وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی وه‌رگرتن له‌ زانكۆكان تا 70% بۆ ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌م ده‌بێت



وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی وه‌رگرتن له‌ زانكۆكان تا 70% بۆ ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌م ده‌بێت

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: له‌ پێناو تێكه‌ڵبون و سود وه‌رگرتن له‌ سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خوێندن و، زوتر ده‌ستكردن به‌ده‌وام، به‌تایبه‌ت خوێندكارانی قۆناخی یه‌ك، وه‌ك پێشتر ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بو، ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی وه‌رگرتن تا (70%) بۆ ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌م له‌ پۆلی دوانزه‌ ده‌بێ.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی (3/7/2018) لە میانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت هات.

خوێندكارانی قۆناخی یه‌كه‌م ئه‌مساڵ ده‌وامیان زوتر ده‌ست پێده‌كات

له‌سه‌ره‌تایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ گۆڕانكاری له‌ سیستمی وه‌رگرتن كرد و وتی: بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران له‌ زوترین كاتدا ده‌ست به‌خوێندن بكه‌ن، به‌تایبه‌ت خوێندكارانی قۆناخی یه‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: له‌ ئێستادا هه‌مو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا سه‌ره‌تایی مانگی سیپته‌مبه‌ر ناوی خوێندكاران له‌ ڕێگه‌ی (زانكۆلاین) بڵاوبكرێته‌وه‌‌، وتیشی ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌ كاتی خوێدا كارئاسنیمان بۆ ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆكان، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زانكۆكان ده‌توانن زوتر ئه‌كریده‌یتشن وه‌ربگرن، د.یوسف ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین‌ هاوشێوه‌ی وڵاتانی دونیا ساڵی داهاتو ته‌نها ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌م وه‌ربگرین، ئه‌وه‌ش بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری ده‌وامی خوێندكارانه‌‌ له‌ زانكۆكان.

ساڵنامه‌ی خوێندن

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تدا، د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت سمینارێكی ده‌رباره‌ی ساڵنامه‌ی زانكۆ پێشكه‌شكرد، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌و ساڵنامه‌یه‌دا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆك زانكۆكان كرد، وتیشی به‌هه‌موان هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌م ساڵنامه‌ی ئه‌كادیمی و ساڵنامه‌ی ئه‌كادیمیان ئاماده‌كرد، وتیشی له‌ ساڵنامه‌كه‌دا‌ بریتیه‌ له‌ ماوه‌یه‌ی كه‌ خوێندكار په‌یوه‌ندی به‌زانكۆ ده‌كات تا كۆتایی ساڵ، ڕونیشكرده‌وه‌ له‌ ئاماده‌كردنی ساڵنامه‌كه‌دا‌ جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌‌ سه‌ر سیستمی سیمیسته‌ر، چونكه‌ زۆرینه‌ی زۆری زانكۆكانی جیهان ئه‌و سیستمه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، د.محمد حسین وتی: ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ باسكردنه‌ له‌ ماوه‌ی خوێندن له‌ زانكۆكان، چونكه‌ یه‌كخستنی ماوه‌ی خوێندن له‌ زانكۆكان ئه‌سته‌مه، بۆیه‌ گرنگه‌ ئێمه‌ له‌ كوردستان له‌ مانگی سیپته‌مبه‌ر ده‌ست به‌خوێندن بكرێ و له‌ مانگی ته‌مموز كۆتایی به‌پڕۆسه‌ی خوێندن له‌ زانكۆكان بێ، هه‌ر له‌ میانه‌ی سمیناره‌كه‌یدا سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری ورده‌كارییه‌كانی ساڵنامه‌كه‌ی خسته‌ڕو، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به‌هه‌فته‌كانی خوێندن و ڕۆژانی تاقیكردنه‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا ڕۆژه‌كانی پشو و بۆنه‌ نیشتیمانیه‌كان و بۆنه‌ تایبه‌تیه‌كانیشی دیاریكردبو.

دوا به‌دوای پێشكه‌شكردنی سمیناره‌كه‌ی، ساڵنامه‌كه‌ی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیاریدا له‌ ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا  ئه‌و ساڵنامه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێ، هه‌روه‌ك زانكۆكانیش سه‌رپشكران ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا بوو ئه‌مساڵ بتوانن جێبه‌جێی بكه‌ن، ئه‌توانێ جێبه‌جێیی بكات، له‌هه‌مان كاتدا كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیاریشدا هه‌ر خوێندكارێك پابه‌ند نه‌بوه‌ به‌ڕۆژه‌كانی ده‌وام و پشو و، ڕێژه‌ی (10%) نه‌هاتنی تێپه‌ڕاند ده‌بێ ئه‌و ساڵه‌ به‌كه‌وتو بۆیی هه‌ژمار بكرێ. 

ماوه‌ی خوێندنی باڵا دڕێژ ناكرێته‌وه‌

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت داوایه‌كی خوێندكارانی خوێندنی باڵا/ ماسته‌ر و دكتۆر ڕه‌تكرایه‌وه‌، كه‌ داوایان كردبو بۆ جاری چواره‌م ماوه‌ی خوێندنه‌كه‌یان بۆ درێژبكرێته‌وه‌‌، هه‌روه‌ك بڕیاریشدرا ڕێشوێنی پێویست له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و خوێندكارانه‌ش بگیرێته‌به‌ر كه‌ خوێندكاره‌كانی له‌ خوێندنی باڵا داوای درێژكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ جاری سێیه‌م و چواره‌م داوای درێژكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

بڕیاره‌ كارگێڕی و دارییه‌كان

له‌ بواری کاروباری کارگێری و داراییشدا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت دوای تاوێكردنی چه‌ند بابه‌ت و ته‌وه‌رێك، له‌ سه‌ر داوای زانكۆكان چه‌ند بڕیارێك درا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و له‌سه‌ر داوای زانكۆی كۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی کێشەی ئەو بەڕێزانەی لە کاتی مۆڵەتی بێمووچەدا بڕوانامەی باڵایان بە دەستهێناوە، نوسراوێك به‌رزبكه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئەنجومەنی وەزیران، چونکە زۆرینەیان میلاکی زانکۆن و پێویستیان بە پسپۆڕییەکانیانە، هه‌روه‌ك له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بڕیاری ئه‌وه‌شدرا کرێی وانەبێژی هەر سه‌عاتێكی وانەوتنەوە بە دو سه‌عات بۆ ئەو مامۆستایانەی کە وانەبێژن لە سێنته‌ره‌كانی زمان هه‌ژماربكرێ، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی وه‌زاره‌تدا دێ بۆ بایه‌خدان به‌زمانی ئینگلیزی.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، له‌سه‌ر داوای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت  بڕیاردرا به‌ گۆڕینی ناوی كۆلێژی ئه‌ده‌بیات له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین/هه‌ولێر بۆ كۆلێژی ئاداب، كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت داوایه‌كی زانکۆی ڕاپەرین ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری بكات، كه‌ تایبه‌ت بەکارکردن بە ڕێنمایی ژمارە (7) بۆ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ.

بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌خوێندكاران

له‌ ته‌وه‌ری تایبه‌ت به‌کاروباری قوتابیان / خوێندکاران چه‌ند بابه‌تێك تاوتوێكرا، له‌وانه‌ گواستنەوەی خوێندکاران لە نێوان زانکۆکان و بابه‌تی وانەكانی سەرباركردن و  ناوه‌ڕۆكی پرۆگرامه‌كان و یه‌كه‌كان، كۆبونه‌وه‌كه‌ داوایه‌كی وەزارەتی پەروەردەشی په‌سند كرد،  كه‌ تایبه‌ت بو بە بەخشینی وانەی زمانی سریانی هاوشێوەی زمانی کوردی و عەرەبی بۆ پۆلی 12 ی زانستی بۆ ساڵی خوێندنی 2016-2017 بۆ کۆمەڵەی زانستی .

 





 2018-07-08
 666