ئاشكرایە كە زانكۆی سلێمانی ئەمساڵ 50 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزرانیدا لەماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا زانكۆی سلێمانی هەمیشە داینەمۆی رۆحی كوردایەتی و خۆشەویستی نیشتمان و ئینتیمای نەتەوایەتی لە ناو خوێندكاراندا چەسپاندوە، زانكۆی سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و رۆشنگەری بووە لە هزرو بیری تاكی كورد د، هەروەها وتیشی: زانكۆی سلێمانی هەمیشە قوتابخانەی بڵاوكردنەوەی ئایدیای دیموكراسی و سەروەری یاساو رێزگرتن لەسەرجەم مافەكانی مرۆڤ بووە لە كۆمەڵگەدا.
 وتیشی: بەستنی ئەم كۆنفرانسەش هەر لە چوار چێوەی ئەو ئەو كۆنسێپتەدایە كە زانكۆی سلێمانی هەمیشە كاریگەرییەكی ئەو تۆی هەبووە لەسەر كۆمەڵی كوردی و سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو كۆمەڵگە بووە بە شێوەیەكی تەندروست.
 سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە كۆتایی وتەكانیدا داوای كرد سەرجەم توێژینەوەو راسپاردەو تێبینی و راوبۆچونەكانی كۆنفرانسەكە بەرزبكرصتەوە بۆ سەرۆكایەتی زتانكۆ تاكو ئەوانیش بە نوسراوی فەرمی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی لێ ئاگاداربكەنەوە.
دواتر چالاكییەكانی تری كۆنفرانسەكە كە خۆی لە پێشكەشكردنی توێژینەوەكاندا دەبینییەوە دەستیپێكرد، كە تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لە بواری یاسادا دەخرێتەڕوو كە بەشێكی توێژەرەكان لە دەرەوەی وڵاتەوە بانگهێشتكراون.
    
 
  
 




 2018-05-06
 222