زانكۆی سلێمانی هەزاران بەڵگەنامەی دانسقە دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی



زانكۆی سلێمانی هەزاران بەڵگەنامەی دانسقە دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی

 kosar othman([email protected])

 ناوەندی كوردستانی زانكۆی سلێمانی نزیكەی پێنج هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەت بە بەمێژووی نوێی كورد لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقەوە دەگێڕێتەوە بۆ سلێمانی بەمەبەستی پێڕستكردن و هەڵگرتن و ئامادەكردنیان بۆ بەردەستی توێژەران.

بەڵگەنامەكان كە بەشێوەی دیجیتاڵین و پێڕست و بەرگ و ڕونكردنەوەیان لەگەڵدا هاوپێچە تایبەتن بە مێژووی سیاسی و كارگێڕیی شارەكانی سلێمانی، هەولێر، كەركوك، هەڵەبجە، خانەقین و شەنكال و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 1900 تا ساڵانی پەنجاكان كە هاوكاتە لەگەڵ دامەزراندن و چەسپاندنی پایەكانی دەوڵەتی عێراق لەسەر نەخشەی ئێستا.

ئەم بەڵگەنامانە تا ئێستا بەشێوەی كاغەزیی لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقدا لە شاری بەغدا هەڵگیراون كە مێژووی دامەزراندنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 و بەئەستەم ڕێگە دەدرێت بە گواستنەوەو كۆپیكردنیان لەبەر هەستیاری دۆسییەكانیان و ڕێوشوێن و بەندوباوەكانی وەرگرتنی بەڵگەنامەكان، بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا "ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی" توانی وێنەیەكی دیجیتاڵی دەوروبەری پێنج هەزار لەو بەڵگەنامانە لە ئەرشیفخانەكانی بەغداو شاری نەجەفەوە بگێڕێتەوە بۆ سلێمانی و كاركردنیش بەردەوامە بۆ گێڕانەوە هەزاران لاپەڕەیتر لەو ئەرشیفە گرنگ و دانسقەیەی كە بەشێكی گرنگە لە یادەوەریی تۆماركراوی شارو شارۆچكەكانی كوردستان.

ناوەندی كوردستان رایدەگەیەنێت كە پاش گەشتنەوەی ئەو بەڵگەنامانە توێژەرانی ناوەندەكە لەهەوڵی پێڕستكردن و جیاكردنەوەو ئەرشیفكردنیان دەبن لە ناو پرۆگرامی تایبەت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا وەك سەرچاوەیەكی دانسقە بخرێنە بەردەستی توێژەران و لێكۆڵەرانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی كوردستان.

بەڵگەنامەكان بریتین لە نەخشە، ڕاپۆرتی ئیداری، یاداشت و سكاڵاو داواكاریی هاوڵاتیانی كورد، بروسكەی دەزگا فەرمییەكان، پۆستەو نامە گۆڕینەوەی نێوان دەزگاكانی عێراق و ئێران دەربارەی سنوور و كێشە سنوورییەكان و هەندێ بڕیارو ڕێوشوێنی قەزایی دەربارەی خەڵكانی داواكراو، ئەمە جگە لەچەندین بەڵگەو تۆماریتر كە تیشك دەخەنە سەر ئەڵقە ونەكانی مێژووی كورد لە عێراق.

ناوەندی كوردستان ناوەندێکی بەڵگەنامەیی- دیکۆمێنتکردن و توێژینەوەی ئەکادیمی سەر بە زانكۆی سلێمانییە، كار دەكات لەبوارەكانی دیکۆمێنتکردن(التوپیق)، دیکۆمێنتپارێزی، کۆکردنەوەی دیکۆمێنتی ناوخۆ و دەرەوە و ئەرشیفی رۆژنامەوانی کوردستان، دەستنووسەکانی کوردستان (کۆکردنەوە و پاراستن) لەگەڵ کۆکردنەوەی مێژووی زارەکی و ئەنجامدانی توێژینەوە لەم بوارانەو كۆمەلێك چالاكیتری زانستیی.

#ناوەندی_كوردستان داوا دەكات لە هەموولایەك لە پێناو كۆكردنەوە و پاراستنی ئەرشیفكی بەڵگەنامەیی و دەستنووس و مێژووی زارەكی و كەلەپوری نیشتیمانیمان، ئەم دامەزراوەیە وەك ناوەندێكی زانستیی حكومیی نیشتیمانیی بە دەستێكی ئەمین و دڵسۆز بزانن بۆ ڕادەستكردنی #وێنە، #بەڵگەنامە، #دەستنووس و فایلە دەنگی و رەنگییەكانتان بۆ ئەوەی لەناو پێشكەوتووترین سۆفتوێری تایبەتمەنددا (بە پاراستنی مافی خاوەندارێتیتانەوە) دیجیتاڵ بكرێن و بخرێنە بەر دەستی توێژەران.

ناونیشان: هەرێمی کوردستانی عێراق/ سلێمانی/ سەرەتای شەقامی مەولەوی-بەرامبەر سلێمانی پاڵاس و باخی گشتی- بینای پێشووی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی- خوار قایمقامییەتی سلێمانی.

 





 2019-09-24
 379