لەزانكۆی سلێمانی سیمینارێك بۆ ناساندنی پلانی نیشتمانی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە عیراق بەڕێوەچوو



لەزانكۆی سلێمانی سیمینارێك بۆ ناساندنی پلانی نیشتمانی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە عیراق بەڕێوەچوو

 [email protected]

بەچاودێری وەزیری دادی عیراق و بەهاوكاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی سیمینارێك بۆ ناساندنی پلانی نیشتمانی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە عیراق بەڕێوەچوو
دادی حكومەتی فیدراڵی عیراق و بە هاوكاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی سیمینارێك بۆ ناساندنی پلانی نیشتمانی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە عیراق، لە هۆڵی كۆماری كوردستان لە كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی رێكخرا.
سەرەتای سیمینارەكەش بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان پرۆفیسۆر د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: زۆر بەخێهاتنی  حاكم سالار عەبدولستار وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی عیراق دەكەین كە ئەمڕۆ لێرە لە زانكۆی سلێمانی لەم چالاكییەدا ئامادەبوونی هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسێكی گرنگ لە وڵاتەكەماندا كە ئەویش پرسی مافی مرۆڤە، كە چەند ساڵێنێكە بەهۆی شەڕو ململانێ و زوڵم و زۆری رژێمە یەك بە دوایەكەكانی عیراق، مافی مرۆڤ بەشێوەیەك لە شێوەكان رووبەڕوی پێشلكاریی گەورە بۆووەتەوەو پێویستە كاری جددی بكرێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی ئارام و پارستنی مافی مرۆڤ كە ئەركی دەوڵەتە بەو كارە هەستێت بە پشتبەستن بە رێنماییە نێودەوڵەییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ .
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راشیگەیاند: ئەمڕۆش لەم سیمینارەدا دەمانەوێت گفتوگۆی تەواو و زانستی لەسەر مافی مرۆڤ و تاوتوێی رێكخستنی یاساكان بكەین بە گونجاندنیان لەگەڵ بەندەكانی مافی مرۆڤ، بەوەی كە لە ئێستادا عیراق وڵاتێكی دیموكراسییەو پێویستە یاساكان بەشێوەیەك دابڕێژرێن كە رەچاوی تەواوەتی پاراستنی مافەكانی مرۆچیان تێدا بكرێت .
دواتر د. هەڤاڵ پارێزگاری سلێمانی وتەیەكی پێشكەش كردو رایگەیاند: كە تێیدا باسی لە رێكخستنەوەی یاساكان كرد بە گونجانیان و رەچاوكردنی مافەكانی مرۆڤ  لە وڵاتداو دەستەبەركردنی ماف بۆ هاووڵاتییان كە بەپێی بەرندەكانی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان رێكخراوەو هەموو مرۆڤێك لەسەر زەوی پێویستە مافەكانی بپارێزرێت و بەرگری لێبكرێت و دوربێت لە زوڵم و ستەو نەكرێتە قوربانی ململانێ و شەڕەكان .
پاشان حاكم سالار عەبدولستار وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی عیراق  وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: لە رابردودا ئەگەر بەهۆی شەڕو ململانێ و جیاوازییە ئاینی و نەتەوەیی و ئیتنییەكانەوە مافەكانی مرۆڤ بە جۆرێك لە جۆرەكان پێشێلكرابێت، ئەوا دەبێت كارێك بكرێت بۆ ئەوەی مافەكانی مرۆڤ بگونجێنرێت لەگەڵ دەقی یاساكان لە پێناو پاراستنی مافی مرۆڤ بە بێ جیاوازی لە وڵاتدا، وتیشی: ئێمەش وەك وەزارەتی دادو دەسەڵاتی دادوەری دەبێت بە راوێ لەگەڵ كەسانی شارەزای بواری مافەكانی مرۆڤ كار لەسەر ئەوە بكەین كە یاساكان بەشێوەیەك دابڕێژرێنەوە كە لەگەڵ بنەما سەرەكییەكانی مافەكانی مرۆڤدا بگونجێت و پاراستنی مافی مرۆڤ تیایاندا لەبەرچاو بگیرێت لەهەموو روویەكەوە.
پاشان پانێڵەكانی سیمینارەكە بە ئامادەبوونی د .محەمەد تركی عوبەیدی  و حاكم رزگار ،دەستیپێكرد، كە پانێڵەكە لەلایەن د. ئیبتسام ئیسماعیل راگری كۆڵێجی زانستەمرۆڤایەتییەكان بەڕێوەبرا .
هەردوو میوان چەند باسێكی گرنگیان لەسەر مافەكانی مرۆڤ و گونجاندنی یاساكان لەگەڵ بەندەكانی مافی مرۆڤ وروژاند و باسیان لە رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی و دەستەو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كرد بۆ جێگیركردنی یاساكان بە شێوەیەك كە مافەكانی مرۆڤ تیایاندا پارێزراو بێت.
لە كۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بە رووی ئامادەبووانی سیمینارەكە كرایەوەو ئامادەبووان راو سەرنجی خۆیان لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە عیراق و هەرێمی كوردستان و چۆنێتی گونجاندنی یاساكان لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ ئاڕاستەی میوانانی سیمینارەكە كرد.


 
 





 2021-10-03
 254