ڤیدۆی فێرکاری - چۆنێتی دانانی وانە لە سایتی تایبەتی مامۆستا



 Kewan Omer (kewan.muhammad@univsul.edu.iq)



 بەشی وێبسایت لە بەڕێوەبەرایتی تەکنەلۆجیای زانیاری زانکۆی سلێمانی هەستاوە بە ئامادە کردنی ڤیدیۆیەکی فێرکاری بەمەبەستی بەرچاو ڕوونی تەواو بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بە مەبەستی چۆنێتی دانانی وانەکان لە وێبسایتی تایبەتی خۆیان و چۆنێتی بەدەست خستن و داونلۆد کردنی لەلایەن خوێندکارانەوە.


کارزان تاهیر، لە بەڕێوەبەرایتی تەکنەلۆجیای زانیاری کە هەستاوە بە ئامادەکردنی ئەم ڤیدیۆیە بە سایتی زانکۆی سلێمانی ڕاگەیاند " وەک پێشتر پەیمانمان بە مامۆستا بەڕیزەکان دابوو ڤیدیۆیەکی فێرکاری لەسەر چۆنێتی دانانی وانەکان ئامادە بکەین و بەرچاو ڕوونی تەواو بدەین بە مامۆستایان کە چۆن بتوانن وانەکانیان دابنێن لە وێبسایتی تایبەتی خۆیان بە دوو شێواز شێوازێک کە وانەکان تەنها خوێندکاران لە ڕیگەی ئیمەیڵەوە بتوانن بیبینن و شێوازێکیش بۆ ئەو مامۆستایانەی کە ئاساییە وانەکانیان ببینرێت لای هەموو کەسێک".

 

لە دوا ووتەیدا ناوبراو ڕایگەیاند " داوا لە هەموو مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆی سلێمانی دەکەین کە پاش ئاشنابوون بە شێوازی دانانی وانەکان هەوڵ بدەن لەمەو دوا وانەکان بەو شێوازە دابنێن بە شێوازی رۆژانە نەک هەموو وانەکان پێکەوە، واتە هەر وانەیەک خوێندرا لە زانکۆ پاشان مامۆستا هەستێت بە دانانی دواین وانە لە وێبسایتی تایبەتی خۆی و خوێندکاران بتوانن زانیاریەکان وەدەست بخەن، هەروەها دەتوانن بەهەمان شێوە توێژینەوەکانیشیان بڵاو بکەنەوە".

هەروەها لە ماوەیەکی کەمدا هەمان فێرکاری بەشێوەی نوسین و بە زمانی کوردی بڵاودەکرێتەوە تا ببێتە یارمەتیدەرێکی تر بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی.


 





 2015-12-14
 3613