وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی زانكۆی سلێمانی كرد



وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی زانكۆی سلێمانی كرد

 [email protected]

ئەمڕۆ 13-10-2019، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان سەردانی زانكۆی سلێمانی كردو لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانییەوە بە گەرمی پێشوازی لێكرا.
سەرەتا د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی سەردانی تۆمارگای گشتی زانكۆی سلێمانی كردو لە نزیكەوەو لەچۆنێتی بەڕێوەچوونی كارەكان و مامەڵەكانی وەرگرتنی خوێندكارانی كۆڵییەوە، هەروەها  هەرلەنزیكەوە گوێی لە كێشەو كەموكورتییەكان و ئەو گلەیی و گازندانە گرت كە خوێندكاران هەیانەو بەشێكی زۆری خوێندكاران و كەسوكارەكانیان دەستخۆشیان لە وەزیری خوێندنی باڵا كرد، بۆ ئەو ئاسانكارییانەی ئەمساڵ لە وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆی و پەیمانگاكان كراوە، هەروەها كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی پارالێل لە زانكۆو پەیمانگا حكومییەكان، كە ئەمە بۆ خۆی هاوكارو یارمەتیدەربووە بۆ خوێندكاران بۆ ئەوە بتوانن زیاتر بخوێنن و پارەی پێویستی خوێندنیان پێ دابین بكرێت.
پاشان وەزیری خوێندنی باڵا هاوڕێ لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەگەڵ د. چۆمان عەلائەدین بەڕێوەبەری تۆمارگای گشتی زانكۆی سلێمانی كۆبوونەوەو گفتوگۆ لەسەر كێشەو كەموكورتییەكان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی مامەڵەی خوێندكاران كرا، لەو بارەیەوە د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموو هەوڵێكمان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوە لەرێگەی زیادكردنی پلانی وەرگرتنی خوێندكاران بۆ ئەمساڵ لە لایەن زانكۆكانەوە زۆرترین خوێندكار لە زانكۆو پەیمانگاكان وەربگیرێن، هەم بە خوێندنی خۆڕایی هەم بەخوێندنی پارالێل، وتیشی: ئێمە ئاگاداری باروگوزەرانی هاووڵاتییانین بۆیە لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی و لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییانی خۆمان، بڕیارماندا كرێی خوێندنی پارالێل لە زانكۆی و پەیمانگاكان بۆ ئەمساڵ بە رێژەی لە 45% كەم بكەینەوە، كە دڵنیاین خوێندكاران بەگشتی سودی زۆر باشی لێوەردەگرن .
هەروەها د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم، سەرجەم بەش و هۆبەكانی تۆمارگای گشتی زانكۆی سلێمانی بەسەركردەوەو لە نزیكەوە گوێی لە كێشەو داواكارییەكانیان گرت و بەڵێنی چارەسەركردنی پێدان.
پاشان وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بەسەركردەوەو لەوێ لەلایەن د. ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆڵیتەكنیكی سلێمانی و سەرۆك و مامۆستایانی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی پێشوازیان لێكراو لەسەردانەدا وەزیری خوێندنی باڵا سەرجەم بەشەكان و تاقیگەكانی پەیەمانگای تەكنیكی بەسەركردەوەو دەستخۆشیشی لێكردن كە توانیویانە لەماوەی رابردودا كارەكانیان بەشێوەیەكی باش جێبەجێ بكەن و بەڵێنیشی پێدان كە وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا پشتیوانی تەواوی داواكارییەكانیان دەكات، د. ئارام وتیشی: پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی یەكێكە لە پەیمانگا باش و سەركەوتووەكانی هەرێم و لەماوەی تەمەنیدا توانیوێتی خزمەتێكی باش بە رەوتی زانست لە وڵاتەكەماندا بكات و چەندین كادیری راهێنراو پیشەیی ئامادەبكات و پێشكەش بە بازاڕی كاری وڵاتەكەمانی بكات كە لە ئێستادا لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم خزمەت بە وڵاتەكەمان دەكەن.
      




 2019-10-13
 814