رێكخراوی كەیساین داوای لێبوردن لە زانكۆی سلێمانی دەكات



رێكخراوی كەیساین  داوای لێبوردن لە زانكۆی سلێمانی دەكات

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رایگشتی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان، رێكخراوی كەیساین بۆ توێژینەوەی زانستی داوای لێبوردن لە زانكۆی سلێمانی دەكات، بەوەی لە ماوەی رابردوودا كە لە راگەیاندنەكانەوە بەرنامەی تایبەت دەربارەی كێشەی گۆڤاری ساختەكراوە، لەرووكاری بەرنامەكەدا وەها دەركەوتووە كە گۆڤاری ساختە لە چەند دامەزراوەیەكدا بوونی هەیە، بەو پێیەش ناوی زانكۆی سلێمانی براوە، بۆیەش لەو روونكردنەوەیەدا بۆ رایگشتی و سەرجەم لایەنە پەیوەندییدارەكان و خەڵكی كوردستان، رێكخراوی كەیساین بۆ توێژینەوەی زانستی، داوای لێبوردن لە زانكۆی سلێمانی دەكات و بە هەموولایەكیشی رادەگەیەنێت كە ئەوان بە هەڵە تێگەیشتوون لە بەرنامەكەشیاندا هەڵە دەربڕین هەبووە.

هەرلە روونكردنەوەكەیاندا رێكخراوی كەیساین بۆ توێژینەوەی زانستی،  زانكۆی سلێمانی و هەموو لایەك دڵنیادەكاتەوە كە خەمی كەیساین تەنها بەرەوپێشبردنی توێژینەوەی زانستییە لە كوردستان لە رووی چەندێتی و چۆنێتییەوە، بۆیەش دوای داوای لێبوردن لە زانكۆی سلێمانی دەكات، وەك رێكخراوی كەیساین ئەوە رادەگەیەنن كە بە هیچ شێوەیەك ئەوە بەدروست نازانن كێشەیەكی جیهانی بدەنە پاڵ دامەزراوەیەكی رەسەنی خاوەن سەدان توێژینەوەی زانستی ئاست بەرزی وەك زانكۆی سلێمانی، كە لەماوەی رابردودا لە لایەن خودی رێكخراوی كەیساینەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە زانكۆی سلێمانی وەك یەكەم زانكۆ لە هەرێمی كوردستان لەماوەی رابردوودا بە هەزاران توێژینەوەی زۆر ئاست بەرزو باروڕپێكراوی تێدا ئەنجامدراوە، كە زۆربەی توێژینەوەكان لە گۆڤاری زانستی جیهانی باوەڕپێكراو و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا پێشكەشكراون و خەڵاتی زۆر گەورەو باشیان وەرگرتووە، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ ئەوەی لەماوەی رابردوودا، ئاستی زانستی زانكۆی سلێمانی لەریزبەندی زانكۆكانی عیراق و جیهانیش پلەیەكی زۆر باشی هەبێت. 
    

 





 2019-02-12
 971