وەفدێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی زانكۆی سلێمانی دەكات



وەفدێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی زانكۆی سلێمانی دەكات

 press@univsul.edu.iq

بەمەبەستی ئاگاداربوون‌و بەدواداچوون بۆ كێشەی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی، وەفدێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، سەردانی سەرۆكی زانكۆی سلێمانیان كرد.

 لەدیدارێكدا، كە د.رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌و د.كاوە ئەمین یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی‌و خوێندنی باڵا و د.ئاراس فەریف زەینەڵ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران ئامادەی بوون، بە وردی باس لەكێشەی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی كرا.

لەوبارەیەوە، د.رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی زانكۆی سلێمانی، باسی لەسەرەتای دروستبوونی كێشەی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان كردو رایگەیاند، هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشانە دەگەڕێتەوە بۆ رووداوی گڕگرتنی یەكێك لەباڵەخانەكانی بەشی ناوخۆیی كەمپی نوێی زانكۆ لەساڵی رابردوودا، كە سەرەنجام بووە هۆی لەكاركەوتنی سیستمی گەرمی و ساردی بەشێكی زۆری باڵەخانەكانی دیكە.

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، ئاماژەی بەهەوڵەكان كرد بۆ چارەسەركردنی بەپەلەی كێشەكان و وتی:"ئێستا تیمێك راسپێردراوە بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوی كێشە تەكنیكیەكان و لەداهاتوویەكی زۆر نزیكدا كێشەی نەبوونی هەوا و ئاوی گەرم لە بەشە ناوخۆییەكاندا چارەسەر دەكرێت". لەبارەی چارەسەركردنی گرفتی پاككردنەوەی بەشە ناوخۆییەكانیش، د.رەزا حەسەن حسێن ئاشكرایكرد، بۆ پاككردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان، رێكارەكانی تایبەت بەگرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی پاككردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان كۆتایی هاتووەو لەداهاتوودا دەستبەكار دەبن.





 2018-11-14
 376