٢٢ توێژەر خەڵات کران.. زۆربەیان لە زانکۆی سلێمانین



٢٢ توێژەر خەڵات کران.. زۆربەیان لە زانکۆی سلێمانین

 kosar othman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

بە چاودێری و ئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە مەراسیمێکدا بۆ یەکەمین جار توێژەری ساڵی دیاریکراو (22) توێژەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خەڵات و رێزلێنانی وەزارەتیان پێشکەشکرا کە یەک لەسەر سێی توێژەرەکان لە زانکۆی سلێمانی بوون.

ئەمڕۆ 11ی 12ی 2018، لەڕێوڕەسمێکدا، کە سەرۆکی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکان و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی ئامادەی بوون، مەراسیمی بەخشینی خەڵات و رێزلێنان بۆ 22 توێژەری زانکۆکانی کوردستان لە (هۆتێل دیڤان)ی شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کە بەشی زۆری توێژەرەکان، توێژەری زانکۆی سلێمانی بوون.

پرۆفیسوری یاریدەردەر د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كە لەو مەراسیمەدا ئامادەبوو پیرۆزبایی لە زانكۆی سلێمانی كرد بۆ ئەم سەركەوتنە گەورەیە و دەستخۆشی لە توێژینەوەرانی زانكۆ كرد بۆ بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرز وباوەڕپێکراوەكان، ئەمەش بۆتە هۆی بەرزكردنەوەی ریزبەندی زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی جیهان.

لەو مەراسیمەدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ئەگەر بە وردی لە داتاکانی ریزبەندیی نیستیمانی بڕوانین دەبینین بە بەراوردکردنی ساڵانی (٢٠١٥ تا ٢٠١٨) ژمارەی فاکتەری کاریگەری کۆکراوە لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستیی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکانی جیهان بەڕێژەی (586%) زیادی کردوەو ژمارەی توێژینەوە بڵاوکراوەکانیش لەو گۆڤارانەی کە ئیندێکس کراون بەڕێژەی (700%) زیادی کردوە.

وتیشی:"لەئێستادا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەوردی کار دەکات بۆ ئامادەکردنی لیستی ئەو گۆڤارانەی، کە باوەڕپێکراون و توێژەرانی هەرێم دەتوانن توێژینەوەکانیان تیایدا بڵاوبکەنەوە، لیستێکی دیکەش ئامادە دەکرێت بۆ ئەو گۆڤارانەی کە دەخرێنە لیستی رەشەوە".

دواتر خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ئەو توێژەرانەی کە لەئاستی زانکۆ حکومییەکانی کوردستان لەساڵی خوێندنی (٢٠١٧/٢٠١٨)دا توانیویانە توێژینەوەکانیان لەباشترین گۆڤارە زانستییە جیهانیاکاندا بڵاوبکەنەوەو زۆرترین فاکتەری کاریگەریی کۆبکەنەوە، بەجۆرێک لەبواری زانستە سروشتی و تەتبیقیەکان (١٥) توێژەرو لە بواری زنستە مرۆڤایەتییەکانیش (٧) توێژەر لە پلەی یەکەمدا بوون، کە یەک لەسەر سێی توێژەرەکان سەر بە زانکۆی سلێمانی بوون.





 2018-12-12
 665