كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان لە پێشانگا نێودەوڵەتییەكەی سلێمانی چەندین چالاكیی تایبەتی خۆی هەیە و بەرهەمەكانیشی خستۆتەڕوو



كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان لە پێشانگا نێودەوڵەتییەكەی سلێمانی چەندین چالاكیی تایبەتی خۆی هەیە و بەرهەمەكانیشی خستۆتەڕوو

 kosar othman([email protected])

  یەكەمین پانێڵی "پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراك" ڕۆژی چوارشەممە 11ی كانونی دووەمی 2019 بەبەشداریی چوار پسپۆڕی بوارەكە بەڕێوەچوو، یەكێك لەوانە د. كارزان تۆفیق راگری كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان بوو، شانبەشانی هەریەك لە رزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، هەڵكەوت عەلی ئەندازیاری كشتوكاڵی و نازم جاف نوێنەری كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان.

بابەتەكەی د. كارزان تۆفیق لە پانێڵەكەدا تایبەت بوو بە "رۆڵی توێژینەوەی زانستی لە بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵدا"، لەوبارەیەوە جەختیكردەوە "لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچ كاتێك گوێگرێكی باش نەبوون بۆ پێشنیار و راسپاردە ئەكادیمییەكان.. توێژینەوە زانستییەكانیش كەمترین سوودیان لێ بینراوە". لەوكاتەوەی د. كارزان تۆفیق پۆستی راگرایەتیی كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی وەرگرتووە، دوو جار كۆنفرانسی نێودەوڵەتییان بەڕێوەبردووە، لەهەردوو جارەكەیشدا دەیان راسپاردە و پێشنیاریان خستۆتە بەردەم حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام وەك د. كارزان تۆفیق وتی "گوێیان لێ نەگیراوە".

راگری كۆلێج بۆ ئەوەی بابەتەكە زیاتر بۆ ئامادەبووان رونبكاتەوە، وتی "رەنگە بۆ مەسەلەی بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ، هەموولایەك پێشنیار و چارەسەریان لەلا بێت، بەڵام هیچیان ناگەنەوە بەو چارەسەرانەی كە پشت ئەستوورن بە داتا و توێژینەوەی زانستی.. بۆیە پێویستە كێشەكان بگەیەنرێنە ناوەندەكانی توێژینەوە و لەوێشەوە بەدوای هۆكارەكاندا بگەڕێن و لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی چارەسەری دروست بخرێتەڕوو لەپێناو ئەوەی كێشەكان دووبارە سەرهەڵنەدەنەوە". "توێژینەوەی زانستی باش ئەنجامدراوە و نێردراویشە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام پێویستە لەمەودا هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و خوێندنی باڵادا" د. كارزان تۆفیق وایوت.

دوایین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی كۆلێج لەژێر دروشمی "بەرەو كشتوكاڵێكی زانستی و مۆدێرن لە كوردستان"دا بوو، ئێستایش كە زیاتر لە ساڵێك بەسەر كۆنفرانسەكەدا تێپەڕیوە، هێشتا راگری كۆلێج سوورە لەسەر بەدیهێنانی ئەو دروشمە و لە پانێڵەكەدا وتی "كەرتی كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستان بەزانستیی نەكراوە و پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێت".

رزگار حەمەد خدر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، یەكێكی دیكە لە پانێڵیستەكان، ئاماژەی بەچەند ئامار و داتایەك دا دەربارەی بەرهەمی ناوخۆیی و رایگەیاند "بەپشت بەستن بەو داتایانە دەتوانین بڵێین هەندێك بەروبوومی ناوخۆیی ئاستی باشی بەرهەمهێنانیان هەیە و پێداویستیی خەڵكیان پڕكردۆتەوە".

د. كارزان تۆفیق سەرنجی لەسەر ئەو لێدوانەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ هەبوو و رایگەیاند "ئەو داتا و ئامارانە پشتیان پێ نابەسترێت و گرنگترین شت ئەوەیە كە بتوانین داتابەیسی نیشتمانی دروست بكەین بۆ سەرجەم بەروبوومە ناوخۆییەكان، لەوێشەوە دەتوانین كار لەسەر بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ بكەین، بەڕاستی هەنگاوی یەكەم لە دروستكردنی ئەو داتابەیسەوە دەستپێدەكات، بۆ ئەوەی توێژەر بتوانێت گرفتەكان بدۆزێتەوە و چارەسەریان بكات و تەنانەت داهێنانیش بكات.. بۆیە پێموانییە تاكو ئێستا داتای ورد هەبێت لەوبارەیەوە". یەكێك لە تێبینییەكانی دیكەی د. كارزان تۆفیق دەربارەی دۆزینەوەی بازاڕ بوو بۆ جوتیاران "زۆر بەداخەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبینین جوتیاران بەرهەمەكانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەكان، ئەمە لەهیچ شوێنێكی دنیادا نییە..

پێویستە حكومەت كاربكات بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ جوتیاران بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان". لەوێوە راگری كۆلێج هاتە سەر بڕیارێكی حكومەت سەبارەت بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی. د. كارزان تۆفیق وتی "بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو قەدەغەكردنەدا نیم، چونكە وەك بینیمان ئەمە دەرفەت دەدات بەوەی ئەو بەرهەمانە بە رێگەی قاچاج بێنە هەرێمی كوردستانەوە.. كاتێكیش بە قاچاخ هات، ئەوا هیچ دەرفەتێك نامێنێتەوە بۆ كوالیتی كۆنتڕۆڵ و هەروەك ژەهرێك وایە دەرخواردی خەڵك بدرێت".

چارەسەری د. كارزان تۆفیق بۆ ئەو بابەتە ئەوەبوو "پێویستە باج لەسەر بەرهەم و بەروبوومە دەرەكییەكان دابنرێت". هەرچەندە بەڕێوەبەرانی پانێڵەكە بیریان چوو بواری پرسیاركردن بە ئامادەبووان بدەن، بەڵام لەكۆتایی پانێڵەكەدا مشتومڕێكی زانستی لەنێوان د. كارزان تۆفیق و رزگار حەمەد خدر دروست بوو، ئەوان تاڕادەیەك هاوڕا بوون لەوەی داتابەیسی نیشتمانی زەرورەتێكی حەتمییە، بەڵام د. كارزان تۆفیق قسەكانی بەرامبەرەكەی رەتكردەوە سەبارەت بە هەبوونی داتا و ئاماری بەروبوومە ناوخۆییەكان. "كۆلێجەكەمان چوار تەرزی نوێی گەنمی بەرهەمهێناوە و لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عیراقیشەوە دانی پێدانراوە بەڵام تاكو ئێستا حكومەت لەو مەسەلەیەدا هیچ نەهاتۆتە پێشەوە" د. كارزان تۆفیق بەوشێوەیە گلەیی لەحكومەت لایەنی پەیوەندیدار كرد. رەخنەیەكی دیكەیشی ئەوەبوو "لەپێشانگایەكی وا گەورەدا كە یەكەمجارە لە سلێمانی دەكرێتەوە، پێم سەیرە وەزیری كشتوكاڵ لەرۆژی كردنەوەیدا ئامادە نەبوو". یەكەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراك لە 10ی ئەم مانگە لە تاسڵوجە كرایەوە و تاكو 13ی مانگیش بەردەوام دەبێت، كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان لەنێو پێشانگاكەدا چالاكیی تایبەتی خۆی هەیە و بەرهەمەكانیشی خستۆتەڕوو. سبەی پێنجشەممەیش دووەمین پانێڵی پێشانگاكە بەبەشداریی چوار مامۆستای كۆلێج بەڕێوەدەچێت.

 





 2019-12-12
 911