مامۆستایەكی كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی لەلایەن زانكۆی كالیفۆرنیاوە گەورەترین خەڵاتی ئەندازیاری پێدەبەخشرێت



مامۆستایەكی كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی لەلایەن زانكۆی كالیفۆرنیاوە گەورەترین خەڵاتی ئەندازیاری پێدەبەخشرێت

 [email protected]

مامۆستایەكی كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی، لەلایەن زانكۆی كالیفۆرنیاوە گەورەترین خەڵاتی ئەندازیاری پێدەبەخشرێت، كە ساڵانە ئەو زانكۆیە پێشكەش بە داهێنەرانی دەكات لەبواری ئەندازیاریدا .
 د. سامان علی عبداللە مامۆستای كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی، لەلایەن زانكۆی كالیفۆرنیاوە گەورەترین خەڵاتی ئەندازیاری پێدەبەخشرێت، كە ساڵانە ئەو زانكۆیە پێشكەش بە داهێنەرانی دەكات لەبواری ئەندازیاری، هەمان كات لەسەر داهێنانەكانی لەبواری زانستی ئەندازیاری، د. سامان علی،  ئەندامە لە چەندین لیژنەی تەكنیكی بۆ نوسینەوە و پێداچوونەوەی كۆد و ستانداردەكانی پەیمانگای كۆنكرێتی ئەمریكی (American Concrete Institute)، كە كۆد و ستانداردەكانی ئەم رێكخراوە بەكاردێن بۆ دروست كردنی بینا و باڵەخانەكان لە ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە كوردستان و عێراقیشەوە، بە تایبەتی كۆدی ACI 318 كە بە ناوبانگترین و بەربڵاوترین كۆدە كە بەكار دێت بۆ دیزاین و درووست كردنی باڵەخانەی كۆنكرێتی. لە ئێستادا ناوبراو گەنجترین ئەندام و تەنها كوردێكیشە لەو لیژنانەدا كە ئەندامی دەنگدەر و چالاكی حەوت لیژنەیە لە پەیمانگاكە.
 
كورتەیەك لە ژیاننامەی ئەكادیمی د. سامان علی عباللە
د. سامان علی عبداللە لە ساڵی ١٩٨٦ لە گوندی مەمنداوای سەر بە ناحیەی بنگردی سەر بە قەزای دووكان لە بنەماڵەیەكی جوتیار و ئاژەڵدار لە دایك بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە ناحیەكانی پیرەمەگروون و بنگرد و حاجی ئاوا تەواو كردووە. خوێندنی بەكالۆریۆسی لە زانكۆی سلێمانی لە بەشی بیناكاری لە ساڵی ٢٠٠٨ تەواو كردووە بە پلەی زۆرباشە و یەكەم بووە لەسەر ئاستی كۆلێژەكەی. د. سامان یەكێك بووە لەو خوێندكارانەی كە یەكەم گرووپ بوون كە لە لایەن لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق نێردراوە بۆ وڵاتی ئەمریكا بۆ خوێندنی ماستەر و یەكێك بووە لە خوێندكارە هەرە سەركەوتووەكانی پرۆگرامەكە و بە خوێندكاری نایاب (گالب المتمیز) هەلبژێردراوە لە لایەن لیژنەكەوە لە دوای گەڕانەوەی بۆ وڵات. بە هۆكاری سەركەوتووییەكەی، راستەوخۆ دوای تەواو كردنی خوێندنی ماستەر، زەمالەی خوێندنی دكتۆرای لە لایەن زانكۆی كالیفۆڕنیا لە لۆس ئەنجلس پێدراوە كە یەكێكە لە ١٠ زانكۆ یەكەمەكانی ئەمریكا. بەسەركەوتوویی خوێندنی دكتۆراكەی لە ساڵی ٢٠١٩ تەواو كردووە لە بواری ئەندازیاری ستڕەكجەر و بوومەلەرزە و گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و وەك مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، كۆلێجی ئەندازیاری، بەشی شارستانی دەست بەكار بووەتەوە. لە ماوەی خویندنەكەیدا چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە لە لایەن لایەنی جیاوازەوە لە ناو ئەمریكادا. 
 
 هەر لە دوای تەواو كردنی خوێندنی دكتۆراكەی، زانكۆی ناوبراو چەندین جار داوای لە د. سامان كردووە كە بۆ خوێندنی پۆست دكتۆرا بگەڕێتەوە بۆ زانكۆكە. لە ئێستادا، ناوبراو بە مۆڵەتی خوێندن لە زانكۆی كالیفۆڕنیا لە لۆس ئەنجلس خەریكی توێژینەوەیە لە بواری پەرەپێدانی چۆنیەتی دیزاینكردنی بینا بۆ بەرگەگرتنی هێزەكانی بوومەلەرزە و زریان. هەروەها، د. سامان بەڕێوەبەری جێبەجێكار و ئەندامی بۆردی چاپتەری كۆردستانی پەیمانگای كۆنكرێتی ئەمریكییە. وەك دیزاینەر و ڕاوێژكار بەشداربووە لە دیزایینكردنی جەندین باڵەخانەی بەرز لە ناو كوردستان و ئەمریكا دا.
 
لەبەر چالاكی خۆیی و كاریگەری توێژینەوەكانی، ناوبراو هەر زوو لە ماوەی خوێندنی دكتۆراكەیدا بانگهێشتكراوە كە ببێت بە ئەندام لە چەندین لیژنەی تەكنیكی بۆ نوسینەوە و پێداچوونەوەی كۆد و ستانداردەكانی پەیمانگای كۆنكرێتی ئەمریكی (American Concrete Institute، معهد الخرسانە اڵامریكی) .شایانی باسە كە كۆد و ستانداردەكانی ئەم رێكخراوە بەكاردێن بۆ درووست كردنی بینا و باڵەخانەكان لە ئەمریكا وزۆربەی وڵاتانی جیهان، بە كوردستان و عێراقیشەوە، بە تایبەتی كۆدی ACI 318 كە بە ناوبانگترین وبەربڵاوترین كۆدە كە بەكار دێت بۆ دیزاین و درووست كردنی باڵەخانەی كۆنكرێتی. لە ئێستادا ناوبراو ئەندامی دەنگدەر و چالاكی حەوت لیژنەیە لە پەیمانگاكە، بەجۆرێك كە گەنجترین ئەندام و تەنها كوردیشە لەو لیژنانەدا.
 
لەبەر ئەو خزمەتە بەرچاو و كاریگەرەی كە ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كردوویەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە بەرەوپێشبردنی دیزاین و هەڵسەنگاندنی بینایی كۆنكریتی، لەلایەن بۆردی بەڕێوەبردنی پەیمانگاكەوە خەڵاتی (دەستكەوتی پیشەیی، الإنجاز المهنیProfessional Achievement )ی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ پێدراوە، كە ساڵانە دەدرێت بە یەكێك یان دوو ئەندامی گەنجی پەیمانگاكە لەسەر ئاستی جیهان. شایانی باسە كە ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٩٧ لە لایەن بۆردی بەڕێوەبردنی پەیمانگاكەوە دامەزراوە بە مەبەستی ڕێزلێنان لە دەسكەوت و بەشداری ئەندامە گەنجە كاریگەرەكانی لە بەرەوپێشبردنی بواری ئەندازیاری كۆنكرێت و پێگەیاندنی نەوەیی تازەدا. بە ئامادەبوونی سەدان ئەندام و سەرۆك و بۆردی بەڕێوەبردنی پەیمانگەكە، لەكۆتا ڕۆژی كۆنفرانسی بەهارەی پەیمانگاكە، د. سامان خەلاتەكەی وەرگرت. بۆ ئەم ساڵ خەڵەتی دەستكەوتی پیشەیی درا بە د. سامان و مامۆستایەك لە زانكۆیەكیتری ئەمریكا.
 
پەیمانگای كۆنكرێتی ئەمریكی (American Concrete Institute) لە ساڵی ١٩٠٤ دامەزراوە. لەو كاتەوە ئەو پەیمانگایە دەسەڵات وسەرچاوەیەكی پێشەنگە لە سەرتاسەری جیهان بۆ گەشەپێدان و بڵاوكردنەوە و دانانی ستاندارد وسەچاوەی زانستی وپڕۆگرامی پەروەردەیی لە بواری دیزاینی ستڕەكچەری كۆنكرێتی و دروستكردنی بینا و مەوادی بینا دا. پەیمانگاكە زیاتر لە (٣٠،٠٠٠) سی هەزار ئەندامی هەیە لە زیاتر لە ١٢٠ وڵاتدا. 
 
لینكی پەیوەست
1. لینكی فایلی پرۆگرامی خەڵاتەكان https://www.concrete.org/Portals/0/Files/PDF/ACI_S22_AwardsProgram_Book.pdf
2. لینكی ناوی وەرگرانی خەڵاتەكە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە https://www.concrete.org/aboutaci/honorsandawards/awards/personalawards.aspx#youngmember 

 

3. لینكی ڤیدیۆیی خەڵاتكراوان لەسەر پەیجی فەیسبووكی پەیمانگاكە https://fb.watch/c64y0Qe66Y/
4. لینكی بۆردی بەڕێوەبردنی پەیمانگاكە https://www.concrete.org/aboutaci/boardofdirection.aspx
5. پڕۆفایلی د. سامان لە لەسەر وێبسایتی ئەی سی ئای، كە ئاماژە بە ئەندامێتی لە لیژنەكاندا دەكات 
https://www.dropbox.com/sh/0n6fgfxc3k3rwzk/AAD0J0nY3LLp17DuRWvYDNX9a?dl=0&fbclid=IwAR2zOHVLt5oBUr7qTDF-TSoX-yHMBiL4dOqhC6gggb6xdw6_oaHSawaiii0&preview=List+of+ACI+Awardees+for+2022.mov




 2022-04-12
 662