سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە شاندی هاوبەشی چەند رێكخراوێكی مەدەنی دەكات



سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە شاندی هاوبەشی چەند رێكخراوێكی مەدەنی دەكات

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

شاندێكی هاوبەشی چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانیان كردو بەنیازن، دووەمین كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان ئەنجامبدەن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكایەتی زانكۆیان بانگهێشتكردوە. 
ئەمڕۆ 18-10-2018، د. كاوە ئەمین یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی، لەبری سەرۆكی زانكۆ پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی رێكخراوی "ئۆن پۆنتەپێری" ئیتاڵی و رێكخراوی ئاشتی و ئازادی و دەست پێشخەری پاڵشتی كۆمەڵگەی مەدەنی عیراق رێكخراوی مەسەلەو رێكخراوی پارێزەرانی ئاو و رێكخراوی سۆڵیدارێتی كرد، كە بە مەبەستی بانگهێشتكردنی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بە شداریكردن لە كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان كە بڕیارە لە رێكەوتنی 24 و 25 ی ئۆكتۆبەری 2018 بەڕێوەبچێت، سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆیان كردبوو.
سەرەتا وەفدەكە ئامانجی سەردانەكەیان بۆ سەرۆكایەتی زانكۆ باسكرد، كە بە نیازن دووەمین كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان ئەنجامبدەن كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و تێیدا چەندین كەسانی پسپۆڕو شارەزاو ئەكادیمیست تێیدا بەشداردەبن و لە كۆڕبەندەكەدا چەندین میوانی بیانی ئامادەدەبن لەوانە باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا بەشداردەبێت.
بڕیارە لەو كۆڕبەندەدا چەندین وۆرك شۆپ و گفتوگۆی ئەكادیمی لەسەر بابەتەكانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافەكانی مرۆڤ و میدیاو دیموكراسی و پاراستنی مافی ئاوارەكان و كاراكردنی رۆڵی سەندیكاكان و بەشداریكردنی ژنان لە كایەی سیاسی و ناوەندەكانی بڕیاردا لە هەرێمی كوردستان و پاراستنی ژینگەو ئاو ئەنجامبدرێت.
سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی وێڕای خۆشحاڵیان بۆ سەردانی وەفدەكە دەستخۆشیان لە ئەندامانی ئەو گروپانەشكرد كە كار لەم جۆرە پڕۆژانەدا دەكەن، پشتگیری و پشتیوانی خۆشیان بۆ كارەكانیان و هاوكاریكردنیان دەربڕی.
 كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان فەزایەكی كراوەیە بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەش لە نێوان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تۆڕو چالاكوانانی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان.
       




 2018-10-18
 655