وەزیری خوێندنی باڵاو سەرۆكی زانكۆی سلێمانی هونەرمەند مەزهەری خالقی بەسەردەكەنەوە


رۆژی یەكشەممە 4-8-2019، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستی هەرێم و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی سەردانی ئینیستیوتی كەلەپوری كوردییان كرد لە سلێمانی و لەلایەن هونەرمەندی گەورەی گەرلەكەمان مەزهەری خالقی سەرۆكی ئینیستیوتی كەلەپوری كورد، پێشوازیان لێكرا.
هەرلەو دیدارەدا د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستی هەرێم و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، ستایشی كارو ئەزمونی هونەرمەند مەزهەری خالقی و ئینیستیوتی كەلەپوری كوردییان كرد كە وەك سەنتەرێكی كلتوری توانیوێتی خزمەتێكی باش بە بواری كلتورو رەسەنایەتی هونەرو رۆشنبیری كوردی بكات.
هەر لەو سەردانەدا هونەرمەند مەزهەری خالقی كورتەیەكی لەبارەی ئینیستیوتەكەی پێشكەش كردو و پوختەیەكیشی لەبارەی دابونەریتی كوردەواریی و پێكهاتەی ئاین و نەتەوەكانی كە لە كوردستان دەژین خستەڕو، ڕاشیگەیاند: لەهەرێمی كوردستان نەتەوەو ئاینە جیاوازەكان بە ئاشتی بەیەكەوە دەژین، لەو ڕوانگەیەوەش بەپێویستی زانی ڕۆحیەتی بەیەكەوە ژیان لە كوردستان كاری لەسەر بكرێت و پیشانی دونیا بدرێت، هەروەها لە دووتوێی نمایشكردنی چەند بابەتێكی بەڵگەنامەیی دۆكیۆمێنتاری ئامانجی ئینیستیوتی كەلەپوری كورد ڕوونكرایەوە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: هونەرمەند مەزهەری خالقی سەرمایەكی گەورەی ئەم نیشتمانەیەو شانازی پێوەدەكەین، كە بەو تەمەنەوە بەدوای داهێنان و كۆكردنەوەی گەورەترین سەرمایەی نەتەوایەتیدا دەگەڕێت، كە ئەویش كلتور و كەلەپوری كوردییە، ئاماژەی بەوەشدا، وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەی هاوكارییكردنی پڕۆژەو بەرنامەكانی و هونەرمەند مەزهەری خالقی و ئینیستیوتی كەلەپوری كورد دەبین.





