مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی بەشداری لە کۆنفرانسی سێیەمی زانستی نێودەوڵەتی جینۆساید لە بیرەوەری گەلاندا كرد كە لە زانكۆی دهۆك بەڕێوەچوو



مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی بەشداری  لە کۆنفرانسی سێیەمی زانستی نێودەوڵەتی جینۆساید لە بیرەوەری گەلاندا كرد كە لە زانكۆی دهۆك بەڕێوەچوو

 [email protected]

 ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌ 30 و 31-3-2022، سێهەمین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی زانستی لە ژێر ناونیشانی (جینۆساید له‌ بیره‌وه‌ریی گه‌لاندا) لە زانکۆی دهۆک به‌ڕێوه‌چوو.

كۆنفرانسه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی جینۆساید له‌ زانكۆی دهۆك، ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سه‌نته‌ری كوردۆلۆجی له‌ زانكۆی سلێمانی، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانكۆی چه‌رموو بۆ تاوانه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید و سه‌نته‌ری بێشكچی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی و دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئێزدی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جینۆساید و ده‌سته‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئێزدییه‌وه‌ رێكخرا.

 كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ زانكۆی دهۆك به‌ هه‌ر سێ زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی به‌ڕێوه‌چوو و حه‌وت ته‌وه‌ری له‌خۆگرتبوو، له‌11 پانێلدا 46 توێژینه‌وه‌ پێشكه‌ش کران.

هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 50 توێژه‌ر له‌زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ئوردن، جه‌زائیر، هیندستان، ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكانی ئه‌وروپا وه‌كو ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا به‌شدارییان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كردووه.

 پێنج مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە پێنج توێژینەوە بەشداربوون.

 پ. د. کەیوان ئازاد ئەنوەر/ کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکان بە توێژینەوەی "کۆمەڵکوژیەکەی زەعیم سدیق لە سولەیمانی لە هەردوو ڕوانگەی مێژوویی و سیاسیەوە" بەشداربوو.

د. حسین عبد علی / کۆلێژی یاسا بە توێژینەوەی " هاندانی ئاشکرا و راستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید" (التحریض العلني و المباشرعلی ارتکاب الابادة الجماعیة )بە زمانی عەرەبی بەشداربوو.

د. عوسمان ئەحمەد / سەنتەری کوردۆلۆجی توێژینەوەی "دۆکیومێنتکردنی

جینۆسایدی ئەنفال لە ڕێگەی وێنەوە" بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشکرد

Documenting the Anfal. The Kurdish Genocide (1988) through Drawing

 

م. نەبەز صمد احمد/ کۆلێجی هونەرە جوانەکان، توێژینەوەی "داخۆ هونەری کوردی دەتوانێ چیمان لە بارەی ئەنفالەوە پێ بڵێ" پێشکەشکرد.

م. ی. ڕۆشنا جمال محمود امین / کۆلێجی زانستە ڕامیاریەکان، بەشی پەیوەندی نێودەوڵەتی، توێژینەوەی "جینۆسایدی ئێزدیەکان. هەوڵدان بۆ ڕێگەلێگرتنی لەسەر بنەمای پێناسەی گریگۆری ستانتۆن بۆقۆناغەکانی جینۆساید" پێشکەشکرد.

هەروەها دوو مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنینی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەشداربوون بە دوو توێژینەوە.

لە کۆتایی کۆنفرەنسەکەدا ڕۆلی بەشداریکردنی زانکۆی سلێمانی وەکو سپۆنسەرێکی کۆنفرەنسەکە و باشداریکردنی ئەکتیڤی مامۆستا بەرێزەکانی زانکۆی سلێمانی بەرزنرخێندرا و سوپاسنامە بەسەر توێژەرە بەشداربووەکاندا دابەشکرا.





 2022-04-01
 1507