ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبونەوەو بژاردەکانی خوێندنی ئەمساڵیان تاوتوێ‌ کرد



ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبونەوەو بژاردەکانی خوێندنی ئەمساڵیان تاوتوێ‌ کرد

 kosarothman([email protected])

 ئەمڕۆ25ی مارسی2020، بەسەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی دووەمین کۆبونەوەی خۆی بەشێوەی ڤیدیۆ چات بەڕێوەبرد.

مەبەستی کۆبونەوەکەشیان باس لەمیکانیزمی چۆنیەتی تەواو کردنی خوێندنی ئەمساڵی2019-2020 بوو،کە  چەند بژاردەیەک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن ، دڵنیایش دەدرێت بەخوێندکاران لە نەفەوتانی خوێندنی ئەمساڵ.

هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا ئەنجوومەنی زانکۆ هیوای سەلامەتییان بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان خواست و هیواشیان خواست کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن تا ئەم دۆخە نەخوازراوە بە زووی تێپەڕێنین.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەوەکرایەوە کە داوا لە وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا بکرێت کە پەلە بکرێت لەدابەشکردنی موچەی خوێندنی باڵا کە لەم کاتی قەیرانەشدا، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ لەپشتەوە هاوکاری تیمە تەندروستییەکان دەکەن و لەگەڵیشیدا هاوکاری وەزارەتی تەندروستی دەکەن.

جێی باسە کۆبوونەوەکە دوو سەعاتی خایاند و لیژنەیەکیش پێکهێنرا کە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بژاردەکان بۆ ئەنجوومەن و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرزبکرێتەوە.

هەر ئەمڕۆش لەستۆدیۆی 8 د. رەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبووەو تاوتوێی بژاردەکانی تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵمان کردو جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە خوێندنی ئەمساڵ نافەوتێت و تەواو دەکرێت.

وتیشی، لەبەرئەوەی نازانرێت کەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی دێت، چەند بژاردەیەک بۆ وتنەوەی وانەکان و تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی یەکێکیان پەسەند بکرێت.

باسی لەوەشکرد ئەمساڵ زانکۆی سلێمانی ساڵێکی زۆر باشی بڕیوە لەئێستادا نزیکەی 5-6 هەفتە ماوە کە خوێندن لە زانکۆی سلێمانی تەواو بکرێت.

وتیشی لەو کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا بەشێوەیەکی تیروتەسەل باسی ئەو بژاردانەمان کرد کەچی بکرێت و چۆن خوێندکاران بێبەش نەبن لەخوێندنی ئەمساڵ و بڕوانامەکەیان وەربگرن، هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنیش کۆک بوون لەنەفەوتانی خوێندنی ئەمساڵ.

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی باسی لەو سێ بژاردەیەش کرد کە لەئێستادا لەبەردەستیاندایە و ووتی کۆتا بژاردەمان خوێندنی ئۆنلاین دەبێت ،باسی لەوەکردکە بەدڵنیاییەوە هەتا خوێندن لەهۆڵەکانی خوێندن مومکین بێت پەنا بۆ خوێندنی ئۆنلاین نابەین، ڕێگەی دووەمیش تۆمارکردنی وانەکانه‌ لەلایەن مامۆستایان کە ئەمە بژاردەیەکی ئاسانەو پێویستی بەهێڵی ئینتەرنێت نابێت بەشێوەیەکی ئاسان  دەست خوێندکاران دەکەوێت کۆتا بژاردەش خوانەخواستە ئەگەر دۆخەکە نەخوازراو بێت خوێندنی ئۆنلاینە..

 





 2020-03-25
 2170