بۆ یەكەم جار تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی نێودەوڵەتی توانستی زمان لە زانكۆی سلێمانی ئەنجامدرا



بۆ یەكەم جار تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی نێودەوڵەتی توانستی زمان  لە زانكۆی سلێمانی ئەنجامدرا

 kosar othman(kosar.amin@univsul.edu.iq)

  ئەمڕۆ 19/5 لە زانكۆی سلێمانی و بۆ یەكەم جار تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی توانستی زمان ئەنجامدرا، كە بۆ دەرخستنی ئاستی زمانی ئینگلیزییە لە زانكۆكانی كوردستاندا، لەڕێی ئەم تاقیكردنەوەیەوە زانكۆكانی كوردستان دەچنە سەر نەخشەی جیهانی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی.

بۆ دەرخستنی  ئاستی زمانی ئینگلیزی لە دواین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی پرۆژەی هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی (English Proficiency Index) کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First) ەوە لە سەر ئاستی جیهان بەڕێوەدەچێت. کە ئەم پرۆسەیە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی توانستی زمانی ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن دامەزراوەی (Education first) سەرپەرشتی دەکرێت و تاقیکردنەوەکەش بێ بەرامبەرە و لە ڕێگه‌ی ئۆنلاین و لەناو زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی (English Proficiency Index) ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لەو وڵاتانەی کە زمانی یەکەمیان ئینگلیزی نییە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و داهێنان و توێژینەوە و پەرەپێدان لەو وڵاتانە، لە ئه‌مڕۆ بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردەی کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First)ەوە ئەنجام دەدرێت

جێی باسە دامەزراوەی (Education First) یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان کە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ئەزمونی کارکردنیاندا گرنگی بە فێربوون و ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی دەدەن و خاوەنی ڕاپۆرتی بەناوبانگن،: (English Proficiency Index) ساڵانە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لە تەواوی وڵاتانی دونیا هەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە و پەرەپێدانەوە. 





 2019-05-19
 328