پەیامی زانكۆی سلێمانی لە ساڵیادی ماڵئاوایی شكۆی نەتەوەیی كورد سەرۆك مام جەلال



پەیامی زانكۆی سلێمانی لە ساڵیادی ماڵئاوایی شكۆی نەتەوەیی كورد سەرۆك مام جەلال

 [email protected]

لە ساڵیادی ماڵئاوایی شكۆی نەتەوەیی كورد، سەرۆك مام جەلال سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی پەیامێكی ئاڕاستەی كوردستانیان و سەرجەم عیراقییەكان كردووە، كە ئەمە دەقەكەیەتی: 

گەلی تێكۆشەری كوردستان
 سێ ساڵ لەمەوبەر و لە رێكەوتی (3-10-2017)، گەلی كوردستان و سەرجەم عێراقییەكان، ڕابەرێكی هەڵكەوتوو، تێكۆشەر و پێشمەرگەی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی ڕزگاریخوازی و دیموكراسیان لە دەستدا، عێراقی دیموكرات و فیدراڵیش یەكەمین سەركۆماری هەڵبژێراوی بەرەو كاروانی نەمری بەرێكرد، كە ئەویش سەرۆك مام جەلال بوو.
كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرانسەر كوردستان و گەلانی عێراق و بگرە تێكڕای ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازان و ئاشتیخوازانی دونیای خەمبار و نیگەران كرد.
هەمیشە زانكۆی سلێمانی شانازی بەوەوەدەكات كەوەك زانكۆی دایك بۆیەكەمجار لە كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك مام جەلال دامەزراو بە هەوڵ و تێكۆشانی ئەو سەركردە مەزنە، دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی كرایە مەرجێك و داخوازییەكی شۆڕشی ئەو كاتەی كورد، لە حكومەتی مەركەزی عێراق.
بۆیە بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی و ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییەوە، لەویادەدا سەری رێزو نەوازش بۆ رۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردو كوردستان دادەنەوێنین و پەیمان و بەڵێن دووپاتدەكەینەوە كە هەمیشە رێبازە پیرۆزەكەی سەرۆك مام جەلال لە بیرناكەین و بەردەوامدەبین لە پەیڕەوكردنی و هەمیشەش هەڵگری چرای زانست و زانیاری دەبین بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان، كە ئەوە خۆی یەكێك بوو لە ئامۆژگارییەكانی سەرۆك مام جەلال.
 سەرۆك مام جەلال لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بێوچان، خەباتی ھەمەلایەنەی كرد بۆ سەلماندن و بەدیهێنانی مافە ڕەوا نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كورد و پیادەكردنی بژاردەی دیموكراسی و دادپەروەری و پێكەوە ژیان لە عێراقی فرە پێكهاتەدا.
لە خەباتی دیپلۆماتیشدا، وێنەی مام جەلال لە مێژووی كوردایەتی ھاوچەرخ و هەتا خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ناوچەكەشدا دەگمەنە.پەیوەندییەكانی لە ئاستی میللەتانی رۆژھەڵات و  دونیای عەرەبی و ئاسیا و رۆژئاوادا، بناغەی پتەوی ئەو دەستكەوتە دیپلۆماتیانە بوون كە رەوایی  و رەسەنایەتی مەسەلەی كوردی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەكردەوە.
   
سڵاو لە رۆحی پاكی ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان سەرۆك مام جەلال
نەمری بۆ سەرجەم شەهیدانی گەلی كوردستان
 
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر 
د. ڕەزا حەسەن 
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی 

 
 




 2020-10-02
 469