لە كۆلێجی زانستە رامیارییەكان پانێڵێك لەسەر هێرشی دەوڵەتی توركیا بۆسەر رۆژئاڤاو جیۆستراتیجی توركیا بەڕێوەچوو



لە كۆلێجی زانستە رامیارییەكان پانێڵێك لەسەر هێرشی دەوڵەتی توركیا بۆسەر رۆژئاڤاو جیۆستراتیجی توركیا بەڕێوەچوو

 [email protected]

ئەمڕۆ 11-11-2019، لیژنەی زانستخوزای كۆلێجی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی لە درێژەی كاروچالاكییەكانیدا لە هۆڵی سیمنارەكانی كۆلێجی زانستە سیاسییەكان، پانێڵێكی بە ناونیشانی (هێرشی دەوڵەتی توركیا بۆسەر رۆژئاڤاو جیۆستراتیجی توركیا و، ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ، توانا خودییەكان و شكستی پەلامارەكە) توركیا بۆسەر رۆژئاوا رێكخست.

 كە سەرەتای پانێڵەكە د. كەمال حسێن عەبدوڵڵا، بەوردی باسی لە جیۆستراتیجییەتی توركیا كرد بەرامبەر سوریا لە دوای 2003 ەوە، تێیدا باسی لە ئامانجە ستراتیجییەكانی دەوڵەتی توركیا، بە تایبەت "ئاك" پارتی كرد كە چۆن دەیەوێت سنووری دەوڵەتی توركیا فراوان بكات و دەستبگرێت بەسەر چەند ناوچەیەكی تری دەرەوەی توركیا بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو هەروەها سیاسەتی ئاو كە لەر ێگەی دەستبەسەردا گرتنی سەرچاوە ئاوییەكانی ناو خاكەكەی كار بۆ ئەوە بكات جیۆ ستراتیجی خۆی فراوان بكات.
دواتر د. كەمال سابیر كەریم بابەتێكی لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن توركیا كردەوە كە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی توركیا و پێشووتریش لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا چەندین تاوانی جەنگ و جینۆسایدی بەرامبەر نەتەوەكانی ناوخۆی توركیا و دەوڵەتانی تری دراوسێی ئەنجامداوە، هەرلە قەتڵوعامی ئەرمەن بیگری تاكو كۆمەڵكوژییەكانی تری كە بەرامبەر كورد كردوویەتی لەم دواییانەشدا هێرشكردنە سەر رۆژئاڤاو بەكارهێنانی تاوانی جەنگ، كە توركیا خۆی لە هاوپەیمانێتییەكدایە كە هاو پەیمانی باكوری ئەتڵەسی ناتۆیە بۆیە ئەمە یەكێكە لەو هەلانەی كە توركیا لە ئێستادا دەیقۆزێتەوە بۆ هێرشكردنە سەر كوردانی رۆژئاڤا بە بیانووی مەترسی لەسەر ئاسایشی توركیاو هەمان كات بێدەنگی دەوڵەتانی ناتۆ بەرامبەر مامەڵەكانی توركیا لە ناوچەكە .
پاشان رۆژنامەنووس رەزا مەنوچەهری، بابەتێكی لەسەر توانا خودییەكانی بزاوتی رامیاری رۆژئاڤاو شكستی هێرشەكەی توركیا پێشكەشكرد، كە باسی لە خۆراگری خەڵكی رۆژئاڤاو ئیرادەی كورد كرد لەو ناوچەیە كە ویڕای بەرجانی پشتی كوردەكان و بە تەنها هێشتنەوەیان و پشت تێكردنیان لەلایەن وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە، بەڵام بوونی ئیرادەیەكی بەهێز و خۆراگری و بەرخۆدانی خەڵكی رۆژئاڤا توانیوێتی شكستی گەورە بەتوركیاو شوپاكەی بهێنێت.
   




 2019-11-11
 119