بەدروشمی موفتی شاعیری هۆشیاربونەوەو هەڵوێست كۆنفرانسی زانستی موفتی پێنجوێنی بەڕێوەچوو



بەدروشمی موفتی شاعیری هۆشیاربونەوەو هەڵوێست كۆنفرانسی زانستی موفتی پێنجوێنی بەڕێوەچوو

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

بەدروشمی (موفتی شاعیری هۆشیاربونەوەو هەڵوێست)، كۆنفرانسی زانستی موفتی پێنجوێنی بەهاوبەشی زانكۆی و سلێمانی و قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن بەڕێوەچوو.

لەو كۆنفرانسەدا كە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ژمارەیەكی بەرچاو  لە مامۆستایانی زانكۆو شاعیران و رۆشنبیران ئامادەیبوون، تێیدا، زیاتر لە 32  توێژینەوەی زانستی لەسەر  شاعیرو شیعرەكانی موفتی پێنجوێنی پێشكەشكران. 
 لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە وتارێكدا رایگەیاند: كە زانكۆ بە ئەركی خۆی دەزانێت بایەخێكی تەواو بەو كەڵە پیاو  و رۆشنبیرانەی میلـلەتەكەمان بدات، كە هەوێنی هۆشیاركردنەوەی ئەم گەلە ستەمدیدەیەبوون، كە یەكێك لەو رۆشنبیرە  گەورانەی گەلەكەمان مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای موفتییە كەلە سەرەتای سەدەی رابردوو تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم هەمیشە وەك چرایەكی رۆشن لەشەوەزەنگی ئەم نەتەوەیە بانگەواز دەكات بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكی بۆ خوێندەواركردنی كۆمەڵگەو ناردنی منداڵانی كورد بۆ خوێندن و كردنەوەی خوێندنگاو داواكاری بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری، هەروەها وەك تێكۆشەرێكی بواری سەربەستی ئافرەت و یەكسانی نێوان ژن و پیاو كاری كردوە.
 وتیشی: ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسەش بێ گومان بۆ زیاتر ناساندن و برەودانە بە بەشێكی گەورە لە لێكۆڵینەوە زانستی و ئەكادیمییەكان لەسەر كارەكانی موفتی پێنجوێنی كە لە بواری شیعرو ئەدەب و رۆشنبیری كوردیدا ئەنجامدراوە، تا بتوانین لەم بۆنانەدا ئەو توێژینەوانە بخرینەڕوو گفتوگۆی زانستی و ئەكادیمی تێروتەسەلیان لەسەر بكرێت، بە ئامانجی برەودانی زیاتر بە كایەی رۆشنبیری و هونەری مەعریفی كوردی.
لە كۆنفرانسەكەدا زیاتر لە 32  توێژینەوەی زانستی لەسەر  شاعیرو شیعرەكانی موفتی پێنجوێنی پێشكەشكرا، لە چوارچێوەی حەوت پانێڵدا كە لەلایەن پرۆفیسۆرو مامۆستاكانی زانكۆ جیاجیاكانی كوردستانەوە ئامادەكراون.
موفتی پێتنجوێنی ناوی مەلا عەبدوڵڵایەو بە موفتی پێنجوێنی  ناسراوەو یەكێك بووە لە شاعیرە نەتەوەییەكانی میلـلەتەكەمان كە لەسەردەمی خۆیدا بەردەوام لەبواری شیعرو ئەدەبی و نوێگەری خزمەتی بە گەلەكەی كردوە، لە پاش خۆشی شیعرەكانی بونەتە سەرچاوەیەك لەفەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردیدا .
 




 2018-08-19
 547