كۆنفرانسی ساڵانەی سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەری زانكۆكانی كوردستان بەڕێوەچوو



كۆنفرانسی ساڵانەی سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەری زانكۆكانی كوردستان بەڕێوەچوو

 [email protected]

ئەمڕۆ 5-12-2019، لەژێر چاودێری  بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی بەرێز د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و خاتوو پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و سەرۆك زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەری زانكۆكانی هەرێم و ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراوەكانی ژنان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوسەرو ڕۆشنبیران و چەندین میوانی بیانی، لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، كۆنفرانسی ساڵانەی سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، لە هۆڵی هۆتێل هایكریست لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

 سەرەتای كۆنفرانسەكە بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، هەروەها وتاری ئەنجومەنی باڵای خانمان لەلایەن خاتوو پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان بەو بۆنەیەوە خوێنرایەوە كە تێدا رایگەیاند: پێشەكی زۆر سوپاسی بەرێز كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بۆ  ئامادەبوونی لەم كۆنفرانسەدا كە هەمیشە پشتیوان و هاوكاری ئەنجومەنی باڵای خانمان و سەرجەم رێكخراوەكانی ژنان بووە، وتیشی: وەك ئەنجومەنی باڵای خانمان و سەرجەم رێكخراوەكانی ژنان، خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كە توانیومانە لە چەند ساڵی رابردودا تا ئێستا، هەر نەبێت كاربكەین بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگاكەمان و نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان نێر و مێ و كاركردن بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە كۆمەڵگەو پشتگیریكردنی ژنان بۆ خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزی زانستی و بەشداریكردن لە مەیدانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و جیاوازی نەهێشتن لە نێوان پیاو و ژن و نەهێشتنی و وشەو ناوی زەعیفەو بە كەم سەیرنەكردنی توانای  جەستەیی و هزری ژنان لە هەموو بوارەكانداو هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردەواری لە یەكسانی جێندەری لە هەموو رووەكانەوە، كە ئەمانە بۆ خۆی پێشكەوتنی گەورەیە بۆ كۆمەڵگەكەمان و جێگەی فەخروشانازییە.
دواتر لە لایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وتەیەك بەو بۆنەیەوە پێشكەشكراو رایگەیاند: شانازیی دەكەین بەوەی كە ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمەدا لەگەڵ بوونی چەندین ئاستەنگ لەبەر دەم ژنان بە تایبەت رێگرە كلتورییەكان و ئەو كارەسات و ناخۆشییانەی بەسەر وڵاتەكەماندا هاتووە، بەڵام ژنانی كۆمەڵگەمان توانیویانە هاو شانی پیاوان لە میدانی سیاسەت و لە مەیدانی ئابووری و بازاڕ و سەرجەم بوارەكانی تر كاربكەن و وشەو زاراوەی زەعیفەو كەمی لە لە كۆمەڵگاكەمان هەڵبگەرێڕێننەوەو هاوشانی پیاوان بتوانن لەسەرجەم بواروكاندا دەستی باڵایان هەبێت.
 وتیشی: ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پشتیوان و هاوكارتان دەبین بۆ سەرخستنی كارەكانتان و گەشەپێدان بە توانا لە بن نەهاتووەكانی ژنان لە وڵاتەكەمانداو سودبینین لە توانا عەقڵی و جەستەییەكانی ژنان بۆ پێشخستنی كۆمەڵگەكەمان.
 راشیگەیاند: "نوسینی دەستەواژەی پیاو بە توندوتیژی بەرامبەر ژن راگرە"، ئەمە بۆ خۆی مانای ئەوەیە كە پیاوەتی ئەوەیە رێز لە تواناو كارەكانی ژنان بگرین، نەك توندوتیژی بەرامبەریان ئەنجامبدەین، بۆ خۆسەپاندن بەسەر ژنانداو خۆبە زیاتر زانین و بەلاواز سەیركردنی ژنان و بە كەمزانینی تواناكانیان، بۆیە لێرەوە بە ژنانی وڵاتەكەم دەڵێم ئێمە لە حكومەت پشتگیریتانین و كارەكانتان بەگەورە دەزانین و بە بایەخەوە سەیری كارەكانتان دەكەین، رێگاش نادەین توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە كۆمەڵگاكەماندا بمێنێت.
پاشان یەكەم پانێڵی كۆنفرانسەكە دەستیپێكرد كە سەرەتا د. خەتاب ئەحمەد شێخانی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، باسی  لە كاری سەنتەرەكان و كاركردنیان لە رووی كارگێڕی و داراییەوە كرد، هەروەها بە وردی باسی لەو ئاستەنگ و كێشانە كرد كە هاتوونەتە بەردەمیان لە كردنەوەی سەنتەرەكان تا كار كردنیانیشان، جەختیشیكردەوە  كە وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا پشتگیری تەواوی سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەریی بوون، هەم لە رووی ئیداری و هەم لە رووی داراییەوە، هەروەها  راهێنانی كەسانی شارەزا لەو بوارەدا، بە ئامانجی بەكارخستن و سەرخستنی ئامانجەكانیان.
هەرلە پانێڵی یەكەمدا د. نەزەند بەگیخانی بابەتێكی لەسەر جێندەر لە خوێندنی باڵادا پێشكەشكرد، باسی لەكردنەوەی سەنتەرەكانی جێندەرو كارەكانیان كرد لە بواری خوێندنی باڵادا، پاشان د. چۆمان هەردی باسی لە پڕۆگرام و خوێندنی بابەتی جێندەرناسی كرد كە زانكۆكان كە وەك پڕۆگرامێكی خوێندن لە زانكۆكاندا بناسێنرێت و توێژینەوەی لەسەر بكرێت تا بابەتەكە زیاتر ئاشنا بكرێت بە خوێندكارانی زانكۆو سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمان.
دواتر پانێڵی دووهەمی كۆنفرانسەكە بەڕێوەچوو، كە گفتوگۆكردن بوو لەسەر ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكاندا، كە لەلایەن بەرپرسانی سەنتەرەكانی جێندەر لە زانكۆكانی سەڵاحەدین و زانكۆی سلێمانی و كۆلێجی هەولێری پزیشكی و زانكۆی چەرمۆ پێشكەشكران، پاشان لە پانێڵی سێهەمدا دیدگەو پلانی كاری سەنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لە داهاتوودا باسكرا، لەگەڵ ئەوەشدا لە گفتوگۆیەكی كراوەدا راو سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی ئامادەبووان لەسەر بابەتەكان وەرگیرا،بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی بابەتەكەو سود لێوەرگرتنیان بۆ بەهێزكردنی ڕاسپاردەكانی كۆتایی كۆنفراس. 




 2019-12-05
 993