یەكەم رۆژی دیداری نێودەوڵەتی داهاتووی كورد لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو



یەكەم رۆژی دیداری نێودەوڵەتی داهاتووی كورد لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

ئەمڕۆ 9-10-2018، لەژێر چاودێری  دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د. ئاڵان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، یەكەمین دیداری نێودەوڵەتی هاوبەشی هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ژێر ناونیشانی (داهاتووی كورد) لە هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی دەستی بەكارەكانی كرد.

لە سەرەتای  دیدارەكەدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، بەناوی هەردوو سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆڵیتەكنیكی سلێمانییەوە، بەگەرمی بەخێرهاتنی  دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم میوانە بەڕێزەكان و ئامادەبووانی دیارەكە كردو، رایگەیاند: مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە لەلایەن هەردوو زانكۆ وەك دوو دەزگای رۆشنبیری  پێشكەوتوو لە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری و شاری سەرهەڵدانی بەرخۆدانی كوردایەتی بۆ ئەوەیە كە بەشێوەیەكی زانستی و لە ئەنجامی توێژینەوەی زانستییەوە تیشك بخرێتەسەر چۆنییەتی دیاریكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ میللەتەكەمان، دیارە ئەمڕۆ زانكۆكان پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕێن بۆ كۆكردنەوەی خاوەن قەڵەم و كەسانی پسپۆڕو شارەزا لە بواری دۆزی نەتەوەكەمان، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ چەندین رۆشنبیرو كەسایەتی ئەكادیمی و شارەزای بواری سیاسەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم كۆنفڕانسەدا بەشدار دەبن و سیمیناری زانستی پێشكەش دەكەن ، لەوانە بەڕێزان فیردیناند هینری بیشلەر و ئەحمەد تەبەقجلی و د. میلتا و ئەحمەد ئەسكەندەرو میشیل لیزنبێرگ، چەند پسپۆڕو كەسایەتییەكی تر لە دەرەوەی كوردستان و شارەزا لە بواری كێشەكانی كوردو چەند توێژەرێك و پسپۆڕێكی ناوخۆی كوردستان چەندین شارەزاو توێژەر كە ئەم وتووێژو توێژینەوە زانستیيانە، ئەتوانرێت رۆڵی هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی نەوەی ئێستاو داهاتووی میللەتەكەمان و هاندەربێت بۆ دروستكردنی نەخشەرێگایەك بۆ گەیشتن بەسەرجەم مافە رەواكانی میللەتەكەمان.
دواتر پانێڵەكانی یەكەم رۆژی دیدارەكە دەستیپێكرد كە بە پانێڵی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، كە لەسەر كێشەی كەركوك  بۆ كوردبوو، كە چەند رەهەندی سیاسی هەیە ئەوەندەش رەهەندی سومبولی نەتەوەیی هەیە كە لە رووی مێژووییەوە كێشەكە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق دەگەڕێتەوە، ئەوكاتەی كە ناسیۆنالیزمی تازەی دەركەوتووی عەرەبی لە ناوەڕاستی سەردەی رابردودا بە عەرەب كردن و سڕینەوەی ناسنامەی كوردی وەك پڕۆژەیەكی فكری سیاسی  لە نێو فكری سیاسی سونە عەرەبی دەركەوتوو ، كە لەسەردەمی بەعسیشدا ئەم بیرۆكەیە گەیشتە لوتكە.
هەروەها باسی لە سیاسەتی شۆڤێنی تەعریب كرد لەسەر ناوچە دابرێنراوەكانی باشوری كوردستان بە تایبەت لە شاری كەركوك كە گەورەترین ئاسەواری سیاسەتی بەعەرەبكردنی تێدا بەجێماوە.
پاشان پانێڵەكان لەلایەن هەریەك لە  فیردیناند هینری بیشلەر و ئەحمەد تەبەقجلی و د. میلتا و ئەحمەد ئەسكەندەرو میشیل لیزنبێرگ بەڕێوەچوو، كە گفتوگۆ بوو لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی و ئەو كێشانەی كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەن و كێشەی گەورەی نەتەوەیی و خاكی بۆ كورد دروستكردوە.
     
 




 2018-10-09
 368