ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی سەردانی مەنزڵگەی سەرۆك مام جەلال دەكات



ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی سەردانی مەنزڵگەی سەرۆك مام جەلال دەكات

 [email protected]

ئەمڕۆ 4-10-2020، لە ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال، ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بە سەرۆكایەتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلال شكۆی نەتەوەی كوردیان كرد لە دەباشان و تاجەگوڵینەی رێزو وەفایان لەسەر گڵكۆی ئەو سەركردە مەزنە داناو بەڵێنیان بۆ رێبازە پیرۆزو مەزنەكەی مام دووپاتكردەوە كە بەردەوامبن لە پەرەپێدانی زانست و مەعریفە لە كوردستان تا بتوانن وڵاتێكی پێشكەوتوو گەشەسەندو بە زانست و زانیاری سەردەم بنیاتبنێن كە هەمیشە ئەوە داواكاریی و هەوڵی بەردەوامی سەرۆك مام جەلال بوو.

هەرلەو بارەیەوە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، رایگەیاند: ئەمڕۆ هاتوینەتە سەر مەنزڵگای سەركردەیەكی مێژوویی گەلەكەمان كە ئەویش سەرۆك مام جەلال-ە، كە بەدەر لە بواری سیاسەت و تێكۆشان و شۆڕش بۆ گەلەكەی سەرۆك مام جەلال یەكێك بوو لەو سەركردە مێژووییەی كە هەمیشە هەوڵی بۆ بڵاوكردنەوەی زانست و بەرەوپێشبردنی وڵات بوو لە رێگەی زانست و زانیارییەوە، مێژووش شایەتە كە سەرۆك مام جەلال یەكێك بوو لەو سەركردانەی خۆی یەكەمجار دامەزرێنەری زانكۆی سلێمانی بووە "زانكۆی دایك"، هەروەها لە دووبارە دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی لەساڵی 1991 سەرۆك مام جەلال ئەو سەركردەیەبوو كە دووبارە بڕیاری دامەزراندنەوەی ئەم زانكۆیەی داو یەكەم كەس بوو كە هاوكاری ماددی و مەعنەوی زانكۆی دایكی كرد، بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی بۆیە ئێمە وەك سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی هەمیشە خۆمان بە قەرزاری سەرۆك مام جەلال دەزانین، هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتمان بووە لە كارەكانماندا، بەردەوام بەڵێن بۆ رێبازە پیرۆزەكەی مام دووپاتدەكەینەوە.
دواتر تاجەگوڵینەی رێزو وەفای زانكۆی سلێمانی لەسەر گڵكۆی سەرۆك مام جەلال دانرا.
 




 2020-10-04
 462