روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی



روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی كه‌ناڵی ( ئێن ئاڕ تی)

سه‌باره‌ت به‌ راپۆرته‌‌ بێ بنه‌ماكه‌ی كه‌ناڵی ( ئێن ئاڕ تی) له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (١٠\٣\٢٠١٩) بڵاویكردوته‌وه‌ ، راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی به‌ پێویستی ده‌زانێ ئەم روونكردنه‌وه‌ی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاته‌وه‌.

گه‌رچی ‌ ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌ كه‌ناڵی (ئێن ئاڕ تی) هێرشی ناڕه‌وا ده‌كاته‌ سه‌ر زانكۆی سلێمانی ، پێشتریش به‌ به‌رده‌وامی هه‌واڵی ناڕاست و بێ بنه‌ما له‌باره‌ی زانكۆی سلێمانی و ستافه‌ ئه‌كادیمی و ئیدارییه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌و پێویستی به‌ روونكردنه‌وه‌ی زۆر نییه،‌ چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێ لایه‌نێك به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕاستی و دروستی توێژینه‌وه‌كان و دامه‌زراوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی وه‌كو زانكۆی سلێمانی بكات كه هیچ نه‌بێ كه‌مێك شاره‌زایی لەو‌ بواره‌‌دا هه‌بێت، نه‌ك به‌و شێوەیە‌ی ئه‌م كه‌ناڵه‌ ‌ به‌ زمانێكی عه‌وامیی دوور له‌ ئیتیكی ڕاگه‌یاندن بڵاوی كردۆته‌وه‌ و له‌ بری ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی ناوبراو بڵندگۆیه‌ك بێت بۆ گه‌یاندنی راستییه‌كان و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی، كه‌چی په‌نا بۆ هه‌موو شتێك ده‌بات له‌ پێناو مه‌رامێكی به‌رته‌سكی سیاسی ‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناوزڕاندن و ته‌شهیره‌ی به‌رامبه‌ر شه‌خسی سه‌رۆكی زانكۆ كراوه ‌و ده‌كرێت، سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی داوا له‌ وه‌زاره‌ت خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ زانستی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات له‌ راستی و دروستی ئه‌م راپورته‌ی كه‌ناڵی (ئێن ئاڕ تی) بكۆڵنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مە یه‌كه‌م هه‌وڵی چه‌واشه‌كاری كه‌ناڵی ناوبراو نییه‌ به‌رامبه‌ر بە زانكۆی سلێمانی ، و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆش ده‌مێكه‌ له‌ نیه‌ت و هه‌ڵپه‌ و مه‌رامی كه‌ناڵه‌كه‌ و داینه‌مۆی كارپێكه‌ری تێگەیشتووە،‌ هه‌ره‌وه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانین رای گشتی كوردستان له‌و ڕاستتییە تێگه‌یشتووە. كه‌ ئه‌م جۆرە هه‌وڵانه‌ی كه‌ناڵی ناوبراوه جگه‌ لە دژایه‌تیكردنی زانكۆی سلێمانی و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی تری ئه‌كادیمی ئه‌م ده‌ڤه‌ره،‌ هیج مه‌به‌ستێكی تری نییه…. به‌ڵام‌‌ به‌ پێویستی ده‌زانین به‌ چه‌ند خاڵێك ئه‌م روونكردنه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی بڵاو بكه‌ینه‌وه‌:-

١_ ئه‌و دوو توێژینه‌وه‌ی (ئێن ئاڕ تی) باسی ده‌كات توێژینه‌وه‌ی هه‌ڵهێنچراون و هی زانكۆی سلێمانی نین‌ ، به‌ڵكو نامه‌یه‌كی ماسته‌ری زانكۆی مه‌نسووره‌‌ی وڵاتی میسره‌ و سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی خۆبه‌خشانه‌ سه‌رپه‌رشتیاری دووه‌می ماسته‌رنامه‌كه‌ بووه، بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژ‌ینه‌وه‌كانیش له‌و گۆڤاره‌دا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ به‌رێز سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌ بڕیاری زانكۆی مه‌نسووره‌‌ بووه‌ هه‌روه‌ك چۆن مافی خۆیانه‌ له‌ هه‌ر گۆڤارێك توێژینه‌وه‌كه‌یانیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌ . 
٢-بوونی هه‌ڵه‌ له‌ ناو، ناونیشان ، ناوی كۆلێج و زانكۆ شتێكی باوه‌ هیچ له‌ بایه‌خ و گرنگی توێژینه‌وه‌كان كه‌م ناكاته‌وه‌ و كاتێكیش توێژینه‌وه‌كه‌ نێردراوه‌ بۆ گۆڤاره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی و له‌ رێگه‌ی ئیمه‌یله‌وه‌ داوای راستكردنه‌وه‌ی كردووه،‌ به‌ڵام وەڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و به‌ به‌ڵگه‌ ‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن.

٣- به‌رێز سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی له‌ ساڵی ٢٠١٢ پله‌ی زانستی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ری وه‌رگرتووە و ‌به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ساڵی ٢٠١٢ توێژینه‌وه‌ی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی به‌كارنه‌هێناوه‌، هه‌ر وه‌ك له‌ به‌شێكی راپۆرته‌كه‌دا باس ده‌كرێ.
٤- به‌رێز سه‌رۆكی زانكۆ نه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی نه‌ بۆ وه‌رگرتنی پاداشت و كۆكردنه‌وه‌ی خاڵی زانستی به‌ كاری نه‌هێناوه‌ گه‌رچی مافی خۆشیه‌تی ئەو كارە بكات، به‌ڵام ته‌نها خۆبه‌خشانه ‌بووه‌
٥- ئه‌م چه‌واشه‌كارییانه‌ی (ئێن ئاڕ تی) تازه‌ نین و پێشتریش به‌ چه‌ندین شێوه‌ هێرش ناڕه‌وا ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی ته‌نها بۆ له‌كه‌داركردنی ناوبانگی زانكۆ و سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانییه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ ئێستا له‌ به‌رزترین پله‌دایه ‌و هه‌رگیز ئه‌و پێگه‌ی ئێستای نه‌بووه‌ له‌ ریزبه‌ندی زانكۆكانی جیهان دا.

٦- له‌ رۆژانی داهاتوو دا لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی گۆڤاره‌ زانستییه‌كانی زانكۆی سلێمانی روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو و به‌شێوه‌یه‌كی نا فه‌رمی كه‌ناڵه‌كه‌ش ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ له‌و زانیارییه‌ بێ بنه‌مایانه‌ی پێ دراوه‌ كه‌ به‌ده‌ر له‌ دژایه‌تیكردنی زانكۆ و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌سه‌رده‌می ئێستادا به‌ده‌ستی هێناوه‌، هیچ مه‌به‌ستێكی تری نییه‌، ژماره‌كان له‌باره‌ی پێگه‌یی زانستی زانكۆكه‌مان و ئاستی به‌رزی توێژینه‌وه‌كانی گه‌واهی راستییه‌كه‌ن.
٧- له‌ كۆتاییدا زانكۆی سلێمانی به‌ ‌‌‌‌‌ مافی خۆی ده‌زانێت توندترین رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌م هه‌واڵه‌ بێ بنه‌مایانه‌ی كه‌ناڵی (ئێن ئاڕ تی) و چه‌واشه‌كارییه‌كانی به‌كاربهێنێت.

راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی





 2019-03-11
 214