خوێندنەوەیەك بۆ دۆخی سیاسی ئێستای كوردستان لە پانێڵێكدا



خوێندنەوەیەك بۆ دۆخی سیاسی ئێستای كوردستان لە پانێڵێكدا

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

ئەمڕۆ 5-2-2019، لەژێر ناوی (خوێندنەوەیەك بۆ دۆخی سیاسی ئێستای كوردستان)، پانێڵی هاوبەشی ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان لەگەڵ زانكۆی سلێمانی- كۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەكان لە هۆڵی بابانی كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكان بەڕێوەچوو.

پانێڵەكە بە بەشداری هەریەك فەرید ئەسەسەرد (توێژەر) بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی كوردستان و د. عابد خالید (مامۆستای زانكۆ) راگری كۆلێژی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی و د. ئیبراهیم سەعید (مامۆستای زانكۆ) سەرۆكی ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان و مامۆستا هیوا عەلی (مامۆستای زانكۆ) لە كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی ئەنجامدرا.
لە سەرەتای دەستپێكردنی پانێڵەكە د. ئیبتسام ئیسماعیل راگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان وتەیەكی بەو بۆنەیەوە پێشكەشكردوو رایگەیاند: بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە پانێڵانە لە زانكۆی سلێمانی وەك ناوەندێكی ئەكادیمی لە شاری سێمانی زۆر گرنگ و پێویستە، چونكە پێویستە ناوەندە ئەكادیمییەكان لە رووی زانستییەوە تاوتوێی بارودۆخی سیاسی بكەن و توێژەران توێژینەوەو راو سەرنجەكانیانی تێدا بخەنەڕوو بۆ ئەوەی بەوردی خوێندنەوەیەكی زانستییانەو ئەكادیمی بۆ دۆخی سیاسی و قەیرانەكانی هەرێم كوردستان بكەن.
دواتر لە دەستپێكی پانێڵەكە فەرید ئەسەسەرد بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی كوردستان، بەووردی باسی لە قۆناغەكان و هەلومەرجە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد لە هەردوو قۆناغی پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمی 2017 ، هەروەها باسی لەو قەیرانە سیاسی و ئابورییە قوڵانەكرد كە لە دوای ریفراندۆم رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوویەوە، هەروەها بەوردی باسی بنەما سەرەكییەكانی دروستبوونی دەوڵەتی كردو ئەو بنەمایانەشی خستەڕوو كە پاڵنەربوون بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بیر لە ریفراندۆم بكاتەوە.
 هەرلەبەشێكی قسەكانیدا بەوردی باسی لەو ئاریشەو كێشانە كرد كە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە بە تایبەت لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق و وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، هەروەها باسی لە هەلومەرجە گونجاوەكان و كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم كرد بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ.
لەبەشی دووەمی پانێڵەكەدا  د. عابد خالید (مامۆستای زانكۆ) راگری كۆلێژی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی، لەرووی زانستی رامیارییەوە باسی لە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان و ململانێ سیاسی و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا كرد لە دۆخی ئێستادا.
پاشان لەلایەن  هەریەك لە د. ئیبراهیم سەعیدو مامۆستا هیوا عەلی باس لە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان و پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەلومەرجەكان بۆ دامەزراندنی پایە گرنگەكانی دروستبوونی دەوڵەت و گەشەكردنی كرا.
   
 




 2019-02-05
 357