زانكۆی سلێمانی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی بەرز رادەگرێت



زانكۆی سلێمانی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی بەرز رادەگرێت

 [email protected]

بە دروشمی "سلێمانی كوانووی داهێنان و نوێگەری" لە یادی 235 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی، كۆڕێكی ئەدەبی لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ 14-11-2019، بە بۆنەی یادی  235 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی (شاری هەڵمەت و قوربانی) و بەبۆنەی ناساندنی سلێمانی بە شاری داهێنەری ئەدەب لە لایەن رێكخراوی "یونسكۆ"وە، لەژێر چاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و مامۆستایان و ئەدیبان و رۆشنبیران و كەسایەتی دیاری شاری سلێمانی، زانكۆی سلێمانی لە ژێر ناونیشانی " سلێمانی كوانووی داهێنا ن و نوێگەری" لە هۆڵی پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، كۆڕێكی ئەدەب و رۆشنبیری رێكخست.
سەرەتای كۆڕەكەش، بە ساتێك بەبێ دەنگی وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان و كوردو كوردستان دەستیپێكرد، دواتر لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، وتەیەك بەو بۆنەیەوە پێشكەشكراو كە تێدا رایگەیاند: بە ناوی زانكۆی سلێمانییەوە پڕبەدڵ  بەخێرهاتنی هەموو ئامادەبوان دەكەین بۆ ئەم كۆڕە ئەدەبییە كە زانكۆی سلێمانی لە یادی 235 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی بۆ چەند رۆشنیرێكی ئەم شارە خۆشەویستەی رێكخستووە.
وتیشی: ئەمڕۆ 14-11-2019،(235) ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانی لەلایەن بابانییەكانەوە تێپەڕدەبێت، كە ئەم هاوكاتە لەگەڵ دووبارە دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی لەلایەن كۆمەڵێك دڵسۆزو خەمخۆرو رۆشنبیری ئەم شارە كە لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991، دامەزرایەوە، كە پێشتر بە پیلانێكی حزبی بەعسی فاشیستی روخاو راگوازراو لە ئامێزی سلێمانی دورخرایەوەو ناوەكەشی گۆڕدرا، بەڵام ئێستادا زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە زانكۆ گەورەكانی هەرێمی كوردستان و لە ریزبەندی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی جیهاندایەو وەك ناوەندێكی زانستی و مەعریفی لەگەشەسەندنی بەردەوامدایە.
وتیشی: ئێمە بە شانازییەوە ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی شارێك دەكەینەوە كە لە مساڵدا لە لایەن رێكخراوی "یونسكۆ"وە، بە شاری داهێنەری ئەدەب ناسێنرا، كە ئەمە بۆ خۆی جێگەی دڵخۆشی و شانازییەكی زۆرەو مێژووو قوربانیدانی ئەم شارەش سەلماندویەتی كە نەوەكانی ئەم شارە لەهەموو سەردەمەكاندا داهێنەرو زانست خوازو سەربەرزبوون و چۆكیان بۆ هیچ دوژمنێكی نەتەوەكەمان دانەداوە .
 پاشان وەك رێزو وەفایەك بۆ خزمەتی گەلەكەی و قەڵەمە بە بڕشتەكەی وەك یەكەم ژنە رۆماننوسی كورد، لەلایەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانییەوە، قەڵغانی رێزلێنان بەخشرایە خاتوو گەلاوێژ، كە یەكێكە لە ژنە قوربانی دەرو ماندو نەناسەكانی گەلەكەمان و هەمان كات یەكێكە لە ژنە رۆمانووسەكانی كورد كە چەندین بەرهەمی ئەدەبی بە پێزی پێشكەش بە بواری ئەدەبی و رۆشنبیری كردووە.
دواتر تەوەرەكانی كۆڕە ئەدەبییەكە دەستی پێكرد كە لەلایەن چەند مامۆستاو ئەدیب و نوسەرێكەوە، باس لە مێژووی ئەدەب و رۆشنبیر و سەروەری و دروستبوونی شاری سلێمانی لەلایەن بنەماڵەی بابانییەكانەوە، هەروەها مێژووی پڕ سەروەری رۆژنامەگەری و رۆشنبیری شاری سلێمانی كرا.
 
   




 2019-11-14
 393