زانكۆی سلێمانی لە مەراسیمێكدا رێز لە مامۆستا جەمال عەبدول دەنێت



زانكۆی سلێمانی لە مەراسیمێكدا رێز لە مامۆستا جەمال عەبدول دەنێت

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

زانكۆی سلێمانی بەهاوكاری كتێبخانەی گشتی سلێمانی مەراسیمێكی رێزلێنانی بۆ مامۆستا جەمال عەبدول رێكخست.

ئەمڕۆ 4-7-2019، لەژێر چاودێری د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان و بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندین بەرپرسی حزبی و حكومی و مامۆستایان و رۆشنبیران و هونەمەندان و كەسایەتی و هاوڕێ و بنەماڵەی مامۆستا "جەمال عەبدول"  زانكۆی سلێمانی، بە هاوكاری كتێبخانەی گشتی سلێمانی، لە هۆڵی تەواری یەكێتی ژنانی كوردستان، مەراسیمێكی بۆ رێز لێنان لە مامۆستا جەمال عەبدول رێكخست، لەپای ئەو خزمەتە زۆرو زەوەندەی كە بە بواری پەروەردەو زانست و رۆشنبیری میللەتەكەمانی كردووە، كە نزیكی نیوسەدەیە بەردەوام و بەبێ وچان لەرێگەی نوسین و پەروەدەوە خزمەت بە زمان و كلتورو رۆشنبیری و زانست دەكات و  لە كوردستان.
سەرەتای مەراسیمەكەش بە ساتێك وەستان بۆرۆحی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان دەستیپێكرد، دواتر لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانییەوە، وتاری سەرۆكاتی زانكۆی سلێمانی خوێندرایەوە، كە بەوردی باسی لە گەورەیی و بەخشندەیی و خزمەتەكانی مامۆستا جەمال عەبدول كرد بە میللەتەكەمان، هەروەها وتی:  جێگەی فەخرو شانازییە بۆ میللەتی كورد كە كەسانی وەك مامۆستا جەمال عەبدول-ی هەیە، كە هەموو تەمەنی خۆی لە خزمەتی میللەتەكەیی و نیشتمانەكەی بەخشیووەو هەمیشەو بێ وچان كاری كردووە بۆ بەرەو پێشبردنی زانست و پەروەردەو رۆشنبیری و كلتوری كوردەواری .
 وتیشی: ئەم جۆرە لە رێزلێنانە شتێكی زۆر كەمە بۆ بەرزی و بەخشندەیی مامۆستا جەمال عەبدول بۆیە زانكۆی سلێمانی یەكێكە لەو ناوەندە مەعەریفی و زانستی و رۆشنبیرییانەی لە شاری سلێمانی كە زۆر قەرزداری مامۆستا جەمال عەبدول-ە، چونكە هەوڵ و هیمەت و خەمخۆری مامۆستا جەمال عەبدول و چەند كەسایەتییەكی دڵسۆزی وەك مامۆستا، زانكۆی سلێمانی لەم شارەدا دامەزراندەوەو هەر هەوڵی بێ وچانی ئەو زاتە گەورەیەبوو وایكرد زانكۆی سلێمانی بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا، بۆیە مەراسیمێكی لەم جۆرە ئێستا زۆر كەمە بۆ ئەو بەخشندەیی و گەورەیەی مامۆستا  جەمال عەبدول.
پاشان فیلمێكی دیكۆمێنتاری بەناوی داربەروو لەسەر ژیان و كارو ئەزموون و خزمەتەكانی مامۆستا جەمال عەبدول، پەخشكرا.
دواتر وتاری هەریەك لە نوێنەری وەزیری رۆشنبیری هەرێم و بەرێوەبەری كتێبخانەی گشتی سلێمانی خوێندرانەوەو، پاشان قەڵغانی زانكۆی سلێمانی لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، بەخشرایە مامۆستا جەمال عەبدول.
دواتر چەپكە گوڵی رێزوەفا لەلایەن چەند لایەنێك و كەسایەتی و رێكخراوەكانەوە بەخشرایە مامۆستا جەمال عەبدول.
 هەرلەو مەراسیمەدا كتێبی"جەمال عەبدول- بیلۆگرافیای كتێب و پێرستی لە كتێبی كوردیدا  1979-2018" بڵاو كرایەوەو وەك دیاری پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.
 




 2019-07-04
 411